د. نەسرەدین ئیبراهیم گولى*
یەکێک لە چەمکە دیارەکانی تیۆری فرۆید گرێ دەروونی (complex) ، لەنێوانیشیان دا گرێی ئۆدیپە (Odipos) ، کە بۆ چیڕۆکی پاشایانی یەونان دەگڕێتەوە و فرۆید لە تیۆریەکەی دا سوودی لێوەرگرتووە، و ئاماژە بە ململانێیەکی نەستی لەنێوان کۆڕ و باوک دەداتن، کە فرۆید بە ڕوانگەیەکی سێکسی لێکیداوەتەوە. لە دیتنی فرۆید دا، ھەمیشە باوک بۆ کۆڕ سەرچاوەی کێشە بووە، بۆیە ھەوڵی ئەوەی داوە لە دژی بوەستێ. سەرەڕای ئەوەی کە ھەندێ زانا بیروباوەڕکانی فرۆید لەو بارەوە بە گۆمانەوە تەماشە دەکەن، بەڵام دەکرێ ئەو دۆخە لە زۆرێک لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو کەسە، و بە تایبەت ئەوەی بەندە بە باوکسالارییەوە ھەست پێبکرێتن.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە، باوک، سەرچاوەی ھێز و بەربەستە لە بەردەم ئارەزوو و ویستە لەبن نەھاتووەکانی کۆڕ، و ئەویش ھەر دەرفەتێک دەقۆستەوە بۆ بەرنگاریی. بۆ کۆڕ وەک تاکێک، و ھەندێ لە مرۆڤە نەئاساییەکان وەک زۆر تاک، لە کۆمەڵگا دا، زۆر شت ھێمای باوکن، و لەوانەیە حکومەت یان قوتابخانە یان بەڕێوەبەر یان سەرکردەیەک یان لایەنێکی دیاریکراو بێ، و دژایەتیکردنی لەلایەن کەسەکەوە ھەمان بەردەوامی ئەو گرێ دەروونیەیە.
ئەوەی ئێستا لەلایەن ھەندێ کەسەوە دەبینرێتن کە دژایەتی #ڕیفراندۆم#ی سەربخۆیی کوردستان دەکرێ بەشێکە لەو گرێ سایکۆلۆژیە، کە بۆ ئەو کەسانە ئەو کوردستان و بەدەوڵەتبوونی، ھێمای باوکێکە کە دەبێ ئەوان دژایەتیی بکەن، وەک بەشێک لەو بیروباوەڕ ئاڵۆز و دۆخە ناڵەبارەیە، کە تیایدا ئەو تاکە ناتوانێ لە سنووری ئەو نموونە ھزری و ھەستەوەری و مێنتالیتەییە دەربچێ و بە شێوازێکی تری ئاسایی و سرووشتی ڕەفتار بکاتن. لەکاتێکدا کە دوور نییە ئەو ئەو پەڕی نادادپەروەری بێ، و بەپێچەوانەی بیروباوەڕەکانیان ئەو دەوڵەتە سەرچاوەی زۆر دەستکەوت بێ، و ئۆمێد و خوێنێکی تازە و نوێتر بخاتە نێو ھەناو و دڵ و دەروونە ماندووەکەی کوردستانیان.
سەرچاوە:
1- پورآفکاری . ن. (1380) . فرھنگ جامع ڕوانشناسی و ڕوانپزشکی و زمینە ھای پیوستە، تھران.
2- فلاتی، علی (1349) . از فروید بە حافڤ مانیتیسم اسبرتیسم ھیبنوتیزم، ڕوانشناسی فروید و حافڤ، فرخّی، تھران.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی خەبات ( 5317) لاپەڕە ( 7) لە ( 27/7/2017) بڵاوکراوە.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ.[1]