$بە خەنجەرەکەت بمکوژە بە وشەکەت نا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بە یەک وشە هێزی وشە زۆر بڕندەتر و کاریگەرتر و وێرانکەرترە لە هێزی گوللە. ولیام شکسپیر لە وەسفی وشەدا دەیوت: بە خەنجەرەکەت بمکوژە بە وشەکەت نا
هەموو ئەو جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین و هەموو ئەو مێژووەشی کە تا ئێستا لەگەڵ خۆی هێناوێتی بەهۆی زمانی ئێمە و وشەکانی ئێمەوە درووست بوون. پرسیارێکی زۆرجەوهەریی هەیە کە ناشێت نەیکەین بەوەی ئایا جیهان و دین و مرۆڤ و خودا و بیرکردنەوە بەبێ زمان و لەدەرەوەی وشەکانی ئێمە چ بوونێکیان هەیە؟
هەرلە ڕووی تەرمینۆلۆژییە دینییەکەشەوە گەورەترین و بنەڕەتیترین خاڵی جیاکەرەوەی نێوان فریشتەو مرۆڤ هەر ئەم هێزی وشەیەیە، خودا مرۆڤ فێری وشە دەکات وعلم ادم الاسماء کلها
ئەوەی هەیە لەڕاستییدا زمانی ئێمە درووستیکردووە نەوەک خۆی لە خۆیدا بوونێکی سەربەخۆی هەبێت. دیارە وشەش گەورەترین چەکی ئەو زمانەیە. سنووری بیرکردنەوە و تێفکرینی ئێمە تا ئەوشوێنەیە کە زمان دەتوانێت بیبڕێت، کاتێک کە زمان نەما ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی ئێمە و بیرکردنەوە و ژیان.
زمان تەنیا دۆخێکی میکانیکیی و جوڵەی پارچەگۆشتێکی نێو دەمی مرۆڤ نییە، هەروەک چۆن ئاواز و فۆنەتیکێکی دیاریکراویش نییە بۆ وشە و واژەکان. لە سادەترین پێناسەیدا زمان تێکەڵە و کۆمپلێکسێکە لە کلتوری شێلدراو بە جیهانبینییەکی دیاریکراو بۆ وشەکان.
هەروەک چۆن بیرکردنەوە عەبدێکی گوێرایڵی زمانە، زمانیش بەهەمان شێوە لەژێر هەژموونی تەواوی وشەدایە. جیهان بەهۆی زمان و زمانیش بەهۆی وشەکانی ئێمە درووست دەبن.
سەرەتای هەڵگیرساندنی هەموو شەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی وشەکانی ئێمەن. بەڵێ ئەوە وشەیە پێش گوللەی تۆپ و موشەکە بالیستییەکان یەکەمین شریقەی شەڕ دەستپێدەکات. ئەمڕۆ بۆ درووستبوونی ئاشتیی و هەرزانیی و پێکەوە ژیان ئەوەندە بەسە کەسێکی وەک ڤلادیمێر پوتن بڵێت ئۆکرانیا دۆستی ئێمەیە، تەنیا بەم وشەیە ئەوەی هەیە وەک شەڕ و ماڵوێرانی کۆتایی دێت. کاتێک تۆ دەڵێیت فڵان کەس یان فڵان وڵات دۆستی منە ئیدی خۆبەخۆ ئەخلاق و یاساکانی دێنە مەیدانەکەو ئاڕاستەت دەکەن، ئاشتی و پێکەوە ژیان، هەرزانی و خۆشگوزەرانیی، ڕێزگرتنی دوولایەنە دەبنە تەحسیڵ حاسڵ و ئەنجام. بەڵام هەرئەوەندەی وتت فڵان کەس دوژمنی منە، ئیدی ئەم وشەیە شەرعییەتی ئەوەت پێدەبەخشێت هەموو یاسا و بنەما ئەخلاقییەکان پایەماڵ بکەیت و بیانخەیتە ژێر قۆندەرکانتەوە. هەزار دین گەر لە کارایی تەواویشدا بن ناتوانن پێش بە هێزی ئەو وشەیە بگرن بۆ درووستنەبوونی ماڵوێرانیی و کاولکاریی. ئالیکسەندەر دۆگین عەقڵی داڕێژەری سیاسەت و ستراتیژیی ڤلادیمێر پوتن، بە هێزی ئەم وشەیەیە توانیوێتی ژیری و بیرکردنەوەی سەرۆکی ڕوسیا هاک بکات و نەخشەیەکی دوورمەودای ماڵوێرانیی و کاولکاری وەک ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت پێ سەرڕێ بخات. ئەمە لەکاتێکدایە دۆگین خۆی لە خۆیدا کەسێکی تەواو دیندار و مولتەزیمە.
