$دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى یان قەتیسبوون لە تونێلى تاریک$
#ئادەم بێدار#
هەفتەیەک بەسەر بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر بۆ دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى لەدیدارى بەحرێن تێپەڕی، لەوێ کە دیدارەکە بۆ دیالۆگى نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا تەرخان کرابوو، د. ئەحمەد تەیب، شێخى ئەزهەر وتارەکەى قۆستەوە بۆ ئەوەى لە ناونیشانی سەرەکیی دیدارەکە دەربچێت و بانگەواز بکات بۆ دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى.
شێخى ئەزهەر لەو بانگەوازەیدا گوتى: بانگى هەموو زانایانى ئایینى ئیسلامى دەکەم لەسەرتاسەرى جیهان، بە مەزهەب و تایفە و قوتابخانە جیاوازەکانیانەوە، پەلە بکەن بۆ بەستنى دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى، لەپێناو جێگیرکردنى یەکڕیزى و نزیکبوونەوە و یەکترناسین، لەوێدا هۆکارەکانى پارچە پارچەیى و فیتنە و ناکۆکى تایفى وەلاوە بنرێن.
شێخى ئەزهەر بانگەوازەکەى وردتر کردەوە و ڕووى لە زانایانى شیعە مەزهەب کرد و وتی، لەکاتێکدا ئەو بانگەوازە ئاڕاستەى برایانى موسڵمانى شیعە دەکەم، ئامادەیى تەواوى خۆم و گەورە زانایانى ئەزهەر و ئەنجوومەنى حەکیمەکانى موسڵمانان ڕادەگەیێنم، بۆ سازکردنى ئەو کۆبوونەوەیە بە دڵ و دەستى کراوە لەسەر یەک خوان.
ئەو گەورە مەرجەعەى جیهانى ئیسلامى سوننە تەنیا بەوە نەوەستا بانگەواز بکات، بەڵکوو بەدیاریکراوى وەک ئامرازى سەرخستنى بانگەوازەکەش بە پێویستى زانى ئامانجى کۆبوونەوەکە بریتى بێت لە: تێپەڕاندنى لاپەڕەکانى ڕابردوو، بەهێزکردنى کاروبارى ئیسلامى و یەکڕیزى هەڵوێستە ئیسلامییەکان. بۆ ئەوەش پێشنیازیکرد لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار بدرێت بە: وەستاندنى وتارى ڕقەبەرى نێوان هەردوولا، ئامرازەکانى ئیستیفزاز و تەکفیرکردنى یەکتر، تێپەڕاندنى ململانێى مێژوویى و سەردەم بەهەموو شێوە و لێکەوتە خراپەکانیانەوە.
هاوکات شێخى ئەزهەر لەو بانگەوازەیدا بە پێویستى زانى: گوێگرتن بۆ بانگەوازى دووبەرەکى و پارچەپارچە بوون حەرام بکرێت، ئاگادار بن لە نەکەوتنە ناو هاوبەشیى تێکدانى ئارامى نیشتمانەکان، خراپ بەکارهێنانى ئایین لە خۆشکردنى ئاگرى دووبەرەکى نەتەوەیى و مەزهەبى و دەستوەردان لە کاروبارى نێوخۆیى وڵاتان و لێدانى سەروەرییان و داگیرکردنى خاکیان.
