د. کاظم حبيب
ماوەیەکە هەندێک دەنگیان لێ هەڵبڕیوەو دەڵێن هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئێراق، هەرچی حەقێک بدرێتە ئەم بۆچوونە، ئاکام لە بەردەم ئەزموونە تاڵەکانی پێشووی دەوڵەتی ئێراقیدا بەتاڵ دەبێتەوە، جارێکیان گۆرباتشۆف وتویەتی ( (ئەوەی درەنگ دەگات، مێژوو سزای دەدات) ) ئەم بۆچوونە ڕاست دەرچووە، لە دەرئەنجامی داڕمانی بلۆکی سیاسی سۆڤێتیی تەمەن 73 ساڵییەوە کەوتۆتەوە، کە کەوتنی یەکە بە یەکەی کۆمارە سۆسیالیستیەکانی بە دواداهاتووە، ئەوەش بەهۆی نغرۆبوونی سەرکردایەتيی سۆڤیەتەوە لە گەندەڵکاری و گوێ نەدانییەوە بە بەرژەوەندییەکانی گەل..تاد
چەندین شێوازی دووفاقێتی و ململانێی سیاسی لێ درووست بوو تا لە ناوەوە دایڕمان، لەو بارەیەوە هۆکارە دەرەکییەکە بە تەنیا کاریگەرییەکی لاوەکی هەبووە، لەو ئەزموونەوە ئەو پەندە وەردەگرین ( ( ئەوەی لە وانەکانی ڕابردووی خۆیەوە پەند وەرنەگرێت مێژوو بە سزای دەگەیەنێت) ) ئەمە ڕێکاو ڕێک ئەو بابەتەیە کە بە شرۆڤەوە هەر پرسیارێک دەربارەی جۆری پێوەندی لەنێوان دەوڵەتی ئێراقی و سوپاکەی وەڵام دەداتەوە، بە دیاریکراویش لەنێوان #سوپای ئێراق#ی لە لایەک و گەلی کورد لە لایەکی ترەوە، بەهۆی ئەو ئەزموونە تاڵانەی گەلانی دنیا پێیدا تێپەڕیون، یاسادانەران ئەرکی سوپایان لە بەرگریکردن لەسەر سنووری وڵات چڕکردۆتەوەو بۆی نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵات وەربدات، بەڵام زۆرجار حکومەتەکان سوپایان لە بەرژەوەندی سیاسەتەکانی خۆیان جووڵاندووەو دژ بە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلانی خۆیان بەکاریان هێناوە، ئایا ئێراق بە درێژایی تەمەنی خۆی شتی وای نەکردووە؟
لە دەسپێکی دامەزراندنی سوپای ئێراقیيەوە لەسەر دەستی بەڕیتانیای داگیرکار لە 6/1/1921 ئەوەش بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایی ئێراقی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت سوپای ئێراقی خراوەتە خزمەتی سیاسەتە چەوتەکانی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان کە نەیانتوانیوە کێشەی نەتەوەیی بە ڕێگەی دانووستان و ئاشتی چارە بکەن، بەڵکوو زەبری هێزو توندوتیژی لە لایەن سوپای چەکدارەوە دژ بە گەل خراوەتە کار، ئەم گرتنەبەری ڕێگایەش گرفتەکانی ئاڵۆزتر کردوون و ململانێکانی گۆڕیون بۆ ناکۆکی خوێناوی و چەکدارییانە وەک چۆن هەر لە سەرەتاوە لە ساڵانی 1930و 1935و 1945و 1946 دژ بە بزووتنەوەی کوردی ڕوویداوە، هەروەها دژ بە ئاشووری و کریستیانەکان لە ساڵی 1933 کە قەسابخانەکەی دۆڵی سێمێلی لێ کەوتەوە، یان چۆن سوپا دژ بە بزاڤی جووتیاران لە فوراتی ناوەند لە ساڵی 1935 چەکیان خستەکار، هەروەها بەکارهێنانی سوپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاپەڕینەکەی کانونی دووەمی 1948 و هەردوو ڕاپەڕینی تشرینی 1952و لەگەڵ ڕاپەڕینەکەی 1956، بەڵام ئەم بابەتە کورت دەکەینەوە بۆ دیاریکردنی بەکارخستنی سوپای ئێراقی لە دژی تێکۆشانی گەلی کورد بە درێژایی مێژووی تازەی ئێراقی.
