ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی حەوتم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
هەر لەسەر کەسایەتییە بەناوبانگەکانی #ئایینی جوو# لە کوردستان، دەتوانین ئاماژە بە کەسایەتیی خاتوو (#ئەسینات بارزانی#) بکەین، کە کچی یەکێک لە حاخامەکانی ناوچەی مووسڵ بوو، کە لەبەر زیرەکی و لێهاتوویی خۆی توانیی هەموو بەشەکانی خوێندنی ئایینی و زانستی لە کنیشک لای باوکی تەواو بکات و بگاتە پلەی حاخامی، کە ئەوەیش هەتا ئەو کاتە لە مێژووی ئایینی جوو شتێکی نوێ بوو و یەکەم جار بوو ڕوو بدات.
ئەسینات لەدایکبووی ساڵی 1590، لە شاری مووسڵ، کچی (سامویلی کوڕی نیتانێل) ە، کە یەکێک لە بەناوبانگترین و دیارترین بانگخوازەکانی کورد بووە، ئەو لەدوای مردنی باوکی، ئەرکی سەرکردایەتیی بواری ئایینیی جووەکانی ناوچەی مووسڵ و ئامێدی وەردەگرێت و دەبێتە کەسایەتییەکی گرنگ و دیاری جووەکان لە کوردستان.
$ئەسینات لە ساڵی 1670 کۆچی دوایی کرد و گۆڕەکەیشی لە شاری ئامێدییەیە.$
جووەکان لە ئێراق بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەت، خاوەن شوێن و پێگەی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان بوون، کە لە کاتی بۆنە و جەژنەکان زۆربەی خەڵکی جوو لەو مەراسیمە و لەو شوێنە ئایینییە، کە ناوی (کەنست) بوو، ئامادە دەبوون و ڕێوڕەسەمەکەیان جێبەجێ دەکرد.
بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانین بڵێین هەتا درووستبوون و گەشەکردنی (زایۆنیزم) و بڵاوبوونەوەی ئەم بیروڕایە لەناو خەڵک، جووەکان لە کوردستان هەتا ڕادەیەکی باش لە ژیانێکی سادە و دوور لە کێشە دەژیان.
$سەبارەت بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی خەڵکی جوو و موسڵمان لە کوردستان$،
بە گشتی پەیوەندیی باشیان هەبووە و لەگەڵ یەکدا تێکەڵاوییان هەبووە و زۆر جار لە کاتی بۆنە و ئاهەنگەکان سەردانی یەکتریان کردووە و تەنانەت هاتوچۆی خێزانیشیان هەبووە، لەناو سەرچاوەکان و چیرۆکە ڕاستەقینەکاندا هاتووە، کە هەندێ جار پەیوەندیی ژن و ژنخوازی لەنێوان موسڵمانەکان و جووەکاندا هەبووە، کە ئەوەیش زۆربەی جار بە گۆڕینی ئایینی یەکێک لە لایەنەکان، سەری گرتووە.
ئەم پەیوەندییە بەم شێوازە و هەندێ جاریش بە خۆ دوورگرتن و تێکەڵنەبوونی هەردوو لا بەردەوام بووە، هەتا کاتی سەرهەڵدانی بیرۆکەی زایۆنیزم و بزووتنەوەی نەتەوەیی جوو بۆ پاراستنی شوناس و ڕەگەزی خۆیان لەبەرانبەر کۆمەڵکوژیی زلهێزە دژە جووەکان لە سەرانسەری دنیا.[1]