دکتۆر بێوار خەنسی*
شاری #شنگال# 115کم لە خۆراوای سەنتەری شاری موسڵ-ەوە دوورە و دەکەوێتە ڕۆخایی باشووری شاخی شنگالەوە. شنگال لە ساڵی 1928 بە دواوە کراوەتە قەزا، ڕووبەرەکەی نزیکەی 3188 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ڕووبەری سەنتەری شارەکە لە پانتایی1740کیلۆمەتر پێکدێت، لە ڕووی کارگێڕییەوە چوار شارەدێو نزیکەی 300 گوند لەخۆدەگرێت، ژمارەی کۆی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 412000 هەزار کەس پێکهاتووە، سەرەڕای پڕۆسەکانی بەزۆرکۆچپێکردنی زۆرەملێ و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیاو جیۆگرافیای ناوچەکە، کەچی تا ئێستاش کوردانی ئێزیدی نزیکەی 70% ی دانیشتووانەکەی پێکدێنن، بانەکانی زەوی و دۆڵەکانی لە 300مەتری سەرئاستی دەریا دەست پێدەکات تا دەگاتە بەرزترین شوێنی لە چیای شنگال لە 1456 تا 1463 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە، ناوچەیەکە بە نیمچە وشک ناسراوە، چونکە ڕێژەی بارانبارینی ساڵانەی لە 250 ملم تێناپەڕێت، بەهۆی ئەو وشکەساڵی و دیاردەی خۆڵبارینەی لەم دواییانەدا ڕووی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردووە لە ڕووی باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کاردانەوەی نەرێنی هەبووە بەتایبەت بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە کە بە پلەی یەکەم پشتبەستوو بوون بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵداری، دواتریش بەهۆی فەرامۆشکردنی ناوچەکەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە، هەروەها بەهۆی داپڵۆسین و ترساندن و بەعەرەبکردنکردنی خەڵکە ڕەسەنەکەیەوە لە لایەن ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی ئێراق، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کە بریتین لە کوردانی ئێزیدی هەزاران ساڵە بە خاک و ناسنامەی نەتەوەیی و ئایین و شوێنەوارە مێژوویی و دێرین و سرووتسازیەکانیانەوە هۆگرو پابەندن، وێڕای ئەوەی کە چیای شنگال تژییە لە پێچ و پەنای جیۆگرافیی و ئەشکەوت و کانی و چەمی سرووشتی و بەروبوومی خۆراکی ڕووەکی و سامانی ئاژەڵی، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە قەڵایەکی مەتین و لە ڕووی ئەو هەموو شاڵاوانە خۆڕاگربێت کە دوژمنانی کورد کردوویانەتە سەر ناوچەکە، ئێزیدییەکان بە 74 فەرمان واتە (حەفتاوچوارجار پەلاماردران) ناوزەدی دەکەن و مێژووی ناوچەکەش گەواهیدەری ئەم قسەیە.
بایەخی ستراتیژی دەڤەری شنگال
پێشان دەڤەرەکە لە بەشی خۆراوای دەروازەی شاری موسڵەوە کە بە دەرگای شنگال دەناسرێت، خاڵی پێکگەیشتنی جووڵانەوەی بازرگانی بووە، لەوێوە کاروانسەرای بازرگانی لەنێوان شام و خاکی دوو ڕووبار هەبووە.
