ماداکتۆ، Madakto، دەڕەشار یان شاری مێژوویی سەیمەرە، (بە فارسی: درەشھر) ، یەکێک لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە لە پارێزگای #ئیلام# ھەڵکەوتووە.
زۆربە دانیشتووانی ئەم شارە و لەکی و لوڕی قسە دەکەن. ماداکتۆ یەکێک لە مێژووییترین شارەکانی کوردستانە و پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە. بە درێژایی مێژوو ئەم شارە چەندین جارە وێران کراوە و دووبارە ئاوەدان کراوەتەوە. لە ھێرشی عەرەب و ئاشوورییەکان دا ئەم شارە چەند جار خاپوور کراوە و سەر نوێ دامەزراوەتەوە. بەپێی بیروڕای شارەزایان، ئەو شارەی کە ئێستا لە ئێران بە دڕەشەھر ناسراوە لەسەر وێرانەکانی ماداکتۆ، پایتەختی ئیلامیەکان ئاودان کراوەتەوە. وا دیارە کە ماداکتۆ یەکەمین شاری ئیلامی بووە کە لە ھێرشی ئاشوور بانی پاڵ دا وێران کراوە. لەسەردەمی ئەخمینیەکان دا ئەم شارە یان بە وێرانەیی ماوەتەوە یان چیتر بایەخی و گرینگایەتی پێشووی نەبوو. بەڵام لەسەردەمی ئەشکانیەکان ئەم شارە دووبارە ژیاوەتەوە و نۆژەن کراوەتەوە وە لەسەردەمی ساسانیەکان دا بە تەواوی ئاوەدان کراوەتەوە و پەرەی سەندووە.
سکە و پارە ئاسنیە دۆزراوەکان لە کەلاوەکانی ماداکتۆ دەگەڕێتەوە بۆ خوسرەوی سێیەم و جێنشینەکانی. ئێستاکە ئەم شارە لە بناری کێو و لە داوێنەی کلاوەکانی شارەکەی سەردەمی ساسانی و لەسەر کەناری ڕووباری سەیمەرە دایە. ئەم شارە لە بواری کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، لەوەڕگە و دارستانەوە زۆر پڕپیت و بەھێزە.
$ھەڵکەوتەی جوگرافیایی$
ماداکتۆ 125 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای ئیلام، واتە شاری ئیلام دوورە و 720 میتر لە ئاستی دەریا بەرزە. ئەم شارە لە بناری کەویرکێو، لە زاگرۆسی ناوەندی دامەزراوە. ئەم ناوچەیە کە جوگرافیزانان، مێژووناسان و شوێنەوارناسان بە دەشتی سەیمرە ناوی دەبەن 1500 کیلۆمتری دووجا یەکێک لە ناوچە مەزنە مێژووییەکانی کوردستانە.
مێژووی ئەم ناوچە دەگەڕێتەوە بۆ دە ھەزار ساڵ لەمەوپێش وە دۆزراوە مێژووییەکانی پشتی بەنداوی سەیمەرە و شوێنەوارگەلی نوێسەنگی ھەتاوەکوو سەردەمی قاجار ئەمە دەسەلمێنێت.
شاری مێژوویی سەیمەرە (ماداکتۆ) کە ئێستا شاری نوێی دەڕەشار لەلایەنی خۆرھەڵاتی و خۆرھەڵاتی باکووری ئەو ئاوەدان کراوەتەوە، بەشێکی زۆری شارەکە لە خۆ دەگرێت وە ئێستا زیاتر لە نیوەی شوێنەوارە مێژووییەکە ماوەتەوە.
شاری کۆنی بەجێماو لە شارستانیەتی سەردەمی ساسانییەکان ھەندێ شوێنەواری مەیدان و خیابان و بازاڕی دانووساتان لە خۆ دەگرێت کە لە ڕووبەرێکی 60 ھێکتاری دا خۆی دەنوێنێت. خانوو و بیناکانی ئەم شارە کە لەسەردەمی ساسانییەکان درووست کراون لە بەرد و گیراوەی گەچ (بەرد و سارووج) پێکھاتوون و ژمارەیەکی زۆرە لە تاقە کەوانییەکان شوێنی ژیانی خەڵکی ئەو ساتە بوونە. لە بەرزاییەکانی نزیک بە ڕووبارەی ئەم شارە مێژووییە کلاوەکانی قەڵایەکی گەورە بەدی دەکرێت کە لەوبەرییەوە شوێنەواری ئاتەشگایەکی ھەمان سەردەم دەبینرێت.
خاکی ماداکتۆ زۆر بەپیتە و ھەر لەبەر ئەمە لە ڕۆژگارانی زۆر کۆنەوە ئەم شارە ئاوەدان بووە و مرۆڤی تێدا ژیاوە. لە ڕاستی دا دوو شاری ماداکتۆ و شیروان گرینگترین شوێنە ھەرەباستانیەکانی پارێزگای ئیلامن.
$بوومەلەرزە (ئەردھەژێن) $
لە پەڕتووکی بوومەلەرزەکانی ئێران (زمین لرزە ھای ایران) باس لە بوومەلەرزەیەک کراوە کە لە ساڵی 258ی کۆچی ناوچەی سەیمەرەی لە ناو بردووە. ھەژانەھێزی ئەم بوومەلەرزە ئەوەندە زۆر بووە کە بە پێی بەراوردەکان لەو کاتە دا 20 ھەزار کەسی کوشتووە. بە وتەی شوێنەوارناسان لە خودی شاری ئێستای ماداکتۆ و ڕێگای ماداکتۆ بۆ گامێشان لە لای ڕۆژھەڵاتی شارەوە، ڕمان و تێکشکانی بەردەکانی ناوچەکە نیشاندەری بوومەلەرزەیەکی زۆر توندە کە بەتەواوی ئەم شارەی وێران کردووە.
$شوێنە گەشتیارییەکان$
دۆڵی بارام
ڕووباری سەیمەرە
کلاوەکانی ماداکتۆ
ئاتەشگای دێی سوورئاوا
قەڵای شێخمەکان
ئیمامزادە باوە سەیفەدین
پردی کۆنی سەیمەرە (دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان)
قەڵای ھاشمئاوا
بەرزاییەکانی کەویرکێو
قەڵای ھەزاردەر[1]