دکتۆر بێوار خەنسی*
لە ساڵی 1897 و لەسەردەمی عوسمانییەکان ویلایەتی #موسڵ# دامەزرا و شاری موسڵیش پایتەختی بازرگانیی دەوڵەتی عوسمانی بوو بەهۆی ئەوەی کە خاڵی گەیشتنی بازرگانی بوو لەنێوان دەریای سپی ناوەڕاست و هیندستان، نەوت لەو سەردەمەدا کاڵایەکی ناسراو بوو و لەمیانی شەڕی یەکەمی جیهاندا گرنگیی ئەو کاڵایە زیاتر بوو، وێڕای ئەمە موسڵ ناوەندی ململانێی دەوڵەتان بوو لەسەر نەوت، دواتر لە ساڵی 1926 بە بڕیارێکی کۆمەڵەی گەلان ویلایەتی موسڵ بە ئێراقەوە لکێنرا بە ڕەزامەندیی حکومەتی تورکیا لەبەرانبەر ئەوەی کە ئێراق 10%ی داهاتی موسڵ بۆ ماوەی 25 ساڵ بە تورکیا بدات.
زانیارییە سەرەتاییە جیۆلۆجییەکان دەربارەی دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە نەوت و غاز هۆکارێک بوو لە زیاتر وروژاندنی ئاستی ململانێ لەسەر ناوچەکە، نەوت و غاز ببوونە بنەمای هەموو ڕێکەوتننامە نهێنی و ئاشکراکان، لەوانە ( ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ و لۆزان و نەخشەکێشانی سنوورە نێودەوڵەتییەکان) ، ئەنجامی ئەو ڕێکەوتننامانەش بە بێبەشکردنی دانیشتووانە ڕەسەنەکان بوو لە مافی هاووڵاتیبوون، گەلی کوردیش بە درێژایی ئەو ماوەیە قوربانی ئەو ململانێیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانە بوو.
یەکەم: دامەزراوە نەوتییەکان لە پارێزگای نەینەوا
1. (22) کێڵگەی نەوت و غاز هەیە، هەندێکیان دۆزراونەتەوەو بیرەکانی نەینەوای تێدا هەڵکەندراون و بەشێکیشیان دەکەونە ناوچە کوردییەکان.
2. (7) کێڵگەی بەرهەمهێن هەیە، (3) یان لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان: کێڵگەی بەتمە توانای بەرهەمی 1000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، عەین زالە 5000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، سەفییە 4000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، توانای بەرهەمهێنانی هەرسێکیان نزیکەی 10000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەرهەمی ئەو کێڵگانە لە 10ی حوزەیرانی 2014 دوای کەوتنی موسڵ و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە ڕاگیرا.
کێڵگەی سەفییە بە بۆریی 8 گرێ و بە درێژیی 40 کم و کێڵگەی بەتمە بە بۆریی 8 گرێ و بە درێژیی 11 کیلۆمەتر بە کێڵگەی عەین زالەوە بەستراونەتەوە. بەرهەمی ئەو سێ کێڵگەیە بە بۆریی 10 گرێ و درێژیی 31 کم بۆ پاڵاوتگەی کەسکێ دەنێردرێت، پێشتر بەرهەمی ئەم کێڵگانە بە ڕێی هێڵی کەرکووک – جیهاندا دەنێردرایە دەرەوە.
چوار کێڵگەی دیکە هەن، کە سەر بە کێڵگەکانی گەیارەن (گەیارە، نەجمە، قەسەب، باجوان) توانای بەرهەمی کێڵگەکانی گەیارە نزیکەی 20000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوون و لە ئابی ئەم ساڵدا ڕزگارکران. هەروەها چەند کێڵگەی دیکە هەن کە دۆزراونەتەوە، بەڵام بەرهەمیان نییە وەک (عەلان، ئیبراهیم، ساسان، عەتشانە) کە تائێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدان.
3. لەو حەوت کێڵگانەدا غازیش هەیە کە نزیکەی 100-200 پێ سێجای غاز لە هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بەرهەم دێت.