بایەخی زیاتری شنگال ئەو کاتە وەدەرکەوت کە هەردوو دەوڵەتی سووریا و ئێراق دامەزرێندران، سنووور و نەخشەی نێودەوڵەتی بە وردی لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا نزیک بەشی خۆراوای چیای شنگال نەخشێندراوە، پێگەی جیۆگرافیی و بەروبوومی سرووشتی و سەرچاوەکانی ئاوو بەرزاییە شاخاویەکان ڕۆڵیان هەبووە لە دانانی نەخشەکەدا، بەو شێوەیە چیای شنگال خراوەتە سەر ئێراق و چیای عەبدولعەزیزیش بەر دەوڵەتی سووریا کەوتووە، لە ڕاستیدا دەرکەوتنی نەوت و غاز لە هەردوو باشوورو خۆراوای کوردستان ڕۆڵی کارایان گێڕاوە لە نەخشاندنی سنوورەکەی نێوان ئێراق و سووریادا، ئەمەش لە لایەن بەڕیتانیاو فەرەنسا بۆ دابەشکردنی دەسکەوتەکانی سەر خاکی کوردستان لەنێوان خۆیاندا ئەو ڕاستەهێڵە دەستکردەیان کێشاوە، کە لە سێگۆشەی سنووری ئێراق و تورکیا و سووریاوە بە ئاڕاستەی دەڤەرەکە درێژدەبێتەوە، ڕەنگبێ ئەو زانست و زانیارییە پێشکەوتووانەی بۆ ناسینی ژێرخانی بەروبوومی سرووشتی ژێر زەوی لە نەوت و غازو گۆکرد ئێستاکە هەیە؛ ئەگەر ئەوساکە هەبووایە، سنووری ناوچەکە بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی ئێستا دادەڕێژرایەوە.
بایەخی ئابووریی دەڤەری شنگال
دەڤەری شنگال بریتییە لە باشووری ئەو سنوورەی بەپێی زاراوەی جیۆلۆجی بە بانە شاخاویەکانی ئێراق دەناسرێت، مێژووی پەرەسەندنی جیۆلۆجی و تەکتونی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، ئەویش بەهۆی پڕۆسەکانی ڕووخان و بوونیادنانەوەو سەقامگیربوون، بە پێی نیشتەنییە جیۆلۆجیەکانی چاخی ئەرودۆفیشیی نزیکەی 490 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، هەروەها بە پێی ئەو نیشتەنییانە تازانەی چاخی چوارینی بەر لە 3 ملیۆن ساڵ، جۆرو قەبارەی توێژ و چینە نیشتەنییەکانی کوردستان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، هەندێ بەردی زەبەلاحی دەریایی لە شنگال ئەستووراییان دەگاتە 6 کیلۆمەترو ئەمەش بە پێی ناوچەکە دەگۆڕدرێت، واتە لە دهۆک حەوت تا هەشت کیلۆمەترو لە هەولێریش لە هەشت تا نۆ کیلۆمەترو لە کەرکووک ئەستووراییە بەردینییەکان دەگاتە نزیکەی دوازدە کیلۆمەتر، هەموو ئەم بارودۆخە جیۆلۆجییانە بوونەتە هۆی پێکهاتنی نەوت و مانەوەی پێکهاتەی جیۆلۆجی ناو کون و کەلەبەری نەوتیی، تۆڕی نەوت و غازیی لە سنووری ئەم پێکهاتانەی چینەکاندا کە ڕۆڵ دەگێڕن بۆ پێکهاتنی بەردی سەرچاوەو بەردی شاردراوەو بەردی داپۆشراو ماونەتەوە کە پێکڕا لە چوارچێوەی سنووری پێکهاتەیەکی دیاریکراودان کە لە شێوەی پێچاوپێچ بەدەرکەوتوون، ئەمانە بە شێوەی گردۆلکەی چیایی لەسەر زەوی قوتبوونەتەوە، هەندێکیشیان بە ئاسانی دیاری ناکرێن بەهۆی ئەوەی بوونەتە بارستاییەک بۆ درووستبوونی حەوزی نەوت و غاز، بە تایبەتیی حەوزی نەوت و غازی کوردستان کە لە خانەقینەوە بەرەو کەرکووک و مەخموورو دیبەگەو عەینزالەو قەرەچوغ و ماردین دەستپێدەکات تا دەگاتە ئامەد بە درێژایی 800 کیلۆمەتر و بە پانایی 50 تا 200 کیلۆمەتر، لە حەوزە بنەڕەتییەکەشەوە چەندین لقی دیکەی لێدەبێتەوە، بەو شێوەیە دەبێتە چەند بەشێک لەوانە حەوزی خۆراوای ڕووباری دیجلە کە پێکدێت لە (بەتمە، عەینزالە، عەلیۆکا تا دەگاتە شنگال) لە 23 پێکهاتەی جیۆلۆجی درووست بووەو لە شێوەی گردو گردۆڵکەی چیاییدایە بە قەبارەی جیاوازو بەرزایی هەمەچەشنەوە، تا ئێستاش کێوماڵی سێ ڕەهەندیی جیۆلۆجیانەی بۆ نەکراوە، چونکە چەندین پێکهاتەی تری شاراوەی ژێر زەوی تێدایەو پڕێتی لە نەوت و غاز، ئەمەش لە ڕووی بایەخی ئابوورییەوە زۆر کاریگەرە، بە تایبەتیی لە خۆراوای دیجلەوە کە دەکاتە دەڤەری شنگال، پێکهاتە جیۆلۆجییەکان کە ژمارەیان 23 دانەیە بەم شێوەیە دابەشبوون، لە ڕووی نەوتەوە بوونەتە سێ گرووپ: شەش پێکهاتەیان دۆزراونەتەوەو غازو نەوتی تێدا بەرهەمدەهێنرێت، هەشت دانەی تریان دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتا هیچی تێدا بەرهەم نەهاتووە، نۆ پێکهاتەشیان هێشتا نەدۆزراونەتەوەو نەوتیان تێدا بەرهەم نەهاتووە.
