ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی هەشتم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
لەگەڵ سەرهەڵدانی جووڵانەوەی زایۆنیزم لە جیهان، کە جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی بوو و ئامانجی سەرەکییان درووستکردن و دامەزراندنی وڵاتێکی یەکگرتووی سەربەخۆ بوو بۆ جووەکان، بۆ کۆکردنەوەی هەموو جووەکانی جیهان، کە ئەویش گەڕانەوە بۆ وڵات و زێدی باب و باپیرانیان واتا #ئیسرائیل# (کە لەدوای نەمان و بەجێهێشتنی نەتەوەی جوو، بوو بە فەڵەستین و نەتەوەی عەرەبی موسڵمان لەوێ نیشتەجێ بووە) ، بۆیە جووڵانەوە و چالاکییەکان بۆ بەدەستهێنان و گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئیسرائیل بوو، لەو کاتەدا کۆمەڵێ لە جووەکان کوردستانیش هەوڵی تێکەڵاوی و ئەندامییەتیی ئەم جووڵانەوەیان دا.
لە کاتی گەڕانەوە، یان ڕۆیشتنی چالاکوانە یەهوودییەکان بۆ ناو خاکی فەڵەستین و دەستکردنیان بە چالاکی، لەگەڵ خەڵکی موسڵمانی نیشتەجێی فەڵەستین تووشی کێشە و توندوتیژی دەبن و لەو کاتەوە شەڕ لەنێوان هەر دوولا دەست پێدەکات. سەرۆک و ڕابەرانی ئەم جووڵانەوەیە هانی خەڵک و گەنجانی یەهوود لە شوێنەکانی تری جیