د. کاظم حبيب
کاتێ تاوانی کوشتنی ملیۆنێک ئەرمەنی لە ساڵی 1915 لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە لە سەروبەندی یەکەمین جەنگی جیهانی بە بیرو هزرێکی ڕەگەزپەرستانەو ئایینییەوە ڕوویدا، ئەوکات دەگوترا کە گەل و حکومەتەکان وانەیەکیان لێوەرگرت و ئەو تاوانەش دووبارە نابێتەوە، کاتێکیش تاوانی هۆلۆکۆست لەلایەن ڕژێمی هیتلەرەوە لەسەروبەندی دووەمین جەنگی جیهانییەوە بە هزرێکی ڕەگەزپەرستانە دژی جوولەکەکانی ئەوروپاو خەڵکانی دیکە ڕوویدا، هەر ئەو کاتە دەگوترا گەل و حکومەتەکان پەندو عیبرەتی زۆریان لێ وەرگرتووەو ئەم تاوانانە دووبارە نابنەوە، هەروەها کاتێکیش تاوانی فڕێدانە خوارەوەی بۆمبی ئەتۆمی بەسەر هیرۆشیماو ناگازاکیی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە کۆتایی دووەمین جەنگی جیهانی ڕوویدا، دەگوترا ئەمە تاوانێکی دڕندانەیەو پێویستە بەکارهێنانی ئەم چەکە کۆکوژو وێرانکەرانە یاساغ بکرێن، گەلانیش ڕووبەڕوویان دەبنەوەو حکومەتەکانیش چی دیکە پەنای بۆ نەبەن، هەروەها کاتێکیش تاوانی سەبراو شاتێلا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەیرووت ڕوویدا دیسان دەگوترا ئەم جۆرە تاوانە لەهیچ شوێنێکی جیهان دووبارە نابێتەوە، کاتێک کۆمەڵکوژیەکەی هەڵەبجەی کوردستان بە #چەکی کیمیاوی# لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی #ئەنفال# ڕوویدا، کە بە قێزەوەنترین تاوانی جینۆسایید و دژ بە مرۆڤایەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت و لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدراو زیاتر لە 5000 شەهیدو زیاتر لەو ژمارەیەی برینداری لێکەوتەوە، هەتا قەبارەی قوربانییەکانی ئەنفال کە لە ساڵی 1988 بەسەر گەلی کورددا هات گەیشتە 182 هەزار هاووڵاتی لە کوردستانی ئێراق، ئا لەوکاتەدا جیهان بێ دەنگیی لێکرد، هەموو جیهان کەڕو لاڵ و کوێر بوون لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەدا، ئەمە وێڕای ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن کورد لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا و ئێران بە مەبەستی ڕزگاربوون لە ستەمی هێزەکانی ڕژێم دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991.
ئەم تاوانە بە دڕندەترین تاوانی نامرۆیی لەقەڵەم دەدرێت کە تووڕەیی گەلی کوردی بەرانبەر بێ دەنگیی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت هەندێ لە سیاسەتمەدارانی ئەو کاتەی ئەمریکا هەوڵیاندا تۆمەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانە بخەنە ئەستۆی ئێرانەوە، کە بەدڵنیاییەوە دەیانزانی ئەمە وا نییە، بۆیە ئەمە خۆی لەخۆیدا گوزارشتە لە هەڵپەرستیی ئەو دەوڵەتانەی کە بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان لا مەبەستە، بەم شێوەیە دەیانەوێت ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زەوت بکەن.
بەڵام دەنگێکی کەم نەبێت کە هەوڵیاندا تاوانی هەڵەبجەو هەڵمەتەکانی ئەنفال پرۆتستۆ بکەن، کەچی عەرەب و زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی زیاتر گوێیان لە ئاست ئەو تاوانانە کەڕ کردو زمانیان لاڵ بوو کە لە ماوەی نێوان شوبات و تشرینی یەکەمی ساڵی 1988 لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا.
ئەمڕۆ کاتێ 26 ساڵ بەسەر ئەم تاوانانە ڕەت دەبێت، دەپرسین ئایا گەلان و حکومەتەکانی عەرەبی بە تایبەتیش ئێراق وحکومەتە فیدراڵییەکەی پەندیان لەو تاوانانەو فاکتەرەکانی ڕوودانیان وەرگرتووە؟
هەموو بەڵگەکان کە لەژێر دەستمدان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتەکانی عەرەبی پەندیان لێوەرنەگرتووە، هەروەها گەلەکانیشیان چونکە بەرەنگاری حکومەتکانیان نابنەوە کە کوشتوبڕیان بەرانبەر دەکات، نموونەش بۆ ئەمە زۆرە، چ لە سووریا یان لە سوودان یاخود لە لیبیاو جەزائیرو لوبنان، یانیش لە ئاست سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرانبەر گەلی فەلەستین، لە هەمووی قێزەوەترینیان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەندی لەو تاوانانە وەرنەگرتووەو هەرگییز هەوڵی نەداوە سنوورێک بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەرحەق گەلەکانیان دابنێت.
پرسیارە جەوهەری و سەرەکییەکەش کە لە ساڵیادی بیست و شەش ساڵەی تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال لە مێشکمدا پەنگ دەخواتەوە بریتییە لە: بۆچی تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال دژی گەلی کوردی کوردستانی ئێراق ئەنجامدرا؟ ئایا بە شێوەیەکی دیکە دووبارە دەبێتەوە؟ ئایا دەستەوەستان دەبین و بێدەنگیی دەنوێنین لە بەردەم پەرەسەندنی ڕووداوەکان کە بەهەمان دوژمنکاریی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە؟
حزبی بەعس و ڕژێمە دیکتاتۆریەتەکەی ئەم تاوانە قێزەوەنانەیان لەژێر کاریگەرییی چەندین فاکتەری دیاریکراو ئەنجامداوە:
1- هزری ڕەگەزپەرستی کە حزبی بەعس هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە لە 1947 و 1948 لە لوبنان و سووریا پێوەی پابەندبووە بە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی ناوچەکە، ئامانجیشی ئەوە بووە کە گەلانی دیکەی غەیرە عەرەب کۆچ پێبکات یان زیندانیان بکات و لەناویان بەرێت.
2- هزری فاشیانەی بەعس بە گرتنەبەری توندوتیژی بۆ سەپاندنی ئیرادەی ئایدیایی و سیاسی و کلتووریی و کۆمەڵایەتیی بەعسی بەسەر کۆمەڵگادا، واتا نابێت لە ناوچەکەدا لە یەک حزبی سیاسیی زیاتر هەبێت، هەتا ئەگەر حزبێکی دیکەش لەژێر هەر هەلومەرجەێکی دیاریکراودا دان بە نەتەوەیەک یان بە ئایدیاو حزبێکی دیکەدا بنێت.
3- سەپاندنی ڕەهای هزریی و سیاسی بەسەر کۆمەڵگاو ئابووری و ڕۆشنبیری و ژیانی گشتیدا.
4- ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی کە بیری لێدەکردەوە، هێزو ماف دووڕووی یەک دراوبوون و دەبێ کۆمەڵگە بەسەربازیی بکرێت، ئەوەی حزب و ڕژێمی بەعس دەیەوێت مافە، کە دەرئەنجام بە زەبری هێز وەردەگیرێت.
5- حزبی بەعس و ڕژێمە سیاسییەکەی بڕوایان بە ڕۆڵی ڕەهای سەرکردە هەیە، سەرکردەی پێویستی، کاتێ فەرمان دەکات دەبێت گوێڕایەڵی بن و نابێت بڕیارەکانی ڕەت بکرێنەوە، قسەکانیشی دەبنە یاسا و پێوەی پابەنددەبن.
