ناونیشانی بابەت: زیانەکانی وەستانی زۆر بەپێوە
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
1- ئازار و ئاوسان لە قاچ و قول دا.
2- ھەوکردنی بەستەری بنی پێ (plantar fasciitis)
3- ھەوکردنی ژێی ئەخیلیس کە ئەکەوێتە پشتی قاچەوە (Achilles tendinitis)
4- درووستبوونی دەوالی لە ناوچەی ڕان و قاچەکاندا.
5- درووستبوونی کێشە و داخوران لە ئەژنۆکان دا.
6- درووست بوونی ئازار لەبەشی خوارەوەی پشت.
7- ڕەق بوون و گرژبوون لە ماسوولکەکانی مل دا لەگەڵ ئازار لەشان ومل و قۆڵەکاندا.
8- ڕێگرتن لە جووڵەی خوێن بۆ پەلەکانی خوارەوە.
9- زیادکردنی چانسی درووست بوونی ھەوکردن لە جومگەی ئەژنۆ و حەوزدا.
10- ئازاری ماسوولکەو ھەست کردن بە ھیلاکی.
توێژینەوە تازەکان 2023 سەلماندوویانە کە وەستان بەشێوەیەکی ڕۆتینی و بەردەوام کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر جەستە وەکوو ئەمانەی خوارەوە:
1- زیادکردنی چانسی ڕەق بوونی خوێنبەرەکان (بە تایبەتی لە پیاوان دا) وەلەبەر ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا ئافرەتی تیا نەبووە، نازانرێت تا چ ڕادەیەک کاریگەری ھەیە لەسەر ئافرەت.
2- دەبێتە ھۆی لە دایک بوونی پێشوەختی کۆرپە لە ژنی دووگیان دا ، و دەبێتە ھۆی کەمی کێشی منداڵ کاتێک دایکەکە لە 3 کاتژمێر زیاتر بوەستێت بەسەرپێ وە ھەر جارێک کە ئەوەستیت.
$چۆن وەستانی زۆر کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر لەش و بە چ میکانیزمێک کار دەکات:$
ماسوولکەکان کار دەکەن بۆ پارێزگاریکردن لەشێوازی وەستانی لەش بەشێوەیەکی ڕێک و ڕاست، لە کاتێکدا ئافرەت یاخود پیاو کاتێکی زۆر بەسەر دەبات بە وەستان بە پێوە و ماسوولکەکان وزەکەیان سەرف دەکەن، ھەست کردن بە ھیلاکی دەست پێ ئەکات و پێویستی بە پشوو ...لەکاتی پشتگوێخستنی پشوودا، ھەموو بڕبڕەکانی مل و پشت و جومگەکان ھەتا قاچیش ڕەق دەبن ..
دووبارەبوونەوەی ئەم گرژی و ھیلاکی یە لە ماسوولکەکان بەشێوەیەکی بەردەوام دەبێتە ھۆی پوکانەوەی بەستەر و ماسوولکەو شانە نەرمەکانی لەش.
وەستان بەبێ جووڵە دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی ڕۆشتن و ھاتوچۆی خوێن بۆ ماسوولکەکان و ئەو ماسولکانەی بەرپرسن لەپاڵنانی خوێن بەرەو دڵ لە پەلەکانی خوارەوەدا لە کار دەکەون، بۆیە بۆریەکانی خوێن و خوێنھێنەرەکان دەکشێن و خوێنیان تیا کۆ دەبێتەوە لە م شوێنانەدا، و دەبنە ھۆی ھەوکردن و ئاوسانی پێ و قاچ و قولە پێ، و ئازار دەست پێدەکات لە ماسوولکەکان و وەئەم دیاردەیە زیاتر لە ئافرەتی دووگیان دا دەرئەکەوێت، کە ڕۆشتنی خوێنیش کەم دەبێتەوە بۆ منداڵدان بەھۆی مانەوەو قەتیس بوونی خوێن لە پەلەکان دا کە ئەمیش دەبێتە ھۆی کەمی کێشی منداڵەکە.
$کاریگەری گەرمی چێشتخانە و وەستانی زۆر لەسەر تەندرووستی ئافرەتان و چۆن دەتوانین خۆمان لێی بپارێزین؟$
ئافرەتان کەبەر گەرمی زۆر دەکەون ، شلەمەنی لە لەشیاندا ون دەکەن، لەبەر ئەوە ئەگەری تووشبوون بە وشکبوونەوە زیاد دەکات، وە ڕێژەی شێ زیاد دەکات لە چێشتخانەدا، لەبەر ئەوە ئافرەتان ھەست بە ھیلاکی و ماندووبوون، کەم بوونەوەی تەرکیز، دڵتێکەڵھاتن و ڕشانەوە و گرژی و ڕەق بوونی ماسوولکەکان ڕووئەدات بەھۆی کەم بوونەوەی شلەمەنی وخوێی و ئەلکترۆلایتەکانەوە.
$چۆن پارێزگاری لە خۆمان بکەین؟$
1- خواردنەوەی بەشێکی زۆر لە ئاو و شەربەتە فرێشەکان لەکاتی بەربانگ و لەکاتی پارشێو دا.
2- دوورکەوتنەوە لەسەرچاوە سەرەکیەکانی گەرمی لە چێشتخانەکان دا، واتە ئەتوانیت ئەو کاتەی خواردنت ئامادەکرد بە دیارییەوە نەوەستیت و چەند جارێک بڕۆیت و بێت باشترە لەوەی بە پێوە بوەستی لە نزیکییەوە.
3- دابینکردنی تھویە و ھەوا گۆرکێی باش لە چێشتخانەکاندا.
4- وەرگرتنی پشوو لەنێوان ئیشەکاندا.
5- دانانی کورسییەکی تەندرووست لە چێشتخانەدا، کەی ھەستت بە ماندوو بوون کرد بۆ پشودان.
6- وەرزش کردن لەکاتی ئێش کردندا، کەیارمەتی بنیات نان و بەھێز کردنی ماسوولکەکانی ڕان و قاچ کەیارمەتی سوڕانی خوێن دەدات لە پەلەکاندا.
7- باشتر وایە زەوی چێشتخانە مادەیەکی مەتاتی یاخود نەرم بێت ، یاخود دانانی فەرش لەسەر زەوییەکە، بۆ کەم کردنەوەی فشار لەسەر ماسوولکە و جومگەکان .
8- جووڵەو گۆڕینی شێوازی وەستان بە بەردەوامی بۆ خێراکردنی جوڵانی خوێن.
9- ئەنجامدانی مەساج و شێلان بۆ قاچ و ڕان.
10- لەپێ کردنی گۆرەوی مەتاتی لەکاتی ئیش کردندا بۆ کەم کردنەوەی ئاوسان و دەوالی لە قاچەکاندا. [1]