ئایینی #جوو# و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی چوارەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
#دروستبوونی بیری سیاسی لای جوو#
لەدوای بڵاوبوونەوەی جووەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان بەگشتی و دروستبوونی پەرتوبڵاوی لەناو ئەو گەلە و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێ کارەسات و کۆمەلکوژی، بیرۆکەی دامەزراندن و هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ لە لایەن ڕۆژنامەنووسێکی پۆلەندی، کە بە ڕەگەز جوو بوو، سەری هەڵدا و ئەمە بوو بە بەردی بناغەی بیری #زایۆنیزم# و دەستپێکی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی گەلی جوو، لە سەرانسەری دنیادا.
وشەی زایۆنیزم یان سەیهۆنیزم وشەیەکی عیبرییە، کە (زایۆن) بە مانای (ئورشەلیم) دێت.
زایۆنیزم بزووتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەیی جووە، کە ئامانجە گەورەکەیان کۆکردنەوەی جوو وەک نەتەوە لە یەک شوێن و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو لە فەلەستین، کە لە لایەن نەتەوەی جوو بە (خاکی پیرۆز) ناو دەبرێت و دەناسرێت.
لە ساڵی 1897 یەکەم کۆبوونەوەی زایۆنیزم لە (بازل) لە سویسرا بەسترا و لەو کۆبوونەوەیە کە بە بەشداریی 200 ئەندام بەڕێوە چوو، پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان دانا.
مێژووناسان هۆکاری دروستبوونی (سەهیۆنیزم) بۆ بێهیوایی جووەکان لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دادەنێن، ئەویش بەپێی ئەو کێشانەی، کە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان ڕووبەڕووی دەبوونەوە.
(تیۆدۆر هێرتزل) کە بە باوکی زایۆنیزم و کاریگەرترین کەس لە مێژووی نەتەوەی جوو دەناسرێت، لەدایکبووی 1860ە، ئەو کە ڕۆژنامەنووسێکی جووی نەمساویی مەجەڕی بوو و دامەزرێنەری دەزگای سیاسیی جوو بووە، لە ساڵی 1895 کتێبێکی لەژێر ناونیشانی (دەوڵەتی جوو) نووسی و لە ساڵی 1897 بڵاوی کردووەتەوە، ئەم پەرتووکە لە سەرەتادا ناوبانگێکی وای دەرنەکرد، بەڵام دواتر بوو بە سەرچاوەیەک بۆ پەیدابوونی هزری سیاسیی جوو و دامەزراندنی بزووتنەوەکەی لەدوای بەستنی کۆنگرەی یەکەمی جووەکان و دواتر (تیۆدۆر هێرتزل) وەک سەرۆکی ڕێکخراوی جیهانیی جوو هەڵبژێردرا.
لە ساڵی 1948 دەوڵەتی ئیسرائیل دروست دەبێت و ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە دێتە دی.
$گەڕانەوەی جووەکان بۆ ئیسرائیل$
لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەوڵ دەدرێت بۆ گەڕانەوەی جووەکانی سەرانسەری دونیا، کە یەکێک لەو وڵاتانە #عێراق# بوو، کە ڕێژەیەکی زۆری جوو تێیدا نیشتەجێ بوون، هەر لەو کاتەدا، واتا ساڵی 1948 لە سەردەمی مەلیک (فەیسەڵی دووەم) بە بڕیارێک، کە لە یاسای پاشکۆی مەرسوومی کەوتنی ڕەگەزنامەی عێراقی، ژمارە 62 ساڵی 1933بڵاو کرایەوە و لە وەقائیعی عێراقی ژمارە 2816 لە 9/3/1950 لە لایەن (ساڵح جەبر) کە ئەوکات وەزیری ناوخۆی عێراق بوو، جووەکان ڕەگەزنامەی عێراقییان لێ وەردەگیرێتەوە و بەرەو ئیسرائیل کۆچیان پێ دەکەن.[1]