6- ئەو پێکهاتە هزری و سیاسی و ڕێکخستنە لە ئێراقی بەعسی سەدامدا مانای وابوو کە مافی مرۆڤ و نەتەوەکان حسابی بۆ نەکراوە، بەڵکوو ئێراق لە (زاخۆوە تاکو بەسرە) عەرەبە، وێڕای ئەمە حزب و ڕژێم هەر لە خۆ فراوانکردن و دوژمنکاریدا بوون.
ئەو دیدە هزرییە شۆڤینییەی حزبی بەعس و ڕژێمە سیاسییەکەی ڕووبەڕووی دیدی تازە و پەیڕەوی سیاسیی گەلانی دیکە و حزبی سیاسیی دیکە بووەوە، هەروەها ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ویستی گەلی کورد و حزبە سیاسییەکان و مافە نەتەوەییەکان بووەوە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، کاتێ لە ساڵی 1970 لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداردا دانی بە ئۆتۆنۆمیی گەلی کورددا نا لەژێر واقعی هەلومەرجی سەخت کە نەیتوانی بەم ڕێگەیە ڕژێمەکەی ڕزگاربکات مەگەر بە سازشی کاتی و مانۆڕو پیلان نەبێت، تا دەرفەتی بۆ هەڵکەوت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەو مۆرکردنی ڕێکەوتنێکی خیانەتکاریی لەگەڵ شای ئێراندا لە میانی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیری ساڵی 1975 کە بەمەش هەلی بۆ ڕەخسا بە شێوەیەکی کاتی گورز لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی چەکداریی کورد بوەشێنێت، بەڵام ئەوەندەی نەبرد بە هێزێکی گەورەترو فرەیی خەبات دژی دیکتاتۆریەتی فاشیزم هاتەوە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان.
هزری ڕەگەزپەرستانە و سەربازیانە بە تەواوی کۆنترۆڵی سیاسەتەکان و هەڵسوکەوتی بەعس و سەدام حسێنی کردبوو کە وایکرد شەڕێکی دوژمنکارانە دژی ئێران بەرپابکات کە هەشت ساڵی خایاند بەهۆیەوە ملیۆنێک کەس کوژران و نزیکەی دوو ملیۆنیش برینداربوون و بە دیل گیران یان بێ سەرو شوێن بوون، ئەمە وێڕای زیانی ماددی بە سەدان ملیار دۆلارو کاولکاری و تێکچوونی ژێرخانی وڵات، بەر لە کۆتایی شەڕی ئێراق و ئێران، ڕژێمی سەرکوتکاری بەعس دڕندەترین تاوانی جینۆسایدی لە هەڵەبجەو زۆر ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، ئەو جۆرە ڕژێمە ناکرێ تاوانی دیکە ئەنجام نەدا، بۆیە پەنای بردە بەر تاوانێکی دیکە ئەویش داگیرکردنی کوێت بوو، کە شەڕی ڕزگارکردنی کوێتی بەدوادا هات و ئابڵوقەی ئابووریی نێودەوڵەتی بەسەرئێراقدا سەپێنراو دواتر شەڕی سێیەمی کەنداو لە 2003 ڕوویدا و بەهۆیەوە دیکتاتۆر ڕووخا و حزب و ڕژێمە سیاسییەکەی کۆتاییان پێهات.
ئایا خستەڕووی هزرو سیاسەتەکانی حزب و ڕژێمی شۆڤینی بەعس یارمەتییییمان دەدا بەو وانانە ئاشنابین کە جارێکی دیکە نەکەوینەوە بارودۆخی لەو شێوەیە کە بە چارەنووسێکی مەترسیدارمان بگەیەنێت؟ دیارە ئەمە دەکرێ و مەرجیش لەوەدا ئەوەیە کە هزری میللەتان و حوکمڕان و سیاسەتمەداران بە گشتیی چالاک بێت و مەوداکورت نەبێت، هەروەها بەتەواوی لە هەر هزرێکی شۆڤینی یان ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری و سیاسەتی چەوساندنەوە دووربکەونەوە کە هەست بە ناوەرۆکی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەکان ناکات، یان شۆڤینییەت و تایفەگەری وتەسکیی ئاسۆی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی پەیڕەوبکات، کە ئەم هەلومەرجەی بەدوادا دێت و دواتر دەبێتە هۆی هێنانەکایەی ئەم چارەنووسە.