4. (36) پێکهاتەی دیکەی جیۆلۆجی لە پارێزگای نەینەوا هەن کە تا ئێستا توێژینەوەیان بۆ نەکراوە و بنەماکانی گەڕان و پشکنینی بەسەردا جێبەجێ نەکراوە کە زۆربەیان لە ناوچە کوردییەکاندان، چاوەڕوانیش دەکرێت ماددەی هایدرۆکاربۆنی لە زۆربەی ئەم پێکهاتانەدا هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم و یەدەگی نەوت و غاز لە ئێراق و هەرێمی کوردستان، شایەنی باسە یەدەگی نەوت لە پارێزگای نەینەوا بە 3.5%ی کۆی یەدەگی نەوت لە ئێراق مەزەندەدەکرێت کە لە ئێستادا بە 143 ملیار بەرمیل نەوتی خاو مەزەندەدەکرێت.
5. (2) پاڵاوتگەی نەوتی خاو لە پارێزگای نەینەوادا هەن، (پاڵاوتگەی گەیارە) کە لەژێر دەستی داعشدا بوو، توانای پاڵاوتنی 10000 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، نزیکەی 40%ی قیڕ بەرهەم دێنێت و ئەوی دیکەش نەوت و گازوایلە، ( پاڵاوتگەی کەسکێ) کە بە 31 کم دەکەوێتە باشووری کێڵگەی عەین زالە تواناکەی 10000بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. کە 80%ی بەنزین و 20%ی قیڕو ماددەی دیکەیە کە تا ئێستاش لەژێر دەستی داعشدایە.
6. هێڵی هەناردەکردنی نەوت کە بە هێڵی (کەرکووک- جەیهان) ناسراوەو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە دەست پێدەکات تا باشوور بۆ فەتحە ( باکووری پاڵاوتگەی بێجی) کە پشت بە کێڵگەکانی پارێزگای کەرکووک و هەندێکی پارێزگای سەڵاحەدین دەبەستێت، ئەم هێڵە بە تەنیشت زنجیرە چیای مەکحولدا تێدەپەڕێت بەرەو باکووری ڕۆژاوا، تا دەگاتە سنووری ئێراق- تورکیا لە شارۆچکەی زوممار.بەشێکی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە، لەو ناوچەیەدا بەهیچ شێوەیەک تێک نەدراوە، بەڵام ئەوەی لەنێوان ناوچەی فەتحەو کەسکێدایە زۆرجار لەلایەن تیرۆریستانەوە تەقێندراوەتەوە.
هەناردەکردنی نەوت بەو هێڵەدا لەوەتەی ئاداری 2013 وەستاوە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکەو بەهۆی ئەوەی کۆمپانیای نەوتی باکوور توانای پارێزگاری کردنی نەبووە، هەرچەندە زیاتر لە 4000 پاسەوانی دامەزراوە نەوتییەکانی لێیە. توانای هەناردەکردنی نەوتی خاو بەم هێڵە نزیکەی 1.6ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە نەوتی پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەددین و نەینەوای پێدا دەڕوات، لەئێستاشدا توانای بەرهەمهێنانی گشت کێڵگەکانی کەرکووک نزیکەی 500.000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
دووەم: سەرچاوە کانزاییەکان
1. بوونی کێڵگەی میشراق بە 45 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ناوەندی شاری موسڵ، کۆمپانیای گۆگردی میشراق لە ساڵی 1969 دامەزراو لە ساڵی 1971 دەستی بە بەرهەمهێنانی گۆگرد کرد بە بڕی یەک ملیۆن تەن لە ساڵێکدا، قەبارەی یەدەگی گۆگرد نزیکەی 600 ملیۆن تەنە و بەهای ئابووریی نزیکەی 10 ملیار دۆلارە. گۆگرد لە زۆر پیشەسازییدا بەکاردێت، لەوانە (گۆگردی پاککراوە، گۆگرداتی ئەلەمنیۆم، گۆگردی کشتوکاڵ، پەیین، ترشەڵۆکی چڕیی گۆگرد، بۆیاخکاریی، هەڵکۆڵینی بیری نەوت، پیشەسازیی لاستیک، پیشەسازیی پۆڵا. تاد) ، تیرۆریستانی داعش سوودیان لە گۆگردی میشراق وەرگرتووە کە لە کۆگاکانی گۆگرد هەیە بۆ پیشەسازیی تەقەمەنی و بارووت.
2. تایبەتمەندییەکانی جیۆلۆجیی پێکهاتە چینەکان ( چینی بەردەکان) ، وەک بەردی کلس و کاربۆنی و گەچ و مەڕمەڕ و حەلان و قوڕ، ئەمانە سەرچاوەی سامانی سەرەتایی سرووشتین لە پیشەسازیدا، هەندێ پڕۆژەی پیشەسازیی لە موسڵ دامەزراون، وەک کارگەی چیمەنتۆی بادۆش و کارگەی حەلان لە شنگال و هی دیکە.
3. پارێزگای موسڵ بە کانیی ئاوی گۆگردی سرووشتی بەناوبانگە، بە درێژایی ڕێڕەوی حەمام عەلیل و لە تەلەعفەریش کانیی ئاوی گۆگردی سرووشتی هەیە، ئەمانە سەرچاوەی چاکبوونەوەی نەخۆشین، هەروەها دەبنە شوێنی گەشتوگوزاری و تەندرووستی و ژینگە، هاوکات هەزاران دەرفەتی کاری بۆ دانیشتووانی پارێزگای موسڵ دابین کردووە.
سێیەم: سەرچاوەی ئاوو کشتوکاڵ
1. کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوی موسڵ زۆر گرنگە لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و سیاسییەوە، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکانی گواستنەوەو گەشتکردن، بۆیە پێویستە هێزی پێشمەرگە بە تەواوی ئەو شوێنە بپارێزێت، داعش زۆرجار هەوڵی دا دەست بەسەر بەنداوی موسڵدا بگرێت بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتی بەغداو نقومکردنی شارەکانی ئێراق کە دەکەونە باشووری بەنداوی موسڵ. ئەم بەنداوە نزیکەی 13.11ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، کە بە ناوچەی جەزیرەوە بەستراوەتەوە و وزەی کارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێت، بەنداوەکە بنەمایەکی پشتیوانیی و پەرەپێدانی هەردوو لای بەنداوەکەیە، هەروەها پەرە بەو ناوچەیەیە دەدات کە دەکەوێتە ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە. ئەو ناوچەیە کەشوهەوایەکی نیمچەوشکی هەیە.
2. ئاو بۆ ناوچە بەرزەکانی ڕووباری دیجلە دابین دەکات، ئاو بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری کۆدەکاتەوە، ئاو بۆ زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە هەر دوو بەری حەوزی بەنداوەکە دابین دەکات، گەشتیاری و سامانی ماسی و چاککردنی ژینگەش پەرەپێدەدات.
3. ڕووباری دیجلە ئەو ڕێڕەوە ئاوییەیە کە موسڵ بە شەتولعەرەبەوە دەبەستێتەوە کە بە چەند شارێکدا تێدەپەڕێت و بۆتە سەرچاوەیەک بۆ بەنداوەکانی (سامەڕاو کوت) ، هەروەها سەرچاوەی ئاو بۆ ئەو شارو شارۆچکانەی کەوتوونەتە سەر هەردوو بەری ڕووبارەکە. داعشیش هەوڵی دا دوای ئازادکردنی گەیارە نەوتی خاو بڕژێنێتە نێو ئاوی دیجلەوە کە سەرچاوەی ئاوی ملیۆنان کەسە لەو ناوچانەدا.
4. بوونی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 1920 لەلایەن هێزی ئاسمانیی بەڕیتانیا دامەزرا، وێڕای بوونی هێڵی شەمەندەفەر کە لە ساڵی 1940 دامەزرا.
چوارەم: سەرچاوە سنوورییەکان
1. بوونی ئاسنەرێگا کە ناوچەکە بە سووریاو تورکیاو ئەوروپا دەبەستێتەوە، ئەمەش پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە، بنەمایەکی گواستنەوەیە لە پارێزگای موسڵ، پاراستنی زۆر پێویستە، لە داهاتووشدا دەتوانرێت ئەم هێڵە بە پارێزگای دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم ببەسترێتەوە.
2. ڕووبەری پارێزگای موسڵ 25300 کیلۆمەتر دووجایە و سنووری نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ سووریادا، درێژیی سنووری نێودەوڵەتی 605 کیلۆمەترە لەنێوان سووریاو ئێراق لە چوارچێوەی سنووری هەردوو پارێزگای ئەنبارو موسڵ، زۆربەی سنووری نەینەوا لەگەڵ سووریا و لە ڕۆژاوادا لە چوارچێوەی ناوچەی کوردییە کە لایەنێکی بازرگانی و ئابووریی گرنگە، لەگەڵ بوونی چەند کێڵگەیەکی هاوبەشی نەوت لەگەڵ سووریا.
