ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە کوردستان/ بەشی دووەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$پەیامهێن مووسا$
مووسا لە عیبری (مۆشێ) کوڕی عمڕان کوڕی یەسهر کوڕی قاهەت کوڕی لاڤی کوڕی یاقووب (#ئیسرائیل#) کوڕی ئیسحاق کوڕی ئیبراهیم، ناوی دایکی (یوکابد) کچی لاڤی و خوشکەکەی ناوی میریام بوو، برا گەورەکەی هاروون یان ئارون بوو، بەپێی تەورات و قورئان لەو کاتەی، کە فیرعەون لە میسڕ فەرمان دەدا، کە هەموو منداڵە کوڕەکانی عیبری لە ڕووباری نیل نقوم بکرێن، دایکی مووسا، مووسا دەخاتە ناو سەبەتێکەوە و لە قەراخ ڕووباری نیل دەیشارێتەوە، دواتر سەبەتەکە دەکەوێتە ناو ئاو و دەڕوات، هەتا هاوسەری فیرعەون کە ناوی (ئاسیە) بووە، سەبەتەکە لە ئاو هەڵدەگرێت و فیرعەون ڕازی دەکات بۆ ئەوەی منداڵەکە هەڵگرن و ناوی (مووسا) ی بۆ هەڵدەبژێرن و بۆ خۆیان گەورەی دەکەن.
بۆیە مووسا هەتا تەمەنی گەنجی لە دەرباری فیرعەوندا گەورە دەبێت، بەڵام دواتر بە تاوانی کوشتنی کەسێکی میسڕی، کە خەریکی لێدانی کرێکارێکی عیبری بووە، تاوانبار دەکرێت و لە ترسی سزادانی لە لایەن فیرعەونەوە بۆ (مەدیەن) دەڕوات و لەوێ بۆ ماوەی هەشت ساڵ خزمەتی کاهێنی مەدیەن دەکات، کە ناوی (شوعەیب) بوو، پاشان لەگەڵ (سەفورا) کچی شوعەیب هاوسەرگیری دەکات.
بە گوتەی سەرچاوەکانی هەر سێ ئایینی (جوو، کریستیان، موسڵمان) ، مووسا لە کاتی گەڕانەوە بۆ میسڕ، لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا لە لایەن خوداوە پەیامی بۆ دێت و بە پەیامبەری (بەنی ئیسرائیل) هەڵدەبژێرێت. بۆیە لەگەڵ هاروونی برای بۆ لای فیرعەون دەچن و بۆ تاک خواوەندی، یان یەکتاپەرستی بانگهێشتی دەکەن، بەڵام وەڵامی فیرعەون بۆ ئەم بانگهێشتە باش نابێت و قبووڵی ناکات، تەنانەت مووسا و گەلەکەی تووشی کێشە دەکات.
مووسا لە سەدەی سێزدەی پێش لەدایکبوونی عیسا، ڕابەڕایەتیی گەلی بەنی ئیسرائیل دەکات لە دەرچوونیان لە میسڕ و ڕزگاربوونیان لە دەسەڵاتی فیرعەون، هەر لەوێ بوو، کە لە چیای (توور) یان (#سینان#) دە فەرمان، کە بنەمای ئایینی جووە، بۆ مووسا دابەزین.
مووسا لە تەمەنی 120 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و بەپێی بیروباوەڕی ئایینی جوو، لەدوای مووسا (یوشع کوڕی نوون) ، کە لە یارەکانی نزیکی پەیامبەر مووسا بوو، ڕابەرایەتیی گەلی جوو دەکات.
$مانای ناوی مووسا$
بە گوتەی مێژووناسان، دەکرێ ناوی مووسا بۆ ڕیشەی دوو زمانی میسڕی یان عیبری بگەڕێتەوە، ئەگەر ناوی مووسا لە زمانی میسڕییەوە هاتبێت، دەکرێ یەکێک لە دوو وشەی (میس) بە مانای لەدایکبوون و (مس) بە واتای کوڕێک بۆی بەکار هاتبێت، واتا دەتوانین بڵێین، ئەویان بە منداڵی خۆیان هەڵبژارد و ناویان کرد بە (کور) ، بەڵام ئەگەری هەیە ناوی مووسا ناوێکی ئایینی بێت، یان ناوی یەکێک لە خواوەندەکانی میسڕی کۆن بێت. بەڵام ئەگەر ڕێشەی ناوی مووسا یان (ماشا) بۆ زمانی عیبری بگەڕێتەوە، دەکرێ بڵێین وشەی مووسا بە مانای (دەرهێنان) دێت، واتا هاوسەری فیرعەون دەڵێ (ئەوم لە ئاو دەرهێنا) .[1]