#هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد#، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەکەوە ئاڕاستەی سەرنووسەر و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەی #کوردستانی نوێ# کرد و ڕایگەیاند: کوردستانی نوێ هەمیشە سەکۆیەک بووە بۆ گەیاندنی زانیارییەکان.
دەقی پەیامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
سەرنووسەر و ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی نوێ
پیرۆزبایی ساڵیادی دەرچواندنی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە ئێوە و ئێمە و تەواوی یەکێتییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران دەکەم، و هیوای سەرکەوتن و گەشەکردنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
کوردستانی نوێ وەک یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی دوای ڕاپەڕین هەمیشە سەکۆیەک بووە بۆ گەیاندنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان و یەکێکیش بووە لە سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دیارییەکی بە نرخی سەرۆک مام #جەلال تاڵەبانی# بوو بۆ هەموو کوردستان.
کوردستانی نوێ بە حەق کوردستانێکی نوێی لێوە بەرهەمهاتووە و هەمیشە گۆشەیەک بووە بۆ ڕۆشنبیران و دەستەبژێری کوردی بۆ بڵاوکردنەوەی بۆچوون و تێڕوانینەکانیان لەبارەی پرسە جیاوازەکانەوە، هەروەها خاوەنی مێژووییەکی زێڕین و درەوشاوەیە، جێی خۆیەتی بەبیری بێنینەوە کوردستانی نوێ لە 31 ساڵی تەمەنیدا خوێندنگەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران و خزمەتێکی بەرچاوی بەڕەوتی ڕۆژنامەگەری کوردی کردووە.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دەرچووانی یەکەمین ژمارەی کوردستانی نوێ و هەمیشە لە گەشەکردن و نوێبوونەوەدا بن و هەر سەرکەوتوو بن. [1]
هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ک