ناونیشانی بابەت:خانووەکانی حەسەنلو
$کورتە باسێک لەسەر شوێنەواری #گردی حەسەنلو# و خانووە کۆنەکانی$
ناوە کۆنەکەی گردی حەسەنلو نەزانراوە. گەورەترین شوێنەواری ناوچەی چەمی قەدەرە. لە باشووری دەریاچەی حەسەنلوە لە نزیک #نەغەدە# و لە شوێنەواری گردی حاجی فەیروز نزیکە. هەرچەندە لەسەردەمی چاخی بەردینی نوێوە نیشتەجێ بووە، بەڵام شوێنەوارەکە زۆرتر بە پاشماوەکانی چاخی برۆنز و سەرەتای چاخی ئاسن، ناسراوە. لە ساڵانی نێوان 1956 تا 1977 لە میانەی پڕۆژەی حەسەنلو بەسەرپەرشتی ڕۆبەرت دایسۆن، هەڵکۆڵینی بۆ کراوە. پێشتر لەنێوان 1934 تا 1935 ڕووماڵ و کورت گەڕانی بۆ کراوە. شوێنەوارەکە لە گردێکی 25 مەتر بەرز (قەڵا بووە) و بە گردێکی نزمتر (لادێیەکەی دەوری ئەو قەڵایە بوە) چواردەوری دراوە، پێکدێت. بەشەکەی خوارەوەی زۆربەی گۆڕی مردووە و ڕووبەرەکەی دیار نییە چەند بووە.
پڕۆژەی حەسەنلو بە هەڵکۆڵینەکان لە گردی حاجی فەیروز، گردی دەڵما، گردی پیسدەلی، سێ گردان، گردی دینکا وگردی ئاگرەب، تەواوکاریی بۆ کرا. بۆ 10 وەرز هەر جارەی 3 مانگ هەڵکۆڵینی لێ کراوە. تەواوی شوێنەوارەکە بۆ 10 چین لەسەرەوە بۆ خوارەوە دابەشکراوە. چینەکانی 3، 4 و 7 بۆ چینی وردتر دابەشکران. کۆنترین چینی لە بنی بنەوەیە و لادێیەکی مرۆڤی چاخی بەردین بووە و تەمەنی بۆ 4000 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە.
#تەپەی حەسەنلو# لە دەشتایی ناسراو بە دەشتایی سوڵدوز شان بە شانی شوێنەوارەکانی دیکە، کەلتووری گڵسازیی خۆیان هەبووە. ئەوەی لە تەپکی حاجی فەیروز، پێسدەلی و گردی دەڵما دۆزرانەوە تەواوکەری هەمان کەلتوورن (کەلتووری دەڵما) . گڵسازییەکان هێلی ڕاست و چەپیان لەسەرە، بازنەی بچووک لەنێوان هێڵەکاندا کراوە و هەر یەکەیان خاڵێکی لە ناوەڕاست هەیە. ئەوانە لە چینی 7 بەشی سێیەم بە زۆری دەرکەوتن. لە نیوەی هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین، لادیێەکە گەورە بووە و بەرەو خوارەوە چووە. هەر لەو کاتەدا، شێوازێکی نوێی گڵسازیی ڕەنگ پرتەقاڵی، دەرکەوتووە. لە چارەگی دووەمی هەزارەی دووەم بەر لە زایین، گڵسازییەکانی میزۆپۆتامیای باکوور دەردەکەون، بەڵام هەر لە حەسەنلو درووستکراون.
نزیکەی 1500 ساڵ بەر لە زایین گۆڕانێکی گەورە لە گڵسازیی، ناشتنی مردوو و درووستکردنی خانووەکانیان ڕوویداوە. گڵسازیی ڕەنگی سووتاوی ڕەساسی، ڕەش، سوور و قاوەیی بە چەندان شێوە و جۆر دەردەکەون. لە ناویاندا پەرداخی بە بن، دۆلکە و دەفری قووڵی جیاجیا. لە کۆتایی هەزارەی دووەم، کۆشک و تەلار لەسەر ئەو قەڵایە درووستکراوە. هەرنەبێ یەکیان پەرستگەیەکی 18 بە 24 مەتری 24 کۆڵەکە، بووە.
