ڕەزا شوان
هەر یەکە لە شێخ ڕەزا و شکپیر، دوو ناوی ناودارن. دڵنیام زۆربەی خوینەرانی کوردمان شیعرەکانی شێخ ڕەزا و شانۆگەرییەکانی شکسپیریان خوێندۆتەوە. پێش ئەوەی بێمە سەر سەرباسەکەمان، حەزدەکەم زۆر بە کورتی باسی هەر یەکە لەم دوو ناودارەتان بۆ بکەم.
شێخ ڕەزای تاڵەبانی«18311910»لە دێی قرخ ی سەر بە چەمچەماڵی دابڕاو لە کەرکووک، لە بنەماڵەیەکی ئایینی خواپەرست و ئەدەبدۆست لە دایک بووە. هەر بە منداڵی ماڵیان هاتۆتە کەرکووک و لە گەڕەکی بەرتەکێ خانوویان کردووە. شێخ ڕەزای شێخی شعیرانی کوردمان، کەڵەشاعیر و شاسوار لە شیعری هەجوکرندا «توانج و جنێودان» زۆر بلیمەت و بەتوانابووە. تا ئەمڕۆش هیچ شاعیرێکی کوردمان لەم بوارە شیعرییەدا نە گەیشتوونەتە پایەی شێخ ڕەزا. هەموو ئەو شاعیرە کورد و عەرەب و تورکانەش کە شەڕەشیعریان لەگەڵدا کردووە ، هەر زوو بەزیون و دەرەقەتی نەهاتوون ، تەنیا شاعیری کوردمان «شوکری فەزڵی»ی سلێمانی نەبێت، کە وەڵامی هەجوەکانی شێخ ڕەزای داوەتەوە. شێخ ڕەزا پیاوێکی ڕووخۆش و گاڵتەچی و نوکتەباز بوو، دیوەخانەکەی هەردەم پڕبووە لە شیعردۆست و هەوادارانی بەزم و قسەی خۆش. شێخ ڕەزا بە چوار زمان شیعری وتووە «کوردی تورکی عەرەبی فارسی». بەداخەوە بەشێک لە شیعرەکانی لەبەرئەوەی تۆمار نەکرابوون تیاچوون..شێخ ڕەزا هەر شیعری هەجوکردنی نەنووسیوە، بەڵکوو گەلێ شیعری ستایش و کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و ئەوینداری وسیاسیشی داناوە. شێخ ڕەزا هەر کەسێکی بە دڵ نەبووبێ، لە سوڵتان و پاشاکانی عوسمانی و گەورە فەرمانبەران و، تا دەگاتە شێخ غەفووری مامی و شێخ عەلی ی برا گەورەشی بەبێ ترس هەجوکردووە..زمانی وەکوو خەنجەرێکی تیژ بەکار هێناوە.هەر وەکوو لەم دێڕە شیعرەیدا کە بە مستەفا بەگی باجەڵان دەڵێت: تۆ هەتە تیغی دەبان و من هەمە تیغی زوبان فەرقی ئەم دوو تیغە هەر وەک ئاسمان و ڕێسمان .ئەو کەسانەش کە شێخ ڕەزا هەجوی کردوون لێی زویر نەبوونە، تەنانەت شوکری فەزڵی کە پشکی شێری لە هەجو و جنێوەکانی شێخ ڕەزا بەرکەوتووە.. کە شێخ ڕەزا مرد، شوکری فەزڵی زۆر بۆی گریا و وتی کاشکی بمایە و سەد هێندەی تر جنێوی پێمبدایە .شێخ ڕەزا لە« 21ی/1/1910»دا لە بە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە گوڕستانی عەبدولقادری گەیلانی بە خاک سپێرا.
شکپیر« 1564 1616» لە شاروچکەی «ستراتفۆرد» لە ئینگلتەرا لە دایک بووە.دوایی چۆتە لەندەن . شکسپیر بە یەکێک لە کەڵەنووسەران و گەورەترین شانۆگەرینووسی جیهانی دەناسرێ. تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری شانۆگەرییەکانی، لەسەر شانۆی گەلێ لە وڵاتانی جیهاندا پێشکەش دەکرێن..شکسپیر بەهۆی شانۆگەرییەکانییەوە زۆر دەوڵمەند بوو. خۆشی وەکوو ئەکتەرێکی سەرکەوتوو، لە بەشێکی شانۆگەرییەکانیدا، ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیوە. شکسپیر شانۆگەرییەکانی بەشیعری بێسەروا نووسیوە. بێجگە لە شانۆگەری.لە و جۆرە شیعرەشی نووسیوە کە لە چواردە دێر پێکهاتوون و بە «سوناتاتە » ناودەبرێت. شانۆگەرییەکانی شکسپیر هەموو جورە بابەتێکیان لەخۆگرتووە:«کۆمیدی تراژیدی کۆمەڵایەتی ئەوینداری سەرکێشیی ئەندێشەیی مێژوویی...هەتد».زۆبەی کارەکانی شکسپیر شانۆگەرییەکانی بوون. نزیکەی چل شانۆگەریی ن بە شیعری بێسەروا نووسیوە. لەوانە: « ڕۆمیۆ و جولێت هاملێت بازرگانی ڤینیسیا زریان شەوی دوانزەهەمین ژنە ڕووخۆشەکانی وندسۆ خەونی شەوێکی هاوین ئوتەیل چەقچەقەی بێهاڕین خۆشەویستی ڕەنجخەسارییە ئەنتۆنیۆ و کلیۆپاترا ڕاهێنانی دەڵەپڵنگ چیرۆکی زستان ماکبێس مەلیک لیر یۆلیۆس کەیسەر ....هەتد»