خەمڵاندنی بەرایی بۆ یەدەگ و بەرهەمی نەوت و غاز
قەبارەی یەدەگی نەوت و گازی ئەو دەڤەرە کوردییەی خۆراوای دیجلە کە پێکهاتووە لە 23 پێکهاتەی جیۆلۆجی، لە میانەی بەراوردکردنی لە ڕووی هەڵسەنگاندنی قەبارەی یەدەگ و بەرهەمەوە بە پێکهاتەکانی بلۆکیی نەوتی هەرسێ پارێزگای هەولێرو دهۆک و سلێمانی و دەڤەری گەرمیان کە ئەوانیش 57 پێکهاتە لە خۆدەگرن، تێکڕایان پێکدێن لە 45ملیار بەرمیل نەوت و نزیکەی5.7ترلیۆن مەتر دوجای غازی هەیە، بەرزبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان بۆ 700 هەزار بەرمیلیش لە ڕۆژێکدا بەو شێوەیە دەکرێت قەبارەی یەدەگی نەوت و غاز لە دەڤەری خۆراوای دیجلە بقەبڵێنرێت بە نزیکەی 10 ملیار بەرمیل واتا توانای بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکداو قەبارەی غازی سرووشتیش نزیکەی 2.3 ترلیۆن پێی دوجا لە غازی سرووشتی هاوتاو گەرم، کەواتە 26% قەبارەی یەدەگی بەرهەمی نەوت و غاز دەکەوێتە دەڤەری شنگالەوە، وەک باسمانکرد لە شارۆچکەی شنگال هەشت پێکهاتەی جیۆلۆجی لەسەر زەوی دەرکەوتن، دیارترینیان لەم شوێنانەدان (چیای شنگال، باکوور- سنونێ، قەحتان، نەدا، ئەشکەفت، هاتف، عەینغەزالە، تەلحەجەر)
پێکهاتەی جیۆلۆجیی چیای شنگال
زۆربەی زنجیرە شاخەکانی کوردستان بە ئاڕاستەی باکووری خۆراواو باشووری خۆرهەڵات درێژ دەبنەوە، جگە لە چیای شنگال کە لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆراوا درێژدەبێتەوە، تا ئەمڕۆش جیۆلۆجییەکان نەگەیشتوونەتە ئەوەی هۆکاری زانستانەی ئەم دیاردە ناوازەو ئاوارتەیە شرۆڤە بکەن، چیای عەبدولعەزیزیش لە خۆرهەڵاتەوە بەرابەری دەبێتەوە کە ئەویش دەکەوێتە هەمان ئاڕاستەی چیای شنگالەوە، درێژیی چیای شنگال 72 کیلۆمەترەو پانایی بریتییە لە 6 کیلۆمەتر، بەرزترین لووتکەی 1463 مەترە لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە، کە چیاکە لە ڕووی جیۆلۆجییەوە بە بانێکی تێکچڕژاو دەناسرێتەوەو لاریی بناری باشووری چیاکە بە 70 پلەی سەدی و بناری باکووریشی نزیکەی 45پلەی سەدیە.