بەو هەڵکۆڵینانە توانرا وێنەیەکی باش لە ژیانی مرۆڤی کۆن لە چاخی بەردین برۆنز و ئاسن، درووست بکەینەوە. لە هەڵکۆڵینەکانی گردی سەرەکی حەسەنلو لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، دیوار و پێکهاتەکانی سەر گردەکە، کە دەکاتە ناو قەڵایەکی گەورە دەرکەوتن. هەر نەبێ 14 ژووری هەبووە، شوێنی نیشتەجێی دەستەبژێرێک بووە.
لە چینی 2ی چاخی ئاسن، شوێنەواری سووتان و ڕووخان لە نزیکەی ساڵی 850 پێش زایین، بە ئاشکرا دیاربوو. بڕێکی دانەوێڵەی سووتاو لە ناو کوپەڵەدا لە شوێنی ئامادەکردنی خواردن مابوون، هەر لەوێدا ئاگردان و شوێنی هەڵگرتنی خۆراک هەبوون. وادیارە ئەوانەی لەوێدا بوون بە ئاگرەکە گیانیان لەدەست داوە. پارچەی شوێنەواری زۆر وەکوو خۆیان لەو چینەدا مابوون. لەو ڕووداوەدا تەرمی 285 کەس، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، دۆزرانەوە. ئەوەی سووتاوە دەنا دواتر کوژراوە. دوای سووتانی ساڵی 850 پ.ز ماوەیەک چۆڵ کراوە. دواتر پێش هاتنی سەردەمی ئورارتییەکان نیشتەجێ بووە. ئورارتییەکان دیوارێکی نوێیان بە دەوری شوێنەکەدا درووست کردووە. لەوانەیە هەر ئورارتییەکان ئەو قەڵایەیان سووتاندبێ و داگیریان کردبێ.
دوای ئەو ئاگرە شوێنەکە وەکوو خۆی، دیوار لەسەر دیوار درووست کراوەتەوە. لە چینەکانی ژێرەوەدا و لە ساڵانی نێوان 1240 تا 1050 پێش زایین، ئەو شوێنە سووتاوە. بڕێکی زۆر پارچەی گڵسازیی و ئێسقانی مرۆڤ، لەسەر زەوی ئەو چینەدا، پەرش و بڵاو بووبوو. لە ساڵی 1958 بە دواوە، کارەکان زۆرتر لە قەڵای سەر گردەکە چڕ بووەوە. پاشماوەکانی چاخی ئاسن بە باشی دیاربوون. تەنانەت لە بەشەکەی خوارەوە زۆر بابەتی چاخی برۆنز و ئاسن هەبوون، بەڵام دایسۆن هیچ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئەنجامەکانی گەڕان لە خوارەوە بڵاو نەکردووەتەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئاوەڕۆیەکە لە یەکێک لەو پێکهاتانەی سەر گردەکە دۆزرانەوە، ئەو ئاوەڕۆیە 20 سانتیمەتر بەرزە و 29یش پانە.
کۆی دۆزراوەکانی حەسەنلو سەروو 7000 پارچە بوون، لەوانە بەشێکی زۆر لە کەرەستەی نانخواردن، چەک، خشڵی جوانکاریی، پارچە خشتی قوڕی ڕەنگکراو و نەخشێنراو، دەفر و بابەتی هەڵگرتنی شلەمەنی لە قوڕ و ئاسن درووستکراو، پارچە و بابەتی بەستن و بەستنەوەی وڵاخ، قفل و داخەری دەرگە و پەنجەرە و زۆری دیکە. ئەو بابەتانە لە ئاسن، زیو، مس، زێڕ، دار، ئێسقان، شاخی ئاژەڵ، بەرد، شووشە و قاوغی ئاژەڵە بچووکەکان، درووستکرابوون.
دوو بابەت زۆر سەرجڕاکێش بوون. یەکەمیان دۆلکەیەکی زیو بوو، وێنەی سەرکەوتنی جانگێکیلەسەر درووستکراوە تێیدا ئەسپ وعەرەبانەیەکە سەربازێک و جڵەو بەدەستێکی لەسەرە، کۆمەڵێک جەنگاوەر و دیل لە پشتیەوەن. ئەوی دیکەیان دەفرێکی دوو کیلۆی زێڕە وێنەی هەمەجۆرەی ئاژەڵ و ئەسپ و عەرەبانەی لەسەرە. ئەو دوو بابەتە بەشێکی گرنگی مێژووی هونەری مرۆڤایەتیی دەگێڕنەوە.[1]