#جەمال کۆچەر#:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق ئاماژە بەوە دەکات بابەتی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بە سیاسی کراوە و تا ئەوکاتەی ئێراق بەتەواوی پابەند بوونی خۆی بە بڕیارەکانی ئەمەریکاوە ڕادەگەیەنێت لەبارەی ڕێگەگرتن لە ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ نرخی دۆلار هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایگەیاند: لە ئێستادا ئەمەریکا و بەشێکی دیکەی وڵاتانی ئەوروپاش سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئێراق پابەند بێت بە ڕێگە گرتن لە ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، بە تایبەت وڵاتی ئێران، بۆیە هەتا ئەو کاتەی ئێراق بە تەواوی پابەند بوونی خۆی بۆ ئەو بڕیارانەوە ڕادەگەیەنێت نرخی دۆلار هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا #10-01-2023# بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزاندنی نرخی دینار، بە سیاسی کراوە لە بابەتی ئابووری چووەتە دەرەوە، بۆیە دەبێت حکومەتی ئێراقی و بانکی ناوەندی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم دۆخەی ئێستای بازاڕی دراو بدۆزنەوە و نەهێڵن لەوە زیاتر بەهای دیناری ئێراقی دابەزێت، چونکە دواجار باری سەرشانی هاووڵاتیان گران دەبێت. ئەو کات مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشان دێتە ئاراوە.
وتەکانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق لە کاتێکدایە کە نزیکەی مانگێکە نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرانبەر بە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا. [1]