ئەو کەلێن و کەرتە جیۆلۆجیانەی لە بناری چیاکەوە تا ناوەندەی هەن، پێیان دەوترێت (کەلی کەرسی) نزیکەی هەشت پێکهاتەی بەردی هەمەجۆر لە خۆدەگرێت بە زاراوەی زانستی جیولۆجی لەنێوان تازەترین تا دێرینترین تەمەنی جیۆلۆجی دەگیرسێنەوە، ئەو پێکهاتانەی هاتوونەتە سەر ڕووی زەوی بریتین لە (جرێبی، زوبان، سەری کانی، جیدالە، ئاڤانا علێجی، شنگال، شەرانش) تەمەنی ئەو پێکهاتە بەردینیانە لەنێوان چاخی کاینووزوی و سەرەتای چاخی میزوزی واتا تەمەنیان نزیکەی 65 ملیۆن ساڵە، ئەمە وێڕای ئەو پێکهاتانەی تری هەردوو چاخی میزوزی و بالیوزوی کە دەکەونە ژێر پێکهاتەی شەرانشەوە، زۆربەی بەردە سەرچاویەکان و بەردە دڕننەکان و بەردە داپۆشراوەکان چڕی نەوتیان تێدایە، ئەم بەردانەش دەکەونە هەردوو چاخی میزووزی و بالیوزوی) لەچاخە جیۆلۆجییە کۆنەکانەوە نیشتەنی بوون، لەوانەش لە چاخەکانی (تەباشیری و جوارسی و تریاسی و بەرمی و کاربۆنی) .
پێوەندیی ڕاستەوخۆی سیاسەتی بەعەرەبکردن بە نەوت و غازەوە
دەوڵەمەندێتیی خاکی کوردستان بەتایبەتیی ئەو دەڤەرانەی دەکەونە خۆراوای دیجلەوە، لەوانەش شنگال پڕیانە لە نەوت و غازی سرووشتی، هاندەری سەرەکیی ڕژێمەکانی پێشوو بووە بۆ ئەوەی ئەو دەڤەرە کۆچی بەزۆرە ملێیان پێبکرێت یان بەعەرەبکردن بکرێن، تاکو ناسنامەی دیموگرافی و جیۆگرافی و کارگێڕیی بگۆڕدرێت، بە بەردەوامیش چالاکییەکانی توێژینەوەو بەدواگەڕانی نەوت و غازی سرووشتی لەم ناوچەیەدا زۆر بە نهێنی ئەنجامدراون، لەبەر ئەوەیە کە زانیاریی ڕاست و درووستی ورد لە خەمڵاندنی ژمارە ڕاستەقینەکان بە زەحمەت دەست دەکەون کە چەند پێکهاتەی یەدەگی نەوت و غاز لەو دەڤەرەدا هەیە، بەڵام ئەگەر بێت و بەراوردی بکەین بە کێڵگەکانی دەڤەری حەسەکە و عەین زالە– سەفییەو تەلەعفەرو ڕەبیعەو گەیارە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ناوچەیەش چەندە بەنەوت و غازو گۆکرد دەوڵەمەندە ئەمە جگە لە هەندێک کانزای فلزیی پڕ بایەخ.
پڕۆژە پیشەسازییەکانی شارۆچکەی شنگال
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق توانییان کەڵک لە تایبەتمەندێتیی جیولۆجییانەی دەڤەری شنگال وەربگرن، چەند کارگەیەکی وەک کارگەی درووستکردنی چیمەنتۆو درووستکردنی حەلان و بەرهەمهێنانی گەچ، ئەمە وێڕای درووستکردنی سایلۆی شنگال دامەزرێنن، هەروەها حکومەتی ئێراقی لەو پەنجا ساڵەی سەدەی ڕابردوودا توانی شنگال بکاتە ناوچەیەکی سەربازی بۆ حەشاردانی دەیان چەکی قورس و دانانی چەندین فڕۆکەخانەی سەربازی و پێگەی هاویشتنی مووشەکی زەمینی، وەک هەڕەشەکردن بۆ سەر ئەو وڵاتانەی دراوسێ کە لێوەی نزیکن.
