کچەکانتان مەشارنەوە، کوڕەکانتان جوان پەروەردە بکەن، ئەمە وتەیەی ئەنشتاینە کە ڕەنگە لای کەسانێک گرنگ نەبێت و پاساوی بێمانایان بۆی هەبێت، بەڵام ئەم وتەیە چ لە ناوەرۆک و چ لە و باکگراوەندەوە کە لە پشت دەربڕینییەوەیە، وتەیەکی ئاسایی نییە، بارتەقای پەڕتووکێک مانای هەیە.
پەرەوەردە بناغەی بیناکردنی بوونە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤە و بەبێ پەروەردە مرۆڤ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەک ڕووبەڕووی ناتەواوی دەبێتەوە، بەڵکوو ڕەنگە لە زۆرباردا ببێتە هۆی بارگرانی چ بۆ خۆی، چ بۆ خێزانەکەی، چ بۆ کۆمەڵگەکەی، بۆیە فەرامۆشکردنی پەروەردەی مرۆڤ، هەنگاوی یەکەمی پاڵنانی مرۆڤە، بەرەو سەرەڕۆیی و تاوان و تێکدانی نەزمە کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە.
ئەگەر خانەوادەکان ڕۆڵەکانییان بە باشی پەروەردە بکەن، ئەوە دەزانن هەموو مرۆڤێک ڕێزی خۆی هەیە و نابێت ئەو ڕێزە لە هیچ بارودۆخێکدا بشکێنرێت، واتە ئەگەر خانەوادەکان ڕۆڵەکانییان باش پەروەردە بکەن، ئەوا لە کاتی بینینی کچێک ئەگەر بێپۆشاکیش بێت، ڕێگە بە خۆیان نادەن بێڕێزیی و سوکایەتی پێبکەن و پەلاماری بدەن، بە تایبەت کچێکی گەنجی وەک ئەو کچەی ڕووداوەکەی گەڕەکی #هوانە#ی شاری #سلێمانی#، کە ڕەنگە دڵخۆشی خۆی لە پۆشینی جلوبەرگێکی کراوەدا ببینێت.
با واز لەوە بهێنین کە ئەو جلوبەرگە چۆنە، کە ڕەنگە زۆربەمان بە شیاوی نەزانین و بۆچوونی خۆمان هەبێت، بەڵام ڕەنگە بۆ کچێکی گەنج پۆشینی ئەو جلوبەرگە مانای تری هەبێت و بەشێک بێت لە و غەریزە گەنجییانەی کە لەو تەمەنەدا بۆ مرۆڤ درووست دەبێت و خۆی وەک شکێنەری دابوونەریت بزانێت، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە تەنیا لە ڕووی جەستەییەوە لە ژن بڕوانێت و هزر و هێزی فەرامۆش بکات، لە ئەنجامدا ئەو جۆرە ڕووداوانە دەخولقێن، کە جگە لەوەی دەبێتە هۆی تێکچوونی نەزمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و نیشاندانی ڕووە تراژیدییەکەی دۆخی ژنان، لە هەمان کاتیشدا هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەهەژێنێت، هەروەها پێویستە ببێتە خاڵێکیش کە ناوەندەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا، بە بەرنامە و ستراتیژییەتی خۆیاندا بچنەوە و زیاتر درک بە و کلێنانە بکەن، کە لە پەروەردەی کۆمەڵگەدا هەیە.
ئەوەی بینیمان ئازاردانی کچێکی گەنج بوو، لە لایەن کۆمەڵێک نێری بەخێوکراوەوە ئەمە ئەو ڕاستییە نیشان دەدات، کە پەروەردە و ئاساییشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکەمان لەژێر مەترسیدایە، خستنەڕووی ڕاستییەکە لە بارەی ئەو نەوەیەی ئێستا، کە لەگەڵ ئەوەی خوێندەوارن و بەشێکی زۆرییان خاوەنی بڕوانامەی خوێندنن، بەڵام نە خوێندن و نە پەروەردەی خێزانی نەیتوانیوە باش پەروەردەیان بکات، فێرنەبوون کە ژن وەک مرۆڤ ببینن و مرۆڤایەتییەکەی بخەنە پێش هەموو ناو و ناونیشانێکی ترەوە، بۆیە لەمجۆرە ڕووداوانەوە بۆمان دەردەکەویت، ئێستا لە هەموو کات زیاتر کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ڕیفۆرمی پەروەردەیی هەیە، چونکە ئەگەر پەروەردە فەرامۆش بکەین، دەبێت چاوەڕێ بێت، کە ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا، لە شارەکانی تری کوردستان ڕوو بداتەوه.
لە ڕووی پەروەردەییەوە، خێزان ئەرکی گەورەی لە ئەستۆدایە، دواتر خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان و کۆمەڵگا، ئەگەر ئەرکەکان وەک خۆیان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا لە ئێستا زیاتر ئاساییشی کۆمەڵایەتی لە لێواری داڕوخان نزیک دەبێتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا درووست دەبیت. [1]
#حەیات مەجید#