د. نەسرەدین ئیبراهیم گولى*
سامۆئێل هانتیگتۆن سیاسەتوانى ناسراوى ئەمریکى لە گۆتارێکى خۆیدا لە هاوینى ( 1993 ) چەمکێکى هێنایە نێو جیهانى سیاسەتدا کە بریتى بوو لە ململانێى شارستانیەتەکان کە لە بنەڕەتدا ناوەرۆکى تیۆرێکە بۆ شرۆڤەکردنى جیهانى مرۆڤایەتى لە پاش داڕمانى کۆشکى کۆمۆنیزم و نەمانى سیستەمى دوو جەمسەرى کە بە بڕواى ئه و جیهان لە پاش ئه و قۆناغە تووشى چەندها پێکدادان دەبیتن کە دوو تەوەرى سەرەکى بەخۆیەوە دەگریتن. یەکەمیان سەرهڵدانى هەستە دژە ڕۆژئاواییەکان کە خۆیان لە جۆرى ڕەوتە ڕادیکال و تووندرۆەکان لە جیهانى ئیلامى دا دەبینن، و دووهەمیان سەرهڵدانى هەستە نەتەوایەتیەکانى وڵاتانى ژێر دەستهەڵاتى ئایینەکانى کۆنفۆشیوس و بوودایى دەگەڕێتن ( 2: 300 )، کە لە دوو ئاستدا ڕوودەدەن. ئاستى یەکەم ململانێ لە پێناو داگیرکردن و کۆنترۆڵى خاکى یەکترى ئەنجام دەگیرێتن، کە تیایدا تووند و تیژى بەکار دێتن، و لە ئاستى دووهەمدا ، کە ئاستى گەورەترە، وڵاتانى سەر بە شارستانیەتە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگەى هێزى لەشگەر و ئابوورى دەزگا و پارت و ڕێکخراوە جیاوازەکانیان بخەنە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵى خۆیان و لەم ناوەشدا کاریگەرى لە سەر بەها ڕامیارى و ئایینیەکانیان بکەن ( 3 : 29 ). هانتیگتۆن لە گۆتارەکەى خۆیدا ، کە دوواتر بە شێوەى پەرتووکێک بە هەمان ناوونیشان بڵاو کرایەوە ، بەر لە نزیکەى ( 21 ) ساڵ ئاماژە بە نموونەیەک دەکاتن کە ململانێى نێوان ڕووسیا و ئۆکراینە کە بەتایبەت لایەن و شوێنەکانى وەک دوورگەى کریمە و کەنارەکانى دەریاى ڕەش و چەکى ئەتۆمى و لایەنە ئابووریەکانى پەیوەندار لە خۆى دەگرێ، و ئاماژە بەوە دەکاتن کە ئەم دوو وڵاتە لە نەژادى سلاڤى، و سەر بە لایەنى ئۆرتۆدۆکسى مەسیحیەتن و ئەزموونێکى دوور و درێژى چەند سەد ساڵەیان پێکەوە هەیە، کەچى و سەربارى گفتگۆى بەردەوام و دوو لایەنە نێوان ئه و دوو وەڵاتە و هەروەها سەرکردەکانیان، کەچى تووند و تیژى لە نێوانیان لە ئاستێکى نزمدا بووە ( 3: 38 ). بەڵام ئەمرۆکە و بەتایبەت لە کۆتاى ساڵى ڕابردوو و دەستپێکى ساڵى ( 2014 ) کێشەى نێوانیان کە بەردەوام و لە نێوان تێزەکەى هانتیگتۆن و ئەمرۆ دا، لە دابەزین و بەرزبوونەوە دا بووە، گەیشتووتە گەورەترین ئاستى خۆى و تووندو تیژییەکان بە دەهان کۆژراو و برینداریان لێکەوتووە.
سەربارى سیاسەتى مۆسکۆ ، کە هەندێک لە وڵاتانى پێشووترى سەر بە ڕوسیاى سۆڤیەتى جاران، کە ئەمرۆ هەموویان سەر بخۆیى خۆیان وەرگرتوو، کە ژمارەیەکى زۆرى دانیشتوانیان و بە تایبەتیش ئەوانەى لە کارە تەکنیکیەکان و شوێنە پیشەسازییەکانیان کار دەکەن ، هەلگرى ناسنامەى ڕوسیین و دەستیان بە سەر شوێن و دەزگا هەستیارەکاندا گرتووە، کە ئەم وڵاتانەى بەناو سەربخۆ ناتوانن بە ئاسانى دەستیان لێ هەڵگرن و ئەمە بۆ وڵاتى ڕوسیا دەستکەتێکى مەزنە کە لە لایەک وەک کارتێک فشارن بە سەر ئەم وڵاتانە و لە لایەکى تریش وەک دەستى کارن و بۆ وڵاتى ڕوسیا سەرچاوەیەکى ئابوورین. هەروەهاش بەهۆى ئەزموونە هاوبەشەکى ئەم وڵاتانە، هەر لە سەرەتاى دروستبوونى ئەم وڵاتە پان و بەروونە ، هەر لە سەدەى شانزدەهەم، و بەتایبەتیش لە ماوەى جەنگە دوور و درێژەکانى نێوان وڵاتى ڕوسیا و پاشایەتى ئێران و تورکە ئۆسمانیەکان و هەروەهاش بەتایبەت لە دەستپێکى سەدەى بیستەم و ڕابردوویەکى هاوبەشى ژێر ڕکێفى سۆشیالیزم کە نزیکە هەفتا ساڵى خایاند، هەوڵدەداتن کە ئەم ئەزموونە و خاڵە هاوبەشانە وەک کارتێکى فشار بۆ سەر سیستەمى بەڕێوەبردنى ئەم وڵاتانە لە لایەک و پێکهاتە سایکۆسۆسیۆلۆژیکى تاکەکانى بقۆزێتەوە و هەموویان لە ژێر چەترى چەندین هاوپەیمانى کۆبکاتەوە، و مەبەستى سەرەکیشى پاراستنى هەیمەنتى جارانى ( USSR ) ، کە ئارمانجێکى ئەم هەوڵانە دەبیتن لە لایەک بەوە شرۆڤە بکرێتن کە هێشتان جەنگى ساردى نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کۆتایى پێنەهاتووە و بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە کێشە و ئالۆزییە سیاسیەکانى جیاوازى جیهانە کە ، ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پەیوەندیان بەم بابەتەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیاى فیدرال بە بەستنەوەى ئه و جۆرە هاوپەیمانەتیە هەوڵ ئارمانجێکى تر بپێکێتن کە ئەویش ڕێگەگرتنە لە پەیوەندیکردنى ئەم وڵاتانەیە بە پەیمانى ئەتلانتیکى باکوور ( ناتۆ ) و تەنانەت ڕۆژئاوا و ئەمریکا.
هەڵبەت خاڵە هاوبەشەکانى کەلتوورى و فەرهەنگى و سایکۆ-سۆسیۆلۆژیکەکانى گرێدراو بە ئەزموونێکى هاوبەشى دوو لایەنە و بەتایبەتیش لە هەر دوو جەنگى جیهانى یەکەم و دووهەم و هەروەهاش قۆناغى هاوبەشیان لە ماوەى جەنگى سارد و جیهانى دوو جەمسەرى و بلۆکەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و یەک ئایینى و یەک نەژادى نەتەوەیى نێوان ڕووسیا و ئۆکراین کاریگەرییەکى بەهێزى هەبووە لە ڕَاگرتنى بالانس و هاوسەگى نێوان خۆ بەستنەوەى ئەم وڵاتە بە هاوپەیمانیەتى ڕووسیاى فیدرال، بەڵام پرسیار لەوە دایە کە لە سەردەمى ئێستا دا و پاش نەمانى سیستەمى دوو جەمسەرى و جەنگى بەناو سارد و سەرهەڵدانى تەوژمى بەجیهانیبوون ( Globalization ) ، کە لایەنە ئابوورییەکەى ڕەهەندێکى بەرچاوییەتى، ئایا لە وڵاتێکى وەک ئۆکراین ، تاک بیر لە پاراستنى سنوورەکانى کەلتوورى و فەرهەنگى و کۆمەڵایەتیەکانى خۆى دەکاتن و وەک جاران وەک پاشگرێکى سیاسەتى ڕووسیا دەمینێتەوە یان سروشتى سایکۆلۆژیا و مێنتالیتەى ئەم تاکە گەیشتووتە ئاستێک کە هانیبداتن بۆ گەڕان بەدواى ئەلتێرناتیڤ و فاکتەرى ترى وەک لایەنى ئابوورى و کۆنکرێت و بژێوى تر ؟
هەڵبەت وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە پێویستى بە شرۆڤەکردن هەیە، چونکە هەوڵى وەڵاتى ترى وەک گۆرجستانیش بۆ هەمان مەبەست و گەیشتن بە کەنارەکانى ئارامى و ئاسوودەیى و ئاسایێشى سایکۆلۆژى لە ژێر هزر و بیر و باوەرەکانى میخائیل ساکاشفێلى بە ئاکامى خۆى نەگەیشت و بە تووندى بەرپەرچدران، کە دەیەویست لە ڕێگەى خۆ نزیککردن لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمەریکا له و قەیرانە ئابووریە قۆرتال ببیتن کە سالەهاى ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێ. کەچى ڕووسیا و هێزە لەشگەرى و سیاسیەکەى گەورەتر بوو لەوەى کە ئەم دەرفەتە بۆ گۆرجستانیەکان بڕەخسێ و ئەم بیرۆکەیە زیندە بە چاڵ بوو. بەڵام سەبارەت بە ئۆکراینیش بە هەمان شێوە، و هەرچەندە کە ئۆکراین یەکێکە لە وەڵاتانى دەوڵەمەندى جیابووە لە ڕووسیاى جاران، بەڵام دیسانەوەش خولیاى گەیشتن بە ئاواتێک کە کە بریتیە لە دەربازبوون و قۆرتالبوونى سیاسى و دەرچوون لە بازنەى بەهێزى ڕووسیا و پەیوەندیکردن بە ئەوروپاى ڕۆژئاوا و بلۆکى ناتۆ و بگرە ئەمریکیەکان هێشتان لە ناخ و دەروونى تاکى ئۆکرانى دەخوڵێتەوە و هەموو تووند و تیژییەکانى هێزى لەشگەرى و فشارەکانى ڕاپرسیەکانى وەرگرتنى سەربخۆیى هەندێ پارچەکانى وەک دوورگەى کریم کە زۆرینەیەکى مۆسلمانى تەتەر بخۆیەوە دەگرێ و ۆر فشارى تریش نەیتوانیوە، هێزى پۆڵاینى تاکى ئەم وڵاتە بۆ گەیشتن بە دەستکەوتە مادى و کۆنکرێتەکانى کە خۆى لە سوودوەرگرتن لە هاوکارییە مادییەکانى ئەورۆپایى ڕۆژئاوا و پێشکەوتوو وەربگریتن، کە وەک سایکۆلۆژیستى بەناوبانگى ئەمریکى ئابراهام ماسلو لە تیۆرە پەییژەییەکەى خۆیدا لە سەر پێداویستیەکانى ( needs ) مرۆڤەکان، ئاماژە بە گرنگى لایەنە مادى و بایۆلۆژییەکانى ئەم پێداویستیانە دەداتن و ئەوان لە چاو هەندێ لە پێدواویستیەکانى وەک لایەنەکانى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و فەرهەنگى بە گرینگتر دەزانیتن. بەواتایەکى تر لایەنەکانى هاوبەشى وەک ئایین و نەژاد و فەرهەنگ و ئەزموونى هاوبەش لە ساڵانى جەنگ لە دژى نازیستەکان و ڕۆژئاوا و ئەمریکیەکان لە بەرامبەر پێداویستیەکانى مادى و ژیانەوەیى بۆ دەستەبەرکردنى ئارامى و ئاسوودەیى و ئاسایێشى سۆسیۆ- سایکۆلۆژیک بۆ تاک و کۆمەڵگاى ئۆکرانى بەگرینگتر دەزانرێتن، کە تاکى ئۆکرانى ناتوانێ بە ئاسانى دەستبەردارى ببێ و هەموو گۆشارەکان و هەڕەشەکانى کە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتن بە ئاسوودەیى و ژیانێکى شایستەى سەردەمیانە بە گیان وەردەگرێتن بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، و بەهۆیەوە دەستبەردارى هاوڕێى دێرینى چەندەها سەد ساڵەى خۆى دەبێ. هەرچەندە کە کێشەى نێوان ڕووسیا و ئۆکراین لەمەر دوورگەى کریمە کۆنە و چەندین جار بێ ئاکام ماوەتەوە ، بەڵام لە هەمان کاتدا نەتوەى ئۆکرانى گەیشتووتە ئه و بڕوایە کە لە سەردەمى بەجیهانیبووندا، کە سنوورەکان نەماون و جیهان وەک دەڵێن بووەتە گۆندێکى گەورە، فاکتەرى ئابوورى ڕۆلێکى گەورە دبینیتن لە دابینکردنى ئاسایێشى سایکۆلۆژى و لە دواییشدا ئاسایێشى کۆمەڵایەتى و نەتەوەیى.
ئەم ئەزموونە ئه و ڕاستیەمان بۆ دەردەخاتن کە ئێمەى کوردیش بۆ چارەسەرکردن و دابینکردنى ئاسایێشى سایکۆ-سۆسیۆلۆژیک وەک چۆن ماسلو لە تێزە سایکۆلۆژیکەکەى خۆیدا بۆى دەچیتن لە دەستپێکەوە پێویستى بە دابینکردنى پێداویستیە هەرە سەرەتاییەکانى بایۆلۆژیکى و مادییەکان دەداتن، تاکو لە ڕێگەى ئەوانەوە، وەک چۆن ئاکرەیى ( 2013 ) بسپۆرى یاساى نێودەولەتى ئاماژەى پێدەداتن بۆ دابینکردنى ئاسایێشى نەتەوەیى ، کورد پێویستى بەوە هەیە کە فاکتەرە ستراتێژییەکانى ئابوورى و ئینجا سیاسى لەبەرچاو بگریتن، و هەر ئەم فاکتەرانەیە کە دەبنە بنەما بۆ سەقامگیرى و هاوکارى هاوبەش بۆ خزمەتى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لە سەر ئاست و چوارچیوەى هاوسەنگى هەرێمى و پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ بە گشتى ( 1: 31 ).
ئەمرۆ کوردستان وەک زۆربەى وڵاتانى دراوسێ و جیهان بەگشتى ، ڕووبەرووى تەوژمى ڕەوتە ڕادیکالى و تووندرۆەکانى دەمارگیر بووە کە خۆیان لە شێوازى جیاوازى تیرۆریزمدا دەنوێنن و هەڕەشە لە بوون و ئاییندەى تاکى کوردى و نەتەوەکەمان دکەن ، کە ئەمە خۆى یەکێکە لە مەترسیە هەرە بەهێزەکانى تیرۆریزمى جیهانى و ناوچەیى بۆ سەر کورد، کە دەخوازیتن لە ڕێگەى گرتنە بەرى سیاسەتێکى هۆشیارانە و ستراتێژیک کار بکاتن بۆ دابینکردنى پێداویستیە هەرە سەرەکى و سەرەتاییەکانى مادى / کۆنکرێتى مرۆڤایەتى بۆ تاکەکان کورد و لە دواییشدا مسۆگەر و گەرەنتى کردنى ئاسایێش و ئارامى سایکۆ-سۆسیۆلۆژیکانە ، کە ئەمان بناغەى سەقامگیرى و ئارامى و ئاسایێشى نەتەوەیین، و پێشکەوتنى خودى و کەسایەتى و لە دواییشدا کۆمەڵایەتى و نەتەوەییش لە سایەى ئەم جۆرە ئاسایێشە دێتە دى و پاش بەدەستهێنانى خود ( self-actualization ) لە لایەن تاک و کۆمەڵگاى کوردەوارى، ئینجا دەتوانرێتن بەشدارى لە دابینکردنى ئاسایێشى جیهانى و پێشکەوتنى شارستانیەت بەشدار ببیتن و ببیتە لایەنێکى بەهێز و دیار لە نەهێشتنى تیرۆریزمى جیهانى و ناوچەیى و ئاوەدانى جیهانیش بەندە بەم ئامانجە، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یەکە هەنگاوەکانى خۆى بەره و ئەم ئارمانجە هەوڵى سەربەخۆییەکى ئابوورى دەداتن، کە مافێکى ڕەواى نەتەوەیى کوردە بەره و ئاییندەیەکى پرشنگدار بزاڤ بکاتن.
ژیَدەرەکان:
1- ئاکرەیى، نەژدەت ( 2013). کێشەى کورد و سیاسەتەکانى ئاسایێشى نەتەوەیى- تورکیا وەک نموونە، گۆڤارى گۆڵان، ژمارە ( 955 )، لە ( 2/12/2013)، ل.ل. ( 30-31).
2 - گلوعى، محمود ( 1390 ). فرهنگ جامع سیاسى، نشر علم، تهران. : 3 . Huntigon S.Ph.( 1994 ). The clash of civilizations. Jurnal forign affairs,Vol.72,No.3.,pp.22-49.
*بسپۆرى پێداگۆگى و سایکۆلۆژى/ زانستگەى زاخۆ.[1]