بە پێی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی 1926 ویلایەتی موسڵ کە ئەوکات موسڵ و هەولێرو سلێمانی و کەرکووکی لە خۆدەگرت خرایە سەر موڵکی دەوڵەتی ئێراقی، بەر لە کۆتایی هاتن بە ئینتیدابی ئێراق لە ساڵی 1932 نامەگۆڕکێ لەنێوان مەلیک فەیسەڵی یەکەم و حکومەتی ئێراقی لە لایەک و هەروەها لەنێوان کۆمەڵەی گەلان لە لایەکی ترەوە هەبوو بۆ چەسپاندنی ئەو مافە ڕەوایانەی پێویست بوون بە گەلی کورد بدرێن تا لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆی ئێراق جێبەجێ بکرێن، بەڵام حکومەتە شۆڤێنییە ئێراقییە یەک لە دوا یەکەکان کە زۆربەی سەرۆکەکانیان پێکهاتبوون لە ئەفسەرانی سەر بەو شۆڕشانەی عەرەبی کە لە دژی دەوڵەتی عوسمانی هەڵدەگیرسان هاوکات لە کۆلێژە سەربازییەکانی ئەوکات دەرچووبوون، لە سەرەتای ساڵی 1930 بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی کوردی بە سەرکردایەتیی هەردوو کەسایەتیی نیشتمانپەروەر شێخ مەحمودی حەفیدو شێخ ئەحمەدی بارزان کەوتە چالاکی لەپێناوی دەستەبەرکردنی هەندێ بەرژەوەندیی گەلی کورددا، دواتر مەلامستەفای بارزانی لەو بزاڤە شۆڕشگێڕانەیەدا بەشداری کردو درێژەی پێدا، حکومەتی ئێراقی وەڵامی داواکارییەکانی نەدانەوە وێڕای پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلانەوە، لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەکان هەڵمەتی سەربازی کرایە سەر کوردستان و بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەوە زۆرکەسیان شەهید کردو بزووتنەوەکەیان لە بار برد، دواتر بزووتنەوەی کوردی بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەدی دووەم لە ساڵی 1935 دەستی پێکردەوە ، دیسانەوە لە لایەن حکومەتەوە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد ڕەتکرانەوەو شێخیان ناچارکرد پەنا بۆ تورکیا بەرێت، کە لە سەرەتادا خستیانە زیندان و دواتر ئازادیان کرد، ساڵی 1945 بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد چەندین داخوازی لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی کۆمەڵەی گەلان پێشکەش کرد کە ئەوانەیش هەر ڕەتکرانەوە، ئەمانەی خوارەوەش هەندێک لەو داخوازییانەن:
1 دامەزراندنی فەرمانبەرانی کارگێڕی لە کورد بۆ ناوچەکانی کوردستان.
2 دامەزراندنی جێگری وەزیرێکی کورد بۆ هەر وەزارەتێک.
3 دانانی زمانی کوردی بە زمانی فەڕمی لە ناوچە کوردنشینەکاندا.
4 دانانی وەزارەتێک تایبەت بە کاروباری کوردی.
5 ئازادکردنی گیراوە سیاسی و زیندانیکراوەکان کە بەهۆی دۆزی کوردییەوە لە زیندانداندا.
6 ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر بۆردومان و تۆپبارانکردن.
7 قەرەبوووکردنەوەی هاووڵاتیانی زیان لێکەوتوو بەهۆی کوشتارەوە.
8 بایەخدان بە کردنەوەی قوتابخانە لە سەرانسەری کوردستاندا.