لەوەتەی ڕژێمی دیکتاتۆری لە ئێراق ڕووخاوە لەسەر پاشخانی ئەو ڕژێمە، ڕژێمێک هاتۆتە ئاراوە کە بڕوای بە تایفەگەری و پشکایەتی و ئیتنی هەیە، کۆمەڵگاش دەستوورێکی نووسییەوە کە بەتەواوی واقع و پێداویستیی گەلانی ئەو وڵاتە لەخۆناگرێت، چونکە کەموکورتیی زۆری تێدایە، هەروەها یاسای لەو شێوەیەی تێدا نییە کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکانی دیکەی ناوخۆیی ڕێک بخات، بۆیە ئەم ڕەوشە بووە هۆی سەرهەڵدانی دۆخی نەبوونی بڕوای تەواو لەنێوان هەردوو لا و ئاڵوگۆڕکردنی تۆمەت لەنێوان یەکتردا، ئەوەی بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزکرد:
** سیاسەتی تایفەگەری کە حکومەتی فیدرال پیادەی دەکات و دوورکەوتنەوەی بەتەواوی لە کەشی ئازادی و دیموکراسی دوای ڕووخانی دیکتاتۆریەت، هەروەها سەرهەڵدانی دیاردەی پاوانخوازی حزبایەتی و تاکڕەویی لە حوکمڕانیدا.
** پەرەسەندنی تیرۆر لە وڵاتدا و دواتر هێزەکانی تیرۆریست و تەکفیری بتوانن گورزی کوشندە لە گەلی ئێراق و ئاساییش بوەشێنن.
** فراوانبوونی گەندەڵیی دارایی و ئیداری کە دەوڵەتی بەرەو لاوازی و هەڵوەشانەوە برد.
نەبوونی گفتوگۆو هەڵکشانی زمانی توندوتیژی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و پێڕەوکردنی کاروکردەوەی توندی سزادان هیچ عەقلانیەتێکی تێدا نییەو بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و گۆرانکاری لەرووی حوکمڕانی فیدراڵی جێبەجێ ناکرێت و وڵات لەهەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە پەڕڵەمانیەکە بەرەو دەرئەنجامێکی خراپ بەلکێش دەکات، واتا لەکۆتایی دا ئەم هەڵسوکەوتانە بەهیچ شێوەیەک چارەسەری دیموکراتی کێشەکان ناکات، کە لەبەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگاو بوونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراتی و فیدراڵی نییە.
بۆیە لەگەڵ هەموو گەشبینییەکەمدا بەرانبەر بە ئاییندەی دیموکراسیی ئێراق بەڵام دەرهاویشتەکان هەرگیز مژدەی ئەوە نابەخشن کە خێروخۆشی لە ژیانی سیاسی ئێستای ئێراق بێتەئاراوە، بەڵام ئەمە واقعێکە و نابێت هێوربینەوەو واز بهێنین و چۆک دابدەین، بەڵکوو دەبێ خەبات بکەین و زیاتر هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە لەپێناو ئاییندەیەک کە لە بەرژەوەندیی پرەنسیبەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا بێت، ڕەنگە ئەمە ئەرکێکی سەخت بێت، بەڵام پێویستە هەموو هێزە ئازادیخوازو دیموکراسیخوازەکان بە بڕوایەکی پتەوەوە ڕووبەڕووی ببنەوە.[1]