$دوو بەرەی تۆقێنەر$
#ئادەم بێدار#
خوێندنەوەی دووەمی هەمواری پڕۆژەیاسای (بەرەنگاری تووندوتیژی دژی خانمان) لەو ڕۆژانەدا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، خەڵک و پەڕڵەمانتاران لەنێو خۆیاندا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوونە، هەردوو بەرەکەش زۆرترین ترس و دڵەڕاوکێیان لە یەکتر هەیە، ئەو ڕۆژانە هەردوو بەرەکە هێرشی تووند دەکەنە سەر یەکتر. $بۆ نموونە:$
$بەرەی یەکەم:$ وەک بەرەی بەرگریی لە ئایین و بەها و شکۆی خێزان خۆیان دەناسێنن، ئەوان فێمێنیزم و هەڵگرانی ئەو هزرە بە مەترسی گەورە دەبینن لەسەر کۆمەڵگە، بە ئەرکی ئایینی خۆشیان دەزانن هێرش بکەنە سەریان و کۆمەڵگەیان لێ تاو بدەن، ئەمانە چەند نموونەیەکن لەو هێرشانە:
- $مەلایەکی بانگخواز:$داینەسوورەکان دەیانەوێ ڕێز و حورمەت لە ناو خێزانەکان نەمینێ و مەبەستیانە ئافرەتان ببنە کاڵا وەک مۆدێل و لەشفرۆشەکان دانس و ڕەقس و سووک بن لە کلیپەکان و لە بەردەرگەی کافتریاکان خەڵک بۆ کافتریا بانگ بکەن و نێرەگەلەیان بۆ چاک بکەن و زۆر شتی تریش کە نامۆن بە کولتوور و ڕەوشتی جوانی کورد و کوردستان.
- $بانگخوازێکی ئیسلامی:$ دەست خۆشی بۆ تەواوی ئەو پەڕڵەمانتارانەی کە بەرەی گەلی کوردی مسوڵمانیان هەڵبژارد دژ بە یاسای هاوردەکراوی بۆگەناوی دژ بە خێزان کە زۆرینەی ڕەهای پەڕڵەمانتاران پێکدەهێنێت.
- $مەلایەک:$ بەهۆی ڕێکخراوەکانی ژنانەوە هاوسەرگیریی میسیار درووستبوو.
- $بانگخوازێک:$ بە سرووشت سیکۆلار و ڕێکخراوە سیکۆلارەکان لە باتی دانانی چارەسەر بۆ کێشەی سیاسی و ئابووری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی وستەم و خراپەکاری، دێن پەلاماری دروشمە ئیسلامییەکان دەدەن، ڕۆژێک لەچک، ڕۆژێکی دیکە کارکرد بۆ دەرکردنی یاسای تووندوتیژی خێزان، ئایا بەڕاست ئێوە نوێنەری خەڵکن؟ ئەگەر نوێنەری خەڵکیش نین بۆ بە خۆتانی ڕەوا دەبینن سووکایەتی بە دین و هەستی ئەم میللەتە مسوڵمانە بکەن کە زۆرینەی ڕەهایان لەگەڵ بۆچوونەکانی ئێوەدا نین؟!
- بانگخوازێکی دیکە لەبارەی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە خانمان: بۆیە ئەوان خەریکی پڕۆژەی تێکدانی کۆمەڵگە و خێزانی کوردین، نەک ئافرەت.
- ڕۆشنبیرێکی ئیسلامی نووسیویەتی: فێمێنیزمی بۆگەن و ڕێکخراوەکانی ژنان، تا بۆیان بکرێت کچان لە ئایین و خێزان و کۆمەڵگە و کەسوکاریان یاخی و دابڕاو دەکەن، وایان لێدەکەن لە کەسە ئازیز و دۆستەکانی خۆشیان بکەن بە دوژمن، تا ئەو ڕادەی دەستیان بەخوێنیان سوور بێت. هەمووتان تف و نەفرەت بکەن کە جگە لە دەردی سەری و ئازار و ژان و بەدڕەوشتی و تەڵاق و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و قیەمی کۆمەڵگە زیاتریان پێ نەبووە بۆتان.