شەرمەزاری بوو بۆ حکومەت کە نەک ئەو داخوازییە ڕەوايانەی گەلی کوردی پێ دابین نەکرا بەڵکوو بە هاریکاری و پاڵپشتی هێزەکانی بەریتانیی سوپای ئێراق هەڵمەتی سەربازیی کردە سەر شۆڕشی کورد و هەردوو سەرکردە شێخ مەحمود و مەلامستەفایان ناچار کرد ئێراق بەجێ بێڵن و ڕوولە ئێران بکەن و لەوێش لە ساڵی 1946 لە کۆماری مەهاباد بەشدارییان کرد، پاش نسکۆی کۆمارەکەش بە کاروانێکی مێژوویی ڕوویان کردە ڕووسیا، جگە لە شێخ ئەحمەد بارزانی و چوار ئەفسەریان نەبێت کە لێبوردنیان بۆ دەرچوو بوو خۆیان ڕادەست کردەوە بەڵام حوکمی لەسێدارەیان بەسەردا سەپاندن ، بەو شێوەیە بە درێژایی فەرمانڕەوایەتی پاشایی هیچ کام لەو داخوازییە ڕەوایانەی کورد نەسەلمێنرا، بەڵکوو کوردستان وێڕای ئەو سامانە نەوتیەی هەیەتی و پارەی بۆ ئێراق ڕادەکێشا کەچی لەڕووی پێشکەوتنی ئابووری و پەرەپێدانەوە فەرامۆش کرا، هەر بە پارەی نەوتی کوردستان بە درێژایی هەموو حوکمە یەک لە دوایەکەکانی ئەم وڵاتە سوپای ئێراق ئامڕاز بووە بە دەستی حکومەتەوە بۆ لێدانی داخوازییە ڕەواکانی کورد و هەر بە دەستی ئەو سوپایەوە بە هەزاران کورد شەهید کراون، بە گشتی بەهۆی ئەوەی سوپا دژ بە گەلی ئێراق و داخوازییەکانی گەلی کورد کرابووە داردەست، هەرچی هێزی نیشتمانیە لە دەوری سوپا کۆبوونەوەو پێکەوە ڕێککەوتن تا ڕژێم بڕوخێنن وێڕای هەبوونی دوو ئەزموونی شکستخواردووی لەم چەشنە ساڵی 1936 بە ڕابەرایەتیی بەکر سدقی و ساڵی 1941 بە ڕابەرایەتی گەیلانی و چوار عەقیدەکە، ئاماژە بەوەش بدەین کە ڕژێمی پاشایەتی لە ماوەی نێوان ساڵانی 1930 تا 1958 زیاتر لە 16 جاران باری نائاسایی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند هەر لە زاخۆو بارزانەوە تا شارە گەورەکانی وەک سلێمانی و کەرکووک و هەولێرو ڕەواندزو سنجار..تاد
پاشتر شۆڕشی نیشتمانخوازی بە ڕابەرایەتیی عەبدولکەریم قاسم سەرکەوت لە لایەن کوردەوە ئومێدی وەرگیرانی مافە بنەڕەتیەکان شین بوویەوە، هەروەها گەلی ئێراق لە چاوەڕوانی دانانی دەستوورێکی هەمیشەیی و حکومەتێکی مەدەنیدا بوون بۆ دابین بوونی ئازادییەکان و مافە دیموکراتییەکان، بەڵام سوپا دەستی لە دەسەڵات بەرنەدا، لە بری ئەوەی چارە بدۆزرێتەوە بۆ دۆزی ڕەوای کورد بە شێوازی ئاشتیانەوە لە ڕێی دانووستانەوە کەچی بە هێزەکانی ئاسمانی و وشکانیەوە لە کوردستان درا بەهۆیەوە ئاگری شۆڕشی ئەیلول کڵپەی سەند..
کودەتاچییە فاشستەکان بۆ ماوەیەک سەرکەوتنیان بە دەست هێنا لە ڕێی کودەتاکەی 1963وە ئەوانیش بوونە ئامڕازێکی وێرانکەری وا کە لەسەر زاری ساڵح مەهدی عەمماشەوە لەناوبردنی گەلی کوردستان بە سەیرانێکی بەهاریی چوێنراو سوپای ئێراقیان بۆ ئەو مەرامە وێرانکارییە خستە کار تا ئەوانیش بە دەستی هاوپەیمانە نەتەوەییە پەڕگیرەکانی خۆیانەوە تەختکران، فەرمانڕەوایانی نوێ دیسانەوە وەک ئەوانی پێشوو لوولەی چەکەکانی سوپایان ئاڕاستەی تێکۆشانی نیشتمانی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد کردەوەو خەڵکێکی زۆریان لە کوردستان شەهید کرد، تا ئەمانیش لەسەر دەستی بەعسییەکان ڕووخان کاتێ بەعسییەکان بەروبوومی کودەتاکەی ساڵی 1968یان چنییەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بنکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی داکوتا بوو، هێزەکانی پێشمەرگە پێگەیشت، بەعسییەکان ئەمەشیان دەزانی بەڵام سەرکێشانە جەنگیان لە دژیان ڕاگەیاندن و سەرلەنوێ سوپای ئێراقیان پەلکێشی جەنگێکی دۆڕاو کردەوە، سەدام حسێن درکی بەوە کرد کە لە توانایدا نییە بەرگری بکات و بەهۆیەوە ڕەنگە هەموو ڕژێم زیانمەند بکات بۆیە کەوتە سازش و قبوڵکردنی بڕگەکانی ئۆتۆنۆمی بۆ هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی دهۆک، هەروەها بۆ کات کوشتن ئەمەی کرد تا توانای سەربازییانەی سوپا بە چەک و تەقەمەنیی نوێ بەرز بکاتەوەو هێزە چەکدارەکان وەرسوڕێنێت بۆ سوپایەکی بەعسییانە، وێڕای ڕێکەوتننامەی 11ی ئازاریش کەچی کەوتنە پیلان داڕشتن بۆ تیرۆرکردنی مستەفا بارزانی بەڵام شکستیان هێنا، دواتر پیلانێکی نێودەوڵەتییان بە هاوکاریی شای ئێران و ئەمەریکاو ئیسرائیلەوە لە جەزائیر ئەنجام دا، کە دواتر بە ڕێکەوتننامەی شومی جەزائیر ناوی ڕۆیشت، ئەو دەوڵەتانە پێکەوە توانیان زەبرێکی بەهێز لە شۆڕشی ئەیلوول بوەشێنن و بۆ ماوەیەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد ڕاوەستێنن بەڵام هەر زوو شۆڕش خۆی نوێ کردەوە و بە هێزی هەمەجۆرەوە هاتنەوە مەیدان و ساڵی 1976 شۆڕش لە کوردستان بەرپا کرانەوەو ساڵی 1978 یش پاش ئەوەی زەبر ئاڕاستەی شیوعیەکان کرا ئەوانیش پێوەندییان بە شۆڕشی کوردستانەوە کرد، ماوەکانی نێوان ساڵانی 1976 تا 1991 لە لایەن سوپای ئێراقەوە کە هەمووی خرابووە بن دەستی سەدام و بەعسییەکانەوە گەورەترین و خوێناویترین جینۆساید دەرهەق بە گەلی کورد لە مێژوودا ئەنجام درا، لە هەمووی خراپتر بەکارهێنانی ئەو سوپایە بوو بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکانی ئەنفال و جینۆسایدی هەڵەبجەو ناوچەکانی تری کوردستان کە بە جەنگی لەناوبردنی کۆی گەلی کورد ناودەهێنرا، کە سەدان هەزار هاووڵاتی سیڤیلی کورد شەهیدو بریندار کران و چەکی کیمیاوی بە چڕی لە دژیان ڕشێنرا، بە هەزاران گوندیان تەختی سەر زەوی کرد، سوپای ئێراق ئامڕازی سەرەکی جێبەجێکردنی ئەم قەتڵ و عامە بوو لە بری بەکارهێنانی ڕێگە ئاشتییانەکان، دواتریش سوپا بۆ لەباربردنی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 جووڵێنراو بەو شێوەیە بە درێژایی زیاتر لە شەست ساڵ ئەم سوپایە وەک داردەستی حکومەتەکان دژ بە لەناوبردنی کورد دەخرایە گەڕو زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک هاووڵاتی کوردیان لەناوبرد، چ ئیستفسارێک دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بە کورد بوترێت متمانەتان بە سوپای ئێراق هەبێت، پاش ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاوە بە هاوکاریی حزبە ئیسلامیە سیاسییەکانەوە سەرلەنوێ سوپا دامەزرێنرایەوە وەک چۆن ساڵی 1991 بەڕیتانیا دایمەزراندبوو، ژمارەی هێزە چەکدارەکانیان گەیاندەوە ملیۆنێک سەربازو ئەفسەر لەسەر بنەڕەتی تایەفەگیری دوور لە نیشتمانخوازی و هاووڵاتیبوون، بۆیە سەربازانی ئێراقی لە سەربازگەکانیان سرووتی بە زنجیرلە خۆدان مەشقیان پێ دەکرێت بۆ جەخت کردنەوە لەسەر لایەنگیرییان بۆ حکومەتێکی تایەفەگەر، کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان حکومەتی مالیکی و حکومەتی هەرێمەوە بە خێرایی هێزێکیان لە ناو سوپای ئێراق بە ناوی سوپای دیجلەوە دامەزراند تا ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگەی بکەنەوە، ئەگەر ئەمەریکا نەهاتایەتە سەر خەت شتێکی خراپی وا ڕووی دەدا کە هەموو گەلی ئێراق پێوەی گرفتار دەبوون، بارودۆخی ئێستاش داواکارە لە هێزەکانی پێشمەرگە یەکێتی و یەکگرتوویی خۆی لە دەست نەدات و بە یەکڕیزی دەتوانرێت دەستێوەردانی سوپای ئێراقی لە کاروباری ناوخۆی هەرێم دوور بخرێتەوە، کەسیش مێژووی خوێناوی سەدەی ڕابردووی بیر نەچۆتەوە.[1]