ناونیشانی بابەت: ئایینی جو و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی شەشم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$بڵاوبوونەوەی جوو لە کوردستان$
سەبارەت بەو بابەتە، دەکرێ بڵێین، ئەوان بەسەر زۆربەی شار و گوندەکانی وەک #هەڵەبجە#، #سلێمانی#، #پێنجوێن#، #هەولێر#، #دهۆک#، #زاخۆ#، #ئاکرێ#، #کۆیە#، #ڕواندز# و...هتد بڵاو بوونەتەوە، جووەکان، کە خەڵکێکی زیرەک و بەتوانا بوون، بە تایبەت لە ڕووی بازرگانی و کەرتەکانی تری ئابوورییەوە، توانییان لە ماوەیەکی کەمدا ببنە خاوەن موڵک و سامانی خۆیان و پێگەیەکی ئابووریی باش لە کۆمەڵگای کوردستان بۆ خۆیان درووست کەن.
بێجگە لە بواری ئابووری، نەوەکانی سامی کوڕی نووح بایەخێکی تایبەتیان بە بواری خوێندن و نووسین داوە و هەوڵیان داوە منداڵەکانیان لە خوێندنگە تایبەتەکان، کە #تەورات# و ئایین تێیاندا فێری نەوەکانی جوو دەکرا، فێری خوێندن و نووسین بکەن، نموونەی ئەم بابەتە جووەکانی بابل بوون، کە هەوڵیان دا بۆ کۆکردنەوەی قسە و وتارە ئایینییەکانی تایبەت بە ئایینی جوو، کە دواتر بە ناوی پەڕتووکی (تەلموود) کە بریتییە لە تەوڕاتی زارەکی، کۆکرایەوە و بڵاو بووەوە و بوو بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئەم ئایینە، بە تایبەت لەنێو دانیشتووانی ئێراقدا.
جووەکانی کوردستان بە شێوازێکی گشتی لە ژیانێکی ئارام و دوور لە کێشە دەژیان و پەیوەندییەکی باشیان هەبووە لەگەڵ ئەو خەڵکانەی، کە سەر بە ئایین یان نەتەوەی تر بوون.
زمان و نووسینی کوردە جووەکان عیبری بوو، بەڵام بەهۆی تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵکی تر، هەر کەسە و فێری ئەو زمان یان زاراوە تایبەتەی ئەو ناوچەیە بووە، کە لێی نیشتەجێ بووە و بەئاسانی قسەی پێ کردووە.
جلوبەرگی ئاساییان کوردی بووە، کە لە بۆنە و ئاهەنگەکان بە پارچە خشڵ و زێڕ و زیوی تایبەت ڕازێندراوەتەوە.
$بڵاوبوونەوەی ئایینەکە$
لە سەدەی یەکەمی زایینیدا، کە هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتداریی بنەماڵەی (#ئەدیابین#) لە ناوچەکانی نێوان ڕووباری زێی خواروو و ڕووباری دیجلە، بەهۆی تێکەڵاویی کۆمەڵێک لە بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکانی جوو لەگەڵ خێزانی شانشینی ئەدیابین، بەتایبەت کەسایەتییەکی بازرگان بە ناوی (حەناینا) ، کە بازرگانێکی لێهاتوو بوو، کە بێجگە لە کاری بازرگانی، هەوڵی خزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی دەدا و توانیی بەهۆی تێکەڵاویی زۆرەوە لەگەڵ خێزانی شانشینی، بەرەبەرە سەرنجیان بۆ ئایینی جوو ڕابکێشت و بەو شێوازە بوو، کە لە ساڵی 30ی زایینیدا بنەماڵەی شاهانەی ئەدیابین باوەڕیان بە ئایینی جوو هێنا و بە فەڕمی ئایینی جوویان وەک ئایینی فەڕمیی بنەماڵەکەیان هەڵبژارد.
لەدوای ئەم باوەڕهێنانە، #شاژن هێلینا# (کە هاوسەر و خوشکی پاشا مۆنبازوسی یەکەمی پاشای ئەدیابین بوو) بڕیاری دا زیاتر شارەزای ئەم ئایینە بێت، بۆیە داوای لە حاخام (ئەلیعازر) کرد، کە سەردانی کۆشکی پاشایەتی بکات، بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون لە ڕێوەڕەسمەکانی ئایینە تازەکەیان و بەم جۆرە بوو، کە شاژنە هێلینا بوو بە کەسێکی دڵسۆز بۆ جووەکانی کوردستان و بەتایبەت جووەکانی ئۆرشەلیم.
شاژن هێلینا لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا بە مەبەستی حەجکردن بڕیاری سەفەر و سەردانکردنی ئۆرشەلیمی دا، بەڵام ئەم سەفەرەی گەڕانەوەی تێدا نەبوو و شاژن هێلینا لە ئۆرشەلیم مایەوە و لەوێ لە ناوچەیەک کە ئەمڕۆ (#البلدە القدیمە#) ی پێ دەگوترێت، گۆڕێکی بەردین بۆ خێزانی شاهانە درووست دەکات، کە گۆڕی خۆیشی هەر لەوێ دەبێت.[1]