ئەو بەرەیە کە بەشێکی دیاری ئیسلامگەرا و ئاییندارەکانن، بەرەی دووەم بە هەڕەشە لەسەر خێزان، شووناسی نەتەوەیی و ڕەوشتی کۆمەڵگە دەبینن، بە (دایناسۆر، مەیموون، بەرەڵڵا و ..هتد) ناوزەدیان دەکەن و پێیان وایە ژن دەبێ لەماڵەوە بێت و ئەگەر بچنە دەر و زانکۆ بە سەلامەت دەرناچن!
$بەرەی دووەم:$ خۆیان بە فێمێنیزم و ڕۆشنگەر و هەڵگری مەشخەڵی پێشکەوتن وەسف دەکەن، ئەوان بوونی ئایین و هەڵگرانی پەیامی ئیسلام بەگشتی و ڕەوتە ئیسلامییەکان بەتایبەتی بە لەمپەری گەورەی بەردەم ماف و ئازادییەکان دەبینن و تووندوتیژی دژی مێینە وەک زادەی هزری و بەرهەمی ئەوان دەبینن، هەمیشە بە ئەرکی خۆیان دەزانن خەڵک لە مەترسی ئەوانە هۆشیار بکەنەوە و بۆ ئەوەش زۆر جار هێرشی تووند دەکەنە سەریان، نموونەی ئەو هێرشانەش وەک:
- $خانمێکی فێمێنیزم:$ پەڕتووکێک بەس نییە بۆ نووسینی ئازار و گریانی کچان و ژنانی دەوڵەتە ئیسلامییەکان.
- نووسەرێک: سفوری ئازادییە، باڵاپۆشەکانیش وەک خێو وان!
- خانمێکی فێمێنیزم لەبارەی ئەو خانمانەی بەشداری کێبرکێی فەرموودەیان کردووە: خەریکی چی دەخوێنی و دەنووسی بەو خوێندەوارییەت؟ وا خۆت گرمۆڵە کردووە؟!
- $خانمێکی فێمێنیزم:$ مافی ژن و دین لەگەڵ یەکتر نایەنەوە، زۆربەی مامۆستایانی ئایینی بە ڕێکخراوەکانی بەرگریی لە مافی ژنان و کەسانی چالاک دەڵێن بەدڕەوشت، ئەوە سووکایەتییە بە زۆربەی خەڵک.
- نووسەرێک موسڵمانان بە عەرەب ناوزەد دەکات و دەنووسێت: مێ لەلایان، بۆ ئەوەبوو خەتەنە بکرێت، کەنیزەک بێت، بە گچکەیی مارە بکرێت، دووان و سێیان و چواریان لێ بهێنرێت، سەرجێیی لەگەڵ سەدانیاندا بکرێت. مێ ئەگەر گچکە بووایە، بە نەرمەی ڕانی، خۆیان هێور دەکردەوە، بەڵام لێ نەدەگەڕان وەک سەردەمی جاهیلی، سەری ڕووت بێت، ئاخر دانەپۆشینی سەر، یەکێک بوو لە ئیشە پۆخڵەکانی شەیتان... ئەی عەرەبینە! زەریایەک لە وشە، بەشی باسکردنی شارستانیی ئێمە و دواکەوتووییی ئێوە ناکات. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و کن حوشترەکانتان و لەم دونیا هێندەی پێتان خۆشە، ئاوێزانی ژن و کەنیزەک ببن و لەو دونیایش، لەشکری کوڕیژگە و حۆری، بە ڕیز وەستاون و بە پەرۆشەوە چاوەڕێتان دەکەن. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و کن حوشترەکانتان! بگەڕێنەوە، چیدی نیشتمانی ئێمە پیس مەکەن!
- نووسەرێکی دیکە دەنووسێت: مێردایەتی بەباوەڕی ئەم مەلایانە، تا نزیک (خودابوون) بەرانبەر ژن نزیک دەبێتەوە .. ئیتر ژن هەرچییەک بێت و هەرچییەک بکات لە حیجاب و نوێژ و ڕۆژوو و صەوامی و قەوامی! لە ئەخیر جاردا هەر دەبێت بەدڵی مێردەکەی بێت.. گوێڕایەڵ و بێ ئیرادە و بێ بژاردە و بێ خواست و یست، کەڵەکەی مێردی هەرچییەکی گوت فزەی لێوە نەیەت و چاوشۆڕبێت و بڵێ (بەڵێ جەنابی خۆ بەخودا زان!) .