بابێینە سەر بابەتی سەرباسەکەمان، کە بوونی ئیلهامە لە لای شێخ ڕەزای تاڵەبانی کورد و شکسپیری ئینگلیزیدا.شێخ ڕەزا شاعیرێکی بلیمەت و ئیلهام بەدەر بوو..هیچ کاتێک بۆ دانانی شیعر دانەماوە.بە تایبەتیش شیعرە تاکدێڕەکانی یەکسەر بۆی هاتوون..شێخ ڕەزا ئیلهامی شیعری بە و جۆرە بووە، کە دەڵێت: ئەگەر شیعرم بۆ بهاتایە و لەسەر دەم بخەوتمایە دەیخنکاندم.».ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە شێخ ڕەزا خاوەنی ئیلهامێکی سرووشتی بووە و گیرینەخواردووە..بەڵام شکسپیر بە پێچەوانەی شێخ ڕەزاوە، دەڵێت: تا لاپەڕەیەکم نووسی هەزار پەڕەم دڕی .شکسپیر هەندێک لەشانۆگەرییەکانی دوو ساڵی بردووە تا تەواوی کردوون ، چەند جارێک بیرۆکەکانی گۆڕیون و دەستکاری دەقەکانی کردوون. شیعرەکانی شێخ ڕەزا، زادەی بیر و هۆشی خۆین و ڕیچکەهەڵگری هیچ شاعیرێکی پێش خۆی نەبووە، بەڵکوو خۆی داهێنەری شیعری هەجوی کوردییە..بەڵام بیرۆکەی زۆربەی شانۆگەییەکانی شکسپیر زادەی بیر و خەیاڵی خۆی نین، لە بەری ڕەنجی شاعیرانی ترەوە وەریگرتوون..وەکو لە شیعرەکانی شاعیری ئینگلیزی«تشۆسەر» و لە شاعیری کۆنی یۆنانی«هۆمیرۆس» و لە چیرۆکەکانی چیرۆکخوانی ئیتالی «بۆکاتشیۆ»وە وەریگرتوون. پاڵەوانی هەندێک لە شانۆگەرییەکانیشی کەسانێکی ڕاستین وەکو« یۆلیۆس کەیسەر ڕیتشاردی سێیەم...هەتد» هەندێکیش لە شانۆگەرییەکانی ، لە کەڵک وەرگرتن لە دوو یا سێ چیرۆکەوە کە تێکڵی کردوون و دایڕشتوون و شانۆگەرییەکی لێپێکهێناون.
لەڕاستیدا خوێنەر و بینەر ئەنجامدانی هەر کارێکی مرۆڤ، بەوە هەڵناسەنگێنن کە لە ماوەی چەندا ئەنجامدراوە، ئەو شاعیرە یا شانۆگەرینووسە یا ڕۆمانووسە، نووسینەکانیان بە ڕۆژێ یا بە ساڵێک نووسیوە، خوێنەر و بینەر بڕیار لەسەر ئەوەی لە بەردەستیان دایە دەدەن..کە سەیری درامایەکی تەلەڤزیۆنی یا فیلمێکی سینەمایی دەکەین، بیر لە ماوەی پرۆڤەکردن و بەرهەم هێنانی ناکەینەوە..هەر بۆ نموونەش تابلۆی«مۆنالیزا»کە جوانترین شاکاری هونەریی شێوەکاری جیهانی«لیۆناردۆداڤینشی»یە و بە چوار ساڵ تەوا کردووه، ئەگەر بە چوار ڕۆژ یا چوار کاتژمێریش تەواوی بکردایە، هەر هەمان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ، بەڵام کات کاتێک گرنگە کە دوو کەس یا زیاتر هەمان کار ئەنجامبدەن، بۆ نموونە لە کێبڕکێیەکی ڕاکردنی سەد مەتریدا، هەر هەموویان دەگەنە هێڵی کۆتایی بەڵام کێیان زووتر بگات ئەوەیان دەیباتەوە. کەچی ئەگەر لە تاقیکردنەوەکانی قوتابییاندا کە ماوەی دیاریکراو بۆ وەڵامدانەوە سێ کاتژمێربێت، ئەگەر قوتابیەک لە ماوەی دوو کاتژمێردا، وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە ، هەر هەمان وەڵام قوتابییەکی تر بە سێ کاتژمێر وەڵام بداتەوە.هەر هەردووکیان هەمان نمرە وەردەگرن.یا ئەگەر من خانوویەک درووست بکەم بە و جۆرەی دیاریم کردووە و ماوەیەکی دیاریکراوم بۆ دانابێ ، ئەگەر هاتوو بەڵەندەرەکەم زۆتر یا درەنگتر لە و ماوەیە و بە و شێوە دیاریکراوەم تەواوی بکات، کات لێرەدا گرنگه. مەبەستی من لەم بەراوردکردنەی نێوان شێخ ڕەزای تاڵەبانی و شکپیردا، تەنیا لە ڕووی ئیلهامی شیعرەوەیه.[1]