وشە خاوەندارێتی لە هێزێکی وا دەکات کە دەتوانێت دونیایەکی تەواو دوور و موزەیەف لەوەی کە لە واقیعەکەدا دەگوزەرێت بۆ خاوەن وشەکە و شوێنکەوتوانی درووست بکات. هەرئەوەندەی مرۆڤ وشەی دوژمنی بەکاربرد ئیدی دەتوانێت لە سێبەری ئەو وشەیەدا ڕوبارێک لە خوێن بڕژێت و باکیشی نەبێت. وشە دەتوانێت چاوی مرۆڤ لە دیتنی ڕاستییەکان وەک ئەوەی هەیە ببوێرێت و وەک ئەوەی خاوەنی وشەکە پێی خۆشە ئاڕاستەیان بکات.
لە سادەترین پێناسەی خۆیدا دەتوانم بڵێم مێژووی شۆڕشەکانی ئێمە لە سەدساڵی ڕابردوودا مێژووی خراپ بەکاربردنی وشەن. هەموو ئەوەی لەهەشتا ساڵی ڕابردوودا بەسەر ئەم گەلە دێت وشە لێی بەرپرسە. تەنیا بەکارهێنانی وشەیەکی وەک وشەی جاش بەسبوو بۆ ئەوەی شەرعیەت بداتە هەڵگیرساندنی شەڕێکی ماڵوێرانکەری وەک شەڕی پەنجاساڵەی ناوخۆی شاخ و شاری مێژووی ئێمە و شاخێک لە ئازار و شیوێک لە نائومێدیی و زیاتر لە سی هەزار خوێن بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئەوە وشەیەکە وادەکات وەک حەربامان لێبێت، شیرازە و سەنتەرمان تێکبچێت، بێ جەنبە بین، تا دوێنێ بەغدا تەڵاق بدەین و ئەمڕۆ ملی یەکتر لەسەر گەیشتن بە سەرکردایەتییکردن و پاراستنی یەکپارچەییەوە بشکێنین.
ئەوەی دەمێنێتەوە و بەرگەی زەمەن دەگرێت وشەی باشە نەوەک تۆپ و تەیارە و ئیقتیدار و کورسی سەڵتەنەت و دینبازی. بە زاراوەی قورئان وشەی باش وەک درەختی باشی بەردار، هەرگیز سەنتەری خۆی لەدەست نادات، ڕیشەیەکی بەهێز و وەستاوی هەیە، هەموو بایەک بە ئاسانی بەوجۆرەی کە خۆی دەیەوێت ناتوانێت بیشەکێنێتەوە و خۆنەویستانە ڕاست و چەپی پێبکات، هەمیشە خاوەنەکەی بەهرەدار دەکات لە میوەکەی، ئاشتی و ئارامیی و تێروتەسەلیی دەداتێ. هەر هێزی ئەم وشەیەشە دواجار لە دونیا و لە ڕۆژی دواییشدا خاوەنەکەی ڕزگار دەکات، وشەی خراپیش دەبێتە تەوقێک و دەچێتە ملی خاوەنەکەی دەیکاتە زاڵم، لە دونیای ماڵوێرانیی و لەولاش گومڕا و کوێری دەکات.
ألم تر کيف ضرب الله مثلا کلمة طيبة کشجرة طيبة أصلها ثابت وفرعها في السماء تؤتي أکلها کل حين بإذن ڕبها ويضرب الله الأمثال للناس لعلهم يتذکرون، ومثل کلمة خبيثة کشجرة خبيثة اجتثت من فوق الأرض ما لها من قرار يثبت الله الذين آمنوا بالقول الثابت في الحياة الدنيا وفي الآخرة ويضل الله الظالمين. [1]