ئەو بەرەیەش کە فێمێنیزمەکانن بە گشتی، بەرەی یەکەم بە (دواکەوتوو، ژنکوژ، نائەقلانی، ترس لەژن، ئێشکگری ناو گەڵی ژن، کەڵسالارەکان، نەخۆش، خێوەکەی پیرمەسوور، کۆنەپارێز، مێشک وشک و دژە ژن و دژە ئازادی) وێنا دەکەن. بۆ من ئەو بابەتە بەو شێوەیە، جگە لەوەی زۆر خەمناکە، جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە:
$یەکەم:$ ئەو دابەشبوونە ئەگەر سرووشتی، هزری بوایە، بەشێوەیەکی شارستانی گوزارشتیان لەو بۆچوونانەیان بکردبا، نەک هەر ئاسایی بوو، بگرە جێگای دڵخۆشیش بوو، چونکە ئەو کات لەلایەک نیشانەی زیندوێتی تاکی کوردستان بوو، مانای وابوو کە ئێمەش بیر دەکەینەوە، تێروانین و دیدگەی خۆمان هەیە بۆ دۆسیە گرنگەکانی ژیان، لەلایەکی دیکەش ئاستی بەرزی وشیاری و پێشکەوتنی شارستانی هاونیشتمانیانی ئێمەی بەوانی دیکە دەگەیاند، ئەو وێنەیە نیشانی دەدا چەندە جیاوازیش بین لەبیر و بۆچوون، بەڵام دەتوانین بەیەکەوە هەڵ بکەین و دیالۆگێکی شارستانیش بکەین و یەکڕیزی خۆشمان بپارێزین.
$دووەم:$ ئەو هەموو ڕق و ڕقەبەرییە لە یەکدی، هەڵڕشتنی ڕق بەسەر یەکدی، وێناکردنی یەکتر بە دژمن و مەترسی و.. هتد بەڕاستی مەترسییەکی جیددییە لەسەرمان، ئەرێ ئەگەر ئەو دوو بەرەیە بەو هەموو ڕقەوە چۆن دەتوانن بژین؟! نازانم بۆ دەبێ ئەوەندە ڕقمان لەیەک بێت؟ بۆچی ناتوانین ئەو چاویلکە تووندە دابنێین و بە نەرمی سەیری یەکتر بکەین؟ بۆچی ئەوەندە بەدگومانین بەرانبەر یەکتر؟!
$سێیەم:$ ئەرێ کەس نییە لەو هەرێمە درک بە مەترسی ئەو هەموو ڕقە بکات کە لە داهاتوودا بتەقێتەوە، لە نووسین و وتارەوە باز بدات بۆ کردار و بکەوینە گیانی یەکدی؟! ئەرێ ئەو کات کێ قازانج دەکات و براوە دەبێت؟ ئەگەر هەیە بۆچی هەوڵی ڕژد نییە بۆ چارەسەرکردن و خاوکردنەوەی؟
$چوارەم:$ هەر بەراستی سەرقاڵکردنی خەڵک لەو هەرێمە زۆر ئاسانە، هەندێکجار بیر دەکەمەوە و لەخۆم دەپرسم: ئەگەر دوژمنانی دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان بیانەوێ پیلانێکی خۆیان جێبەجێ بکەن چەند سانایە، یەک لێدوان و وروژاندنی یەک بابەتی ئایینی بەسە بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵک سەرقاڵ بکەن و وایان لێبکەن بکەونە گیانی یەکتر، هەر بەرەیە و ئەوی دیکە بە دوژمن دابنێت، لەو کاتەی دوژمنی ڕاستەقینەیان خەریکی کارێکی پیلانگێڕییە دژی هەردووکیان و ئەوانیش لەگوێی گا-دا نووستوون!
$پێنجەم:$ هەردوو بەرەکە بیانوویان خزمەتی کۆمەڵگەیە، یەکەمیان لە ڕێگەی بانگەشەی بەرگریی لە ئیسلام و دووەمیش لە ڕێگەی ماف و ئازادییەکان، هەردووکیش ڕقی خۆیان دەڕژێننە ناو خەڵک، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەیان لە هەردوو بەرەکە خەریکی بزنسن، بزنسێک بەناوی خواو ئەوەی دیکە بەبیانووی دیموکراسی و مرۆڤدۆستی، بەشێکیان لەهەردوو بەرەکە خەریکی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردن، دەیانەوێ لەسەر حیسابی دڵەرواکێی خەلک بگەنە پەڕڵەمان و زۆرترین دەنگ و کورسی ببەنەوە، ئەوەیش مەترسیەکی جدیە لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە، ئاخر کەم نین ئەوانەی لەبنەمادا باوەڕیان بەو درووشمانە نییە کەهەڵیان گرتووە، بەڵام بەدەنگێکی بەرزیشەوە دەیڵێنەوە تەنیا بۆ گەیشتن بەئامانجەکەیان.