3. پارێزگای موسڵ تا کۆتایی سەدەی بیسستەم سەبەتەی خۆراکی ئێراق بووە، بە حوکمی پێگەی بازرگانی و تایبەتمەندیی کشتوکاڵی و دابینکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، هەروەها ڕێژەی باران و بەفر گونجاوە بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ.
4. پارێزگای نەینەوا زۆر دەوڵەمەندە بە شوێنەوارو شوێنە ئایینییەکان و فرە بەرزی ونزمیی زەوی و کەشوهەواو سامانی سرووشتی و فرە کلتوورو ئایین و نەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی گەشتوگوزارو پێشخستنی ئابووری و دابینکردنی هەلی کارو سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
پێنجەم: سەرچاوەکانی ڕۆشنبیری و شارستانی و مرۆیی
شاری موسڵ ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانستیی گرنگە لە ئێراقدا، بەهۆی مێژووی دێرینی شارستانی و فرە کلتوورو ئایین، هەروەها بوونی زانکۆی موسڵ کە لە ساڵی 1967 دامەزراوەو لە 23 کۆلێژ و لق و 7 مەڵبەندی لێکۆڵینەوە پێکدێت، بە لایەنێکی گرنگ دەژمێردرێت بۆ هەڵسەنگاندن و تەرخانکردنی توانا سرووشتی و مرۆیی وشارستانی بۆ خزمەتی دانیشتووانی پارێزگاکە، لەپێناو سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە کە ماف و دەستکەوتەکانی دانیشتووانەکەی دەپارێزێت کە فرە دیموگرافی و جوگرافی و ئایینی و کلتووری و نەتەوەییە.
شەشەم: پشکی پارێزگای موسڵ لە بودجەی ئێراقی فیدڕاڵی
دوای ڕاگەیاندنی دەستووری تازەی ئێراق، بودجەی پارێزگاکان دەستنیشان کرا لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، نەینەواش کە ژمارەی دانیشتووانی 3.5 ملیۆن کەسە، لە ساڵی 2003وە تا ئێستا پشکی بودجەکەی گەیشتۆتە 10%ی بودجەی گشتی کە دەیکردە 10 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. خراپ بەڕێوەبردنی پارێزگاکان و نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردن و پەرەپێدانی قەزاو شارەدێکانی سەر بەو پارێزگایە بووە هۆی نارەزایی هاووڵاتیان. ئەم داهاتە ساڵانەیە کە بۆ پارێزگاکە تەرخانکراوە هێزێکی ئابوووریی گرنگە لە پەرەپێدانی پارێزگاکە لە سایەی سیستەمێکی ئیداریی دادپەروەر و دامەزراوەی دەستووری و سانسۆریی کە پارێزگاریی لێ بکەن.
دەرهاویشتەو دەرئەنجام
ئەگەر بە خێرایی سەیری مێژووی موسڵ بکەین هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا، دەبینین کە ململانێی هێزەکان لەو ناوچەیە لە برەودا بووە، سامانە سرووشتییەکان بە تایبەتیش نەوت و غاز توخمی سەرەکیی نێوان هێزە ناکۆک و ململانێخوازەکان بووە بۆ دەستکەوتی زیاتری ئەم سامانە، بۆیە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆتە قوربانیی ئەو ململانێی و ڕێکەوتننامە نهێنی و ئاشکراکان، کە لە کۆتاییدا بوونەتە هۆی بێبەشکردنی دانیشتووان لە خێرە سرووشتییەکان. لەم ڕوانگەوە و لە ئێستادا زۆر قسەدەکرێت لە چوارچێوەی ململانێکانی نێوان هێزە ناوخۆییەکان لەلایەک و نێوان هێزە دەرەکییەکان لەلایەکی دیکەوە، قسە لەسەر ئاییندەی پارێزگای نەینەوا دەکرێت، پێش ڕزگارکردنی لە داعش، بۆیە لە سۆنگەی گرنگیی ئابووریی پارێزگاکەوەو بە تایبەتیش لە بواری نەوت و غاز ( ئەم دوو توخمە پێشترو لە ئێستاشدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە دیاریکردنی سیستەمی ئیداری و ناسنامەی ئەم پارێزگایە لە ئاییندەیەکی نزیکداو مێژووش گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە.[1]