چڕ بوونەوەی پەلامارەکانی داعش بۆ سەر کێڵگە و دامەزراوەکانی نەوت و غاز
لێکچوونێک هەیە لەنێوان تایبەتمەندیەکانی پێکهاتەکانی چینە بەردینەکان وئەو سامانە سرووشتییەی تێیدایە لە نەوت و غازو گۆکرد بە درێژایی هەردوو دیوی سنووری نێودەوڵەتیی ئێراق (هەرێمی کوردستان) و سووریا (دەڤەری کوردستانی خۆراوا) ، دەکرێت سەرنج بدەینە کێڵگەکانی عەین زالە عەلیۆکا کە کەوتۆتە بەرانبەر خۆراوای کێڵگەکانی قەرەچوغ ڕمێڵان لەنێوان هەردوو شارۆچکەی زومارو دێرک، هەروەها لەباشووریشەوە دەتوانین سەرنج بدەین لە کێڵگەکانی حەسەکە کە کەوتوونەتە بەرانبەر پێکهاتە جیۆلۆجییەکانی شارۆچکەی شنگالەوە. ئەم تایبەتمەندییە جیۆلۆجییەی کێڵگەکانی نەوت و غازی هەردوو دیوی سنووری ئێراق و سووریا، دیاریکراوترین ئامانجی داعش بوو کە هەر لەسەرەتای پەلامارەکانییەوە، شاڵاوی سەربازی تیرۆریستانەی بۆ بردن، سەرەتا بۆ کێڵگە نەوتی و غازییەکانی خۆراوای کوردستان، پاش ئەوەی لەوێ شکستی خوارد، ئیدی داعش لاوازیی سوپای ئێراقی قۆستەوە و توانی بە چەندین ئاڕاستەی دیکەدا بجووڵێت، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو دامەزراوە نەوتییەکانی پارێزگای نەینەوا، بەو شێوەیە توانی زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان هەر لە حەمرین و گەیارەوە تا پاڵاوتگەی کەسکێی نزیک تەلەعفەر بخاتە بن دەستی خۆی، پاش ئەوەی شاری موسڵی کۆنتڕۆڵ کرد، دواتر کەڵکی بینی لەو سەدان تانک و زرێپۆشە سەربازییانەی کە سوپای ئێراق بەجێی هێشتن، دووبارە ئەوانەی خستەوەکار تا کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی حەوزی عەینزالەو بەنداوی ستراتیژیی موسڵ بکات، هەر بەو چەکە قورسانەوە بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خۆراوای کوردستانیش شاڵاوی بەربڵاوی بردەوە تا کێڵگەکانی قەرەچوق- ڕمێلان و حەسەکە دەست بەسەردا بگرێت، بەڵام لەبەرانبەر بۆردومانەکانی هاوپەیمانان و هێرشەکانی زەمینیی هێزی پێشمەرگەدا خۆی ڕانەگرت و ئامانجەکانی خۆی پێ نەپێکرا، دەرئەنجام لە شارۆچکەی شنگال داعش تێکشکێنراو هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی ڕزگارکردەوەو هێڵی ستراتیژی ناسراو بەهێڵی 47یش کە موسڵ دەبەستێتەوە بە ڕەققەی پایتەختی داعشەوە لەدەست تیرۆریستان دەرهێنرایەوە، کە بە شەقامی شادەماری ئابووری و سەربازیی داعش دادەنرێت.
بەو شێوەیە کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال لێدانێکی گورچکبڕ بوو دژ بەداعش، هەروەها دوورخستنەوەی بوو لە کێڵگەو دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە بەگشتی. لەم دواییەشدا زۆربەی زۆری ئەو تەنکەرە نەوتییانەی کە داعش بۆ گواستنەوەی نەوتی نێوان ئێراق و سووریا بەکاری دەهێنان لەناو بردران کە سەرچاوەی پارە بەدەستهێنانیان بوو، بەهۆیانەوە داعش نزیکەی 10 ملیۆن دۆلاری مانگانەی دەست دەکەوت، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ئەنجامی دزین و داپاچینی پارچە شوێنەوارەکانی مۆزەخانەی موسڵ و شوێنەوارەکانی تری پارێزگاکەدا پارەی تریان دەست کەوتبوو، خوێندنەوەیەکی واقیعانەی ئابووری و ستراتیژیی ناوچەکە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە پێویستە لەسەر هێزە کوردستانیەکانی هەردوو لای باشوورو خۆراوا ئەم تایبەتمەندییەی ناوچەکە بەهەند وەربگرن تا لە هەردوو لاوە دەڤەرەکە بپارێزن و تیرۆرستانی لێ دووربخەنەوە، لەپێناوی ئەوەی ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە شوێنی ئاسایی خۆیان و جارێکی دیکە ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە بۆ خەڵکی ڕەسەنی دەڤەرەکەدا دووبارە نەبێتەوە بەتایبەتیی بۆ کوردی ئێزیدی.
ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دەڤەرەکانی خۆراوای دیجلە (شنگال) دەبنەوە:
1 دەڤەرەکە کەشوهەوایەکی نیمچەگەرمەسێری هەیە، گردوڵکەو بانی نیمچە ڕووتاوەی بێ ڕووەکی تێدایە، جگە لە چیای شنگال، هەروەها زۆربەی جار دەڤەرەکە دەکەوێتە بەر گێژەنگی گێژەڵوکەی بیاباناوی گەرم.
2 کەمیی سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی ( کانیی ئاوی سرووشتی و ڕووبار) بەڵام لە سەرێکی ترەوە دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێر زەوی، بە تایبەتیی لە دەڤەری شنگالدا کە ناسراوە بەوەی چەندین کارێزی ئاویی تێدایە.
3 بەهۆی شاڵاوەکانی بەعەرەبکردن و کۆچی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتووانی ناوچەکەوە لە ماوەی 40ساڵی پێشوودا بەرهەمی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵداری تێیدا کەمی کردووە.
4 پشتگوێخستنی دەڤەرەکە لە لایەن ڕژێمە فەرمانڕەوایەکانی ئێراقییەوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی دانیشتووانەکەی هەردەم بێکارو هەژاربن.
5 ناسەقامگیربوونی دەڤەرەکە بەهۆی ئەوەی کە هاوسنووری سووریایە، ئەمەش هاریکار بووە بۆ بڵاوبوونەوەی چالاکییەکانی تیرۆریستان و کاری ئاودیوکردن و قاچاغچێتی لە لایەن چەندین گرووپی مافیاییەوە.
6 دەڤەرەکە لە پێشوودا بە تایبەتیی چیای شنگال کرابووە بنکەیەکی سەربازیی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکە.
7 هەبوونی کێڵگەکانی نەوت و غاز لە هەردوو دیوی سنووری هاوبەشی نێوان ئێراق و سووریا، کە بە نەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی سووریاو ئێراق ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش هۆیەک بووە بۆ دەربەدەرکردن و دەرکردنی گەلی کورد لە ناوچە نەوتییەکانی هەردوولادا، بەو هۆیەوە ناسنامەی دیمۆگرافی و جیۆگرافیی دەڤەرەکە گۆڕاوە.
8 ناهەمواربوونی باری کۆمەڵایەتی و دەروونی دانیشتووانی ڕەسەنی شنگال کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی 74 فەرمان (جەنگ و ماڵوێرانی) بوونەتەوە، بە پێی ئەو پەندەی دەڵێ مارانگاز لە خشەی مار دەترسێ، بەردەوام ترسێنراون، بەڵام ئەم تۆڵەکردنەوەیەی دوایی کە بووە هۆی ڕزگارکردنی شاری شنگال لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوەو بە پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتی، متمانەی بۆ خەڵکی شنگال گێڕایەوە، ڕۆژی ڕزگارکردنی شنگال کرایە ڕۆژی سەرکەوتن لە لایەن برا ئێزیدیەکانەوە هەروەها بووە ڕۆژی سەرکەوتنی گەلی کوردستان بەسەر تیرۆریستان.
ئاڵۆزی و تێکچڕژاوی ئیداریی درووستکراو لە سنووری قەزاکانی تەلەعفەرو زوممارو شنگال و بەستنەوەی زۆردارەکێیانەی شارەدێی ڕەبیعە کە چەند گوندێکی عەرەبنشینی تێدایە بە تەلەعفەرەوە، ئەمەش بەربەستێکی عەرەبییە بۆ دابڕاندنی شارۆچکەی زوممار لە شنگال، بۆ خۆی بەربەستێکی گەورەیە لە ڕێی بوارەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانیی ناوچەکەدا.
چارەسەرو پێشنیازەکان:
ئەو زنجیرە سەرکەوتنانەی هێزە پاڵەوانەکانی پێشمەرگە وەدییان هێنا بە پاڵپشتی هێزی نێودەوڵەتی تۆماریان کرد، گەورەترین هێزی تیرۆریان لە دنیادا وەدەرنا، هەر لە خۆراوای ڕووباری دیجلەوە تا دەگاتە بەنداوی موسڵ و دواتر تا ناو سەنتەری شنگال، ئەرکێکی گەورەی خستە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێویستە بە هاوکاریی حکومەتی ئێراق و بە پاڵپشتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کارێک بکرێت بۆ پاراستنی ناوچەکەو گێڕانەوەی خەڵکەکەی، ئەوەش بە پێی گرتنەبەری پلانێکی تۆکمە کە تێیدا پشت ببەسترێت بە چەندین بڕگەی ئەرێنی و هەروەها خاڵە نەرێنیەکانی ناوچەکەش لەبەرچاو بگیرێت بەم شێوەیە:
1 داواکارین لە سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتمەند ئامادەبکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەردانی ناوچەکە بکات، لەپێناوی هەڵسەنگاندنی واقیعی ڕاستەقینەی ناوچەکەو دیاریکردنی قەبارەی ئەو زیانە مرۆیی و مادیانەی پێیکەوتووە.
2 گێڕانەوەی ئارامی و ئاساییش بۆ ناوچەکە کە بەهۆیەوە دەبێتە بنەمایەک بۆ کارو جووڵانەوە بەهەموو ئاڕاستەکاندا، لەپێناوی گێڕانەوەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
3 تایبەتمەندیەکانی ناوچەی خۆراوای ڕووباری دیجلەو دەڤەری شنگالیش پێویستی بە پلان و کارگێڕی و بودجەو پارەیە، بە پێی بەرنامەڕێژییەکی ڕێکوپێک تا بە شێوەیەکی هاوچەرخانە ئاوەدان بکرێتەوە.
4 بەشداری پێکردنی خەڵکی شنگال و ناوچەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە هەموو بوارەکانی کارگێڕییدا تا ببێتە زەمانەتێک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاساییش و پەرەپێدان و سەرخستنی پڕۆژە پێشنیازکراوەکانی ژیانەوەی ناوچەکە.
5 بەستنی چەند کۆنگرەیەک لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ئێراقی و نێودەوڵەتی بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ناوچەکە بە کەڵک وەرگرتن لە بنەما ئەرێنیەکانی (سامانی سرووشتی ناوچەکە) لە میانەی داوەتکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان لە کەرتەکانی سامانی سرووشتی وەبەرهێنان بۆ ناوچەکە.
6 گۆڕینی ناوچەی شنگال لە بنکەیەکی سەربازییەوە بۆ بنکەیەکی ئاشتیخوازی بە ئامانجی پتەوکردنی ئاساییش و ئارامی و سەقامگیری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.
7 کەڵک وەرگرتن لە زانست و زانیاری نێودەوڵەتی و هەرێمیی بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی خەڵکی ناوچەکەو گۆڕینی شێوازی بیاباناوی ناوچەکەو گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی ئابووری بەرهەمهێنی کشتوکاڵی و پیشەسازی هەمەچەشنە کە دواجار ببێتە هۆی بووژانەوەی ناوچەکەو پەرەسەندنی لە هەموو بوارەکاندا.
8 کەڵک وەرگرتن لە بەنداوی موسڵ و پڕۆژەی گلدانەوەی ئاودێری تا پڕۆژەیەکی تایبەتمەند بە ئاساییشی ئاویی بۆ ناوچەی خۆراوای ڕووباری دیجلە ڕێک بخرێت، هەروەها پشت بە پڕۆژەی سیستمی دڵۆپاندنی ئاودێری لە بواری کشتوکاڵ ببەسترێت.
*ڕاوێژکاری ئاساییشی ئابووری لە ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان.[1]