$شەشەم:$ نابێ بزنسی بەشێک لە کەسایەتی و ڕێکخراوەکانیش بەرچاو نەگرین، هەندێک لەوانە تاکە خەمیان وەرگرتنی پڕۆژە و کۆکردنەوەی سامان و خۆ دەوڵەمەندکردنە، ئیتر بەلایانەوە گرنگ نییە ئەو کارەی دەیکەن کۆمەڵگە، دۆزی ڕەوای خەڵک و نیشتمان بەرەو کوێ دەبات، لەراستیدا ئەوەیش هەر مەترسییەکی زۆر جیددییە، ئاخر چۆن دەبێ مرۆڤ وا بێ ئەرزش بێت سڵ لە هیچ نەکاتەوە تەنیا خۆی و گیرفانی نەبێت!
لەراستیدا؛ نە ئیسلام وا بێهێز و لەرزۆکە بە فوویەک لەناو بچێت، نە ماف و ئازادییەکانیش ئەوەندە بێبەهان لەسەردەمی پێشکەوتن و کرانەوەدا وا بەئاسانی لەناو بچن. دڵنیام بزنس بەناوی ئیسلام و دڵەراوکێ خستنە ناو خەڵک و هاندانی خەڵکی ساویلکە و بازرگانیکردن بە ئایین، تاوانێکی گەورەیە. پێویستە هەموو ئەوانەی وا مامەڵە دەکەن بوەستن و بگەڕێنەوە بۆ ڕاستگۆییان لەگەڵ خودای خۆیان و تۆماری دوارۆژیان وا قورس نەکەن، هاوکات باری ئیسلامیش وا قورس نەکەن ڕای زانایەک یان فەرموودەیەکی لاواز بێنن و دنیای لێ کاس بکەن گوایە ئیسلام لەمەترسیدایە، پێویستە دەست بگرن بە بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام کە هەمووان کۆکن لەسەری و پارێزگاری لێ بکەن.
هاوکات پێویستە ئەوانەشی بانگەشەی ماف و ئازادییەکان دەکەن ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵکەکەیان و فریویان نەدەن، پابەندیش بن بەو بنەمایانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، ناکرێت تۆ خۆت بە پارێزەری ئازادییەکان بزانیت و ئازادیش تەنیا بۆ ئەوانە بە ڕەوا ببینیت کە دژی ئایینن یان ئایین پەیڕەو ناکەن، ئەوەش دووفاقییە، بەڵکوو ئاییندارەکەش با ئازاد بێت لەو فۆڕمەی بۆ ژیان هەڵیبژاردووە، ناشکرێت شتێک بسەپێنی دژی ئایین و نەریتی زۆرینەی خەڵک بێت، پێویستە ڕیفۆرم بە شێوازێکی گونجاو بکرێت لەپێناو ژینێکی باشتر و هاوتەریب لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی شەریعەتی ئیسلام، بگرە ڕەچاوی ئایینەکانی دیکەش بکرێت کە لە کوردستاندا پەیڕەوکاریان هەیە.
دواجار هەردووکیان پێویستە بەو شێوازی مامەڵەیەیان دا بچنەوە، خەڵکی ئێمە خۆی ماندووە، با ماندووتریان نەکەن، بە شێوازێکی شارستانیی بانگەشە بۆ بیر و ئایدۆلۆژیایان بکەن، ڕێز لە یەکدیش بگرن، یەکدی وەک دوژمن نەبینن، لە بابەتە گشتییەکانیش پانتاییەکی هاوبەش هەیە کە ڕەنگە پەردەی ڕق و دەمارگیری بەر چاوی گرتبن و تائێستا نەیان بینیبێت، پەردەکە لابدەن و پانتاییەکە بیبینن و بەیەکەوە کاری تێدا بکەن. [1]