$کاردانەوەکان لاوازن$
دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر و تاوەکو ئەم ساتەى وتارەکەم دەنووسم، هیچ ناوەندێکى گرنگى ئیسلامى و سوننە و شیعە پێشوازییان لەو بانگەوازە نەکردووە، بە گەڕانەوە بۆ پێگەکانى فەڕمیى ئەلیکترۆنى ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى ئێراق، هەردوو دیوانى وەقفەکانى سوننە و شیعە لە ئێراق، کۆڕبەندى فیقهى ئێراقى کە وەک مەرجەعیەتێکى سوننەکانى ئێراق تەماشا دەکرێن، لە ئێرانیش ئایەتوڵڵا عەلى خامنەیى، ڕێبەرى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران؛ بۆمان دەردەکەوێت هەموو ئەو ناوەند و مەرجەعە گرنگانە تائێستا هیچیان لەسەر بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر (بە ئەرێ و نەرێ) نەگوتووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
کۆڕبەندى جیهانى بۆ نزیککردنەوەى مەزهەبە ئیسلامییەکان لە ئێران، تاکە دامەزراوەیە لە هەردوو وڵاتى ئێراق و ئێران کە ڕێبەرایەتى شیعە مەزهەبەکانى جیهان دەکەن، پێشوازیى لەو بانگەوازە کردووە، د. حەمید شەهریارى، ئەمیندارى گشتیی کۆڕبەندى نزیککردنەوەى نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان، پاڵپشتیى خۆى بۆ دەستپێشخەرییەکەى شێخى ئەزهەر ڕاگەیاند، لە پێگەى فەڕمیى کۆڕبەندەکەیدا نامەیەکى ئاڕاستەى شێخى ئەزهەر کردووە، لە بەشێکى ئەو نامەیەدا نووسیویەتى: ئامادەیی ئێوە بۆ لەخۆگرتنى ئەو دیالۆگە بە زانا و حەکیمەکانتان، بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەو بانگەوازەتان جیدییە، دەتانەوێ بگاتە ئامانجەکانى بە دڵسۆزى و ڕاستگۆیى مەبەست و نزیکبوونەوەتان لە خودا، ئێمە لە کۆڕبەندى جیهانى بۆ نزیککردنەوەى نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان بەرکار پاڵپشتى خۆمان ڕاگەیاندووە بۆ بانگەوازە شارستانییەکانتان، کە سەرمەشق بوون لەو بانگەوازە بۆ نزیککردنەوەى دڵەکان لە یەکدی و تێپەڕاندنى فاکتەرەکانى دابەشکارى نەتەوەیى و تایفەگەرى و پێشخستنى بەرژەوەندییەکانى ئومەت لەسەر بەرژەوەندییە کەسییە تەسکەکان. ئەمڕۆش ڕایدەگەیێنین هاوئاهەنگیتانین لەو بانگەوازە و هەموو توانامان بۆ سەرخستنى پڕۆژەکەتان دەخەینە گەڕ.
بێدەنگى گەورە مەرجەع و دامەزراوەکانى ئێراق و ئێران لە بەرانبەر ئەو داوایەى شێخى ئەزهەر دواى تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر بانگەوازەکەدا، ئاماژەیەکى دیکەى نەرێنییە بۆ ئەحمەد تەیب، ئەو دواى سەردانەکەى پاپاى ڤاتیکان بۆ ئێراق، بڕیاربوو سەردانى ئەو وڵاتە بکات، سوننە و کوردیش ئامادەیى باشیان بۆ سەردانەکەى کردبوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەکى دڵخۆشکەرى لە ئێراق پێنەگەیشت، بەتایبەتتر لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە، لەبەر ئەوەش سەردانەکەى نەکرد، ئەمەش شکستبوو بۆ ئەو دامەزراوەیەى هەمیشە دەیەوێ وەک مەرجەعى سوننەکانى جیهان ڕۆڵ ببینێت، ئێستاش کاتێک بانگەواز دەکات و مەرجەعە باڵاکان وەڵامى نادەنەوە، جێگاى نیگەرانى ئەو دامەزراوەیەیە، ئاماژەیەکى دیکەیە بۆ شکستى ئەزهەر، بەتایبەتتر من تێناگەم بۆچى سوننەکانى ئێراقیش هیچ کاردانەوەیەکى ئەرێنییان نەبووە.
سەبارەت بە هەرێمى کوردستانیش کە زۆرینەى موسڵمانەکانى سوننە مەزهەبن، پەیوەندییەکى تووندوتۆڵیشیان لەگەڵ ئەزهەر هەیە، تائێستا هیچ یەکێک لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى و یەکێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان بەهیچ شێوەیەک باسیان لەو دەستپێشخەرییەى شێخى ئەزهەر نەکردووە، لە کاتێکدا پێویستبوو نەک هەر پاڵپشتى دەرببڕن، بەڵکوو دەبووایە ئامادەیى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بۆ لەخۆگرتنى ئەو کۆبوونەوەیە نیشان بدەن، بەمەش پەیامێکی دیکەى خواستى کوردستانیان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتى دەدایە هەردوو جیهانى سوننە و شیعە کە زۆربەى جار دەسەڵاتدارەکانیان بوونەتە سەرئێشە و هەڕەشە بۆ سەر کوردستان، هاوکات کوردستانى گەورەش لەنێوانیاندا دابەشکراوە.
$پاشخانى مێژوویى$
لە ڕاستیدا ئەحمەد تەیب یەکەم کەس نییە لە مێژوودا هەوڵى نزیککردنەوەى سوننە و شیعەی دابێت، بەڵکوو ئەو پرسە ڕەهەندى مێژوویى هەیە. جەمالەدینى ئەفغانى (1838 - 1897) ، زانای ڕیفۆرمخوازى سوننە بە یەکێک لەسەرمەشقەکانى دیالۆگى سوننە - شیعە دادەندرێت، ئەفغانى وەک چاکسازێک لە جیهانى ئیسلامیدا دەرکەوت و بانگەشەى گەڕانەوەی دەکرد بۆ قورئان. جیاوازى و دووبەرەکى نێوان سوننە و شیعەشى بە نەخۆشییەکى کوشندەى نێو موسڵمانان هەژمار دەکرد، لەبەر ئەوەشە بانگەوازى بۆ (زانکۆى ئیسلامى) دەکرد وەک فۆڕمێکى کۆکردنەوەى موسڵمانان بە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانیان.
ئەو بانگەشەى نزیککردنەوەى سوننە و شیعە لە یەکتر لەلایەن بەشێک لە زانایانى شیعەوە بۆ وڵاتى میسر و سەردانى سەلیم ئەلبشرى شێخى ئەزهەرى ئەو کات زیاتر چەکەرەى کرد، کاتێک ئەو زانایانە بەتایبەت عەبدولحسێن شەرەفەدین دەستپێشخەرى دیالۆگیان بۆ ئەزهەر کرد و گەنگەشەى چەند پرسێکى پەیوەست بە جیاوازى نێوان هەردوو مەزهەبەکەیان کرد، دواتر سەردانى هەر یەک لە سەید محەمەد حسێن ئالکاشف غیتا لەساڵى 1911، شێخ عەبدولکەریم زنجانى لە ساڵى 1936 و گفتوگۆى لەگەڵ مستەفا مەراغى، شێخى ئەزهەرى ئەوکات لەبارەى باشکردنى پەیوەندییەکانى نێوان موسڵمانان، لەگەڵ ڕۆڵى شێخ محەمەد جەواد موغنیە، مورتەزا عەسکەرى، محەمەد واعیز زادە، چەندین زاناى دیکەش کە ڕۆڵیان بینیى لە بەرەوپێشبردنى نزیککردنەوەکە.
کۆنگرەى قودس کە ساڵى 1931 زیاتر لە 150 کەسایەتى زاناى 20 وڵاتى ئیسلامیدا کۆکردەوە، بە ئامانجى نزیککردنەوەى موسڵمانان لە یەکدی، بەڵام بابەتى ڕووبەڕووبوونەوەى زایۆنیزم باڵى بەسەر کۆنگرەکە کێشا و سەرەنجام هەوڵى لێکنزیککردنەوەکە شکستیهێنا.
سەردان و گفتوگۆکان بۆ ئەو پڕۆسەیە بەرکاربوون و بیرۆکەکە لە گەشەکردندا بوو، ساڵى 1947 کاتێک دامەزراوە - دار-ى نزیککردنەوەى نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان لە قاهیرە دامەزرا، ئەو دامەزراوەیە یاسایەکى تایبەت بەخۆی دانا و گۆڤارێکیشى هەبوو بەناوى (پەیامی ئیسلام) ، دەستەبژێرێکى زاناى مەزهەبە جیاوازەکانى لەخۆی کۆکردبووەوە، کاری بەکۆمەڵى بۆ نزیککردنەوەى سوننە و شیعەى لە یەکدی بردە قۆناخێکى دیکە و بە دامەزراوەیى کرد. ئەوکات مەحموود شەلتوت، کە شێخى ئەزهەر بوو، یەکێک بوو لەزانا چالاکەکانى ئەو پڕۆسەیە، بڕیاریدا بەخوێندنى فیقهى شیعە لە کۆلێژەکانى شەریعەى سوننە مەزهەبەکان، هاوکات فەتواشیدا بەوەى بۆ موسڵمان ڕێگەپێدراو و درووستە هەر مەزهەبێکى ئیسلامى پەیڕەو بکات. ئەمەش ڕەنگدانەوەى ئەرێنى هەبوو لەسەر ئەو پڕۆسەیە.
ساڵى 1990 لەسەر بڕیارى ئایەتوڵڵا عەلى خامنەیى (کۆڕبەندى جیهانى بۆ نزیککردنەوەى مەزهەبەکان لەیەکدی) دامەزرا، ئەوانیش وەک لە پێناسی خۆیاندا یاداشتیان کردووە، کار دەکەن بۆ نزیککردنەوەى مەزهەبەکانى جیهانى ئیسلامى لە یەکدی.
$ئاسۆیەکى نادیار$
لە کاتێکدا ڕیشەى نزیککردنەوەى مەزهەبەکان بەگشتى و سوننە و شیعە لەیەکدی لە سەدەى 19 دەستیپێکردووە، لە ناوەڕاستى سەدەی 20یش قۆناخى گرنگى بڕیوە، لە سەدەى 21یش وا جارێکى دیکە لەگەڵ بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر دێتەوە سەر گۆڕەپانەکە و لە بەردەم ئاڵنگارى گەورەدایە:
- سیاسی: گەورەترین ئاڵنگارى بەردەم ئەو پڕۆسەیە ئەگەر هەمووشى سیاسى نەبێت، سیاسەت پشکى شێرى بەرکەوتووە، ئێستا کاتەکە زۆر جیاوازە لە ڕووى سیاسییەوە، بەو پێیەى ئێستا شیعە حاکم و دەسەڵاتدارە لە ئێراق، ئێران، سووریا، بەشێکى زۆرى یەمەن، هەژموونى بەرچاویشیان هەیە لە وڵاتانى دیکەى ئیسلامى، بەدڵنیاییەوە بانگەوازەکەى ئەزهەر ماناى وەستاندنى فراوانخوازى شیعەیە کە ئەستەمە ئەو ڕەوتە شیعەگەرانەى هەموو توانایان بۆ بڵاوکردنەوەى مەزهەبەکەیانە، وا بەئاسانى بە داوایەکى لەو شێوەیە قایل بن و واز لە شیعەگەرى بێنن.
هەرچى سوننەکانیشە ئەوە لاوازییان لەو وڵاتانەى ناومان هێنان، لەگەڵ دەرکەوتنى محەمەد بن سەلمان و لاوازبوونى پێگەى سەلەفییەت، لەگەڵ لاوازبوونى قاعیدە و داعش و ڕەوتە تووندئاژۆکانی دیکەش ئامادەیى سوننە مەزهەبەکان زیاتر دەکات بۆ ئەو پڕۆسەیە.
- ئایینى: تێگەیشتنى بەشێکى دیارى زانایان بۆ ئایین و بە ڕەوابینینى مەزهەبەکەیان، بگرە کورتکردنەوەى ڕەوایەتى ئایینى تەنیا لە مەزهەبەکەى خۆیان، یەکێکى دیکەیە لەو لەمپەرانە، تێپەڕاندنیشى ئاسان نییە، لەکاتێکدا هەردوولا کەلەپوورێکى دەوڵەمەندیان لە سڕینەوەى یەکتر هەیە لەو مەیدانەدا.
- مێژوویى: ناکۆکى و ململانێى سوننە و شیعە لە دواى کۆتاییهێنان بە شۆڕشەکەى حسێنى کوڕى عەلى لە ڕووداوى عاشوورا ساڵى 680ەوە تائێستا بە هەوراز و نشێوى زۆردا تێپەڕیوە، ملیۆنان خەڵک بەدرێژایى ئەو مێژووە بوونەتە قوربانى، تێپەڕاندنى ئەو کەلەپوورە خوێناوییەش یەکێکە لەو لەمپەرانەى بەردەم پڕۆسەى نزیککردنەوەى مەزهەبەکان لە یەکدی کە کارێکى ئێجگار قورسە.
لەبەربوونى بەرژەوەندى بەهێزى سیاسى و مەزهەبى و ئابوورى و پاشخانى دەوڵەمەندى ئەو ناکۆکییە لەلایەک، سارد و سڕى مەرجەعە باڵاکانى سوننە و شیعەش لەلایەکى دیکە، وا دێتە بەرچاوم پڕۆسەى نزیککردنەوەى سوننە و شیعە، ئێستا لە تونێلێکى تاریکدایە و واینابینم بەو نزیکانە ڕۆشن ببێتەوە. [1]