د. نەسرەدین ئیبراهیم گولى*
بێگۆمان ھەر باس و خاسێک ناوی مرۆڤی تیایدا بێ و گفتگۆ لە بارەی ڕەفتار و کرداری مرۆڤەوە بکرێت بابەتێکی سایکۆلۆژییە. جگە لەمە، لای ئەوانەی تۆزقالێک شارەزای کەلتوور و فەرھەنگی زانستی دەروونناسین، ھەر کە باس لە جۆگرافیا و پیسبوونیشی دەکرێت ھەر زوو تیۆرییەکەی بواری زانای بەناوبانگی ئەڵمانی، واتە کورت لێڤین (Kurt Lewin) دێتە بیرمان، کە خۆی بە یەکێک لە تیۆریزانەکانی ڕێبازە ناسراوەکەی دەروونناسی، واتە گشتالتی ھەژمار دەکرێت، و ناوی لە ڕێزی ڤێرتھایمێر، کورت کۆفکا، و کۆھلەر دێتن.
****
ناوبراو زانایەکی ناسراو و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە بەرڵین، لە ساڵانی سیی سەدەی بیست بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات و لە زانینگە بەناوبانگەکانی ئەوێ وانەبێژی دەکات و توێژینەوەی بە پێزی ھەیە. چەمکی بیردۆزی بواری (field theory) لە داھێنانەکانییە.ی و تیایدا ھەوڵ دەدات کەڵک لە زانستەکانی فیزیکی بۆ شرۆڤەی ڕەفتارەکانی مرۆڤەکان وەربگرێ. بە دیتنی لێَڤین بوار یان گۆڕەپان بریتین لە کۆمەڵێک بەش و پێکھاتەی نزیک لە یەکتر و پێکەوە بەستراوی دوو لایەنە. ڕەفتار و کردارەکانی تاک و ئەو سنوورە جۆگرافیایەی فیزیکی دەوروبەرەکەی پێکەوە و شان بە شانی یەکتر دۆخێک پێکدەھێنن کە ناوی لێدەنێت بۆشایی ژیان (life space) ، و ئەو دۆخە و مەودایە سۆسیۆ-فیزیکۆ-سایکۆلۆژییە، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ ئەو گۆڕەپانەی کە تیایدا بە سرووشت بەردەوام لە گۆڕاندایە و خاوەن تایبەتمەندییەکی دینامیکییانەیە، و لە ناوەرۆکیدا ھەژمارێکی زۆری پێداویستی (حاجە یان needs) ھەن کە دەبێ بە بێ دوو و سێ تێر و دابین بکرێن. کەسێکی برسی لەنێو ھەموو شتەکانی بازاڕدا تەنھا خۆراک و خواردەمەنی دەبینێ، و کەسێکی تینووش تەنھا ئاو شلەمەنی، و ...ھتد.
وەک دەبینین مرۆڤ و ژینگەی خۆی دوو جەمسەری ڕەفتارەکانی تاکن. بە ھەمان ئەندازەی کاریگەریی لەم چەشنە، ئەوەندەش تێکچوونیان پەیوەستە و بەیەکتر گرێدراون. بە ھەمان شێوەش پیسبوونی ژینگەی دەرەکی کاریگەریی بەسەر دڵ و دەروونی مرۆڤەوە ھەیە، ئەوھاش جۆگرافیای سایکۆلۆژی و ناخ و دەروونەکەشی کاریگەریی نگێتیڤ و خراپی بەسەر ھەمان ژینگە و لەویش زیاتر ڕەفتار و کردار و تێکرای ژیانی خۆشی ھەیە.
لە سۆنگەی ئەوەی کە ژینگەی کۆمەڵایەتی دەوروبەری مرۆڤە، جگە لە ڕەھەندێکی سۆسیۆلۆژیکی و مرۆڤایانە ڕەھەندێکی فیزیکی و جۆگرافیاییشی ھەیە، دەتوانین بڵێین کە تیۆری بوار دەکرێ لەسەر چەمکە کۆمەڵایەتییەکانیش جێبەجی بکرێت. نەتەوە ڕەھەندێکی کۆمەڵایەییە لە ھەر دەستە مرۆڤێک کە بە ھۆکار و لەژێر کاریگەریی ھەژمارێک فاکتەری جیاوازدا بە یەکەوە لکێندراون، و ئەو ھەستە درەوونییەی کە بە سەرپێبوون و ئاڕاستەی نەتەوەیی دەناسرێت، ھەستێکی ھاوبەشی بەھێزی نێوان ئەو مرۆڤایەنەیە کە ناچاریان دەکات یان پاڵیان پێوە دەنێت کە لە کاتی پێویست و تەنگانەدا یەکتر بگرن و بەم بۆنەشەوە چۆست و چالاکانەتر لە کاتەکانیتر دەتوانن بەرگەی نەھامەتی و ناخۆشییەکان بگرن. ھەر ئەمەشە وادەکات نەتەوە وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی بەشێک بێ لەو جۆگرافیا سۆسیۆسایکۆلۆژییەی تاک و ھاونیشتمانی تیایدا و لە داوێنیدا ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی و ئاساییشی دەروونی بکات، چونکە لەو بوار و دۆخە کۆمەڵایەتییەدا ھەستکردن بە سەرپێبوون، و پاراستنەوەی لە فاکتەرە نامۆ و دژبەرەکان ھۆکاری ئەو ھەستە بەھێزە، واتە ئارامییە سایکۆلۆژییە (الڕمن النفسی) بێ کە لە شوێنی دیکە دەستی ناکەوێ یان لایەنی کەم ئەندازەکەی وەک ئەو نییە.
بەواتایەکیتر نەتەوە و لەنێو نەتەوەبووندا گرنگە و زۆر شتە، بەڵام لە ھەموو کاتیشدا ئەو ھاوکێشەیە لە ئاستێکی ڕەھادا نییە. چونکە نەتەوە نابێ بە واتای ڕەھای نەتەوەپەرستی تەماشەبکرێت و لێکبدرێت. ئەگەر نەتەوە پیرۆز و گرنگە، ڕامانەکەی ئەوە نییە.کە نەتەوەپەرستیش ھەمان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، چونکە خودی نەتەوەپەرستی ھیچ جیاوازییەکی نییە.لەگەڵ نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی و شێوازەکانیتری ھاوشێوە، کە خۆیان بەشێکن لە خۆپەرێستی، و بەتایبەت ئەگەر لە ئاستێکی بەرز و دۆگماتیزم و دەمارگرژی و دمارگیرییدا بێ، و بە ھەمان شێوەش جیاوازە لە نەتەوەپەروەری و نەتەوەدۆستی، کە تەواکەری ھەستی بەرپرسیارەتییە بەرانبەر بە نەتەوەکەی خۆت و نەتەوەکانیتر، و ھەموو ئەو ئاشتی و ئازادی و یەکسانی و سازان و چەمکە پیرۆز و بەھا مرۆڤییە دوولایەنەکانی نێوان نەتەوەیەک و نەتەوەکانیتردا.
ھەموو ئەوانە گرنگن بۆ خۆپاراستن لە ھەر چەشنە کارەساتە دڵتەزێنەکانی کە بەسەر گەل و نەتەوەیەک دێت. ھیچ کەس و نەتەوەیەک ئەوەندەی کورد ئەو نەھامەتیانەی نەچێشتووە و ناناسێت کە بەرھەمی نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی شۆڤینیانە و دەمارگیرانەن. بۆیەش ھەمیشە کورد بووە کە ئەو پیرۆزییەی بۆ نەتەوەکانیتر لەبەرچاوگرتووە. بە واتایەکیتر وێرای نەتەوەپەروەری خۆی نەتەوەپەرێستییەکی لەخۆبایبوونانەی ڕەگەزپەرێستانەی پێ نەشرینترین بەھا بووە. نموونەکانی ئەو ھزرە و فەلسەفەیە ئەوەندە زۆرن کە گۆتارێکی بچووکی وەک ئەمە دەرەقەتی گێڕانەوەی ھەمووی نایەت. ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە کاتی پاراستنی کوردستانیان، بە گشت نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕەکان نواندیان، و ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی بە سەدان جار دەربڕینی لێوەکردووە و دوو نموونەکە خۆارەوە تەنھا دڵۆپێکن لە ھەموویان: لە کاتی کۆبننەوەی خۆی لەگەڵ کەسایەتی و ئەکادیمی و سەرۆک ھۆزە عەرەبەکانی دەشتی نەینەوا و ئەم پارێزگایە و دەڤەری مەخموور داوای لێکردن بەو پەڕی ئازادی و ویستی خۆیانەوە بەشداری ڕیفراندۆم بکەن، و لە ھەمان بۆنە و ماوەیەدا و لە چاوپێکەوتنێکی جەنابیان لەگەڵ کەناڵی فرەنس 24 دا، مەبەستی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستانی بۆ ڕێگری لە جەنگێکی خوێناوی وەسفکرد.
ھزاران نموونەی ھاوشێوە دەربڕی ئەوەن کە کورد نەتەوەپەروەریی پێ لە سەرووی ھەموو شتە، بەڵام نەتەوەپەروەری لای ئەو واتای جینۆساید و ئەنفال و کێمیابارانکردن و ڕاگۆاستنی بە زۆرەملێ و بێسەراوشوێنکردنی نەتەوەکانیتر، و نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستییەکی کوێرکوێرانەی خۆپەرێستانە نییە. کە بە مەزنترین ھۆکار و فاکتەرەکانی پیسبوونی سایکۆلۆژیای جۆگرافیایی ناخی مرۆڤێکەوە ھەژماردەکرێن.
لەم قۆناغەی ژیانی سیاسی کورد، کورد ئەوەندەی پێویستی بە برەودان بە خۆپاراستنە لەو پیسبوونەی جۆگرافیای سایکۆسۆسیۆلۆژیکانەی نێوخۆیی و دەرەکی، و لەگەڵ خۆدی خۆی و نەتەوەکانیتریش، باشترین دەرمانە بۆ خۆناسینەوە و دوورکەوتن لە ڕەفتارەکانی پەیوەست بەو پێسبوونە کە بریتین لە ڕق و کینە و خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان و بەھا جۆوانەکانی مرۆڤایەتی و یاسایی و کۆمەڵایەتی، و پەنابردنە بەر بەھا گشتییە جیھانییە بنیاتنەرەکانی ھاوبەش، و شکۆ و پرستیژی کوردەواری، وەک ھەمیشە، بەندە بەو ڕەفتارە مرۆڤدۆستانەی گەلی کورد شانازیی پێوە دەکات. ئەمەو وێرای ئەوەی کە نەتەوەکانیتر لە ناوچە و جیھان، بە ھەمان ئاڕاستە و تێروانینەوە ڕەفتارمان لەگەڵ ناکەن و نەیانکردووە، بەڵام کورد لە سۆنگەی ھەستی بەرپرسیارەتییەوە، شان بە شانی خەباتێکی بێ وچان و تەنھا و تەنھا بەرگریکردن، بە پابەندی بە بەھاکانی مرۆڤدۆستانە و جۆامێرانەی خۆیەوە ھەمی خۆی لە لەنێوچوونێکی یەکجارەکی پاراستووە و ھەم ھەموو ھەوڵێکی داوە کە بە کەمترین زیان لە قەیرانە ئاڵۆزەکانی سیاسی ناوچە، بەڕی خۆی لە ئاو دەربێنێ، و ئەمە ھەستێکی جوانە کە نیشاندەری نزمترین ئاستی پیسبوونی جۆگرافیای سایکۆلۆژیی تاکی کوردە، لەو جیھانەی کە نەتەوەکانیتر تەنھا بۆ بەرژەوەندییە مادی و کاتییەکانی نارەوای خۆیان لایان ئاساییە پشت لە ھاوپەیمان و دۆست و ھاوڕێیانی بکات و ببێتە مایەی بەھێزبوونی تیرۆر و بەرزکردنی مۆرالی تیرۆریستان و دڕندەترکردنیان، و زۆر بە ئاسانی مەلیۆنان مرۆڤ بەکوشت بدەن، لەو پەڕی مەینەتییەکانی خۆییەوە مەلیۆنان مرۆڤی ئاوارە و بێ پەنا لە باوەش بگرێ و بیانپارێزێ. بێگۆمان ئەو ھەستە جوانەی تاکی کورد، ڕۆژێک لە ڕۆژان و لە میانەی یاساکانی سرووشتدا، ڕێرەوەی ئاسایی خۆی دەدۆزێتەوە و ئەو ھەموو نەھامەتییە بە بێ ئەنجام نامێنێ.
*ئەڤ بابەتە ل ڕۆژناما خەبات، ئۆرگانا پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ھژمار (5666) ل ڕێکەفتی (7/1/2019) ل بەرپەڕێ (7) ھاتیەبەلاڤکرن.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ، ودگەل سپاسییا بریز (ڕیاز یوسف گۆلی) -ھاریکارێ ڤەکۆلەر ل فاکۆلتییا پەروەردە بۆ زەحمەتا تایپکرنا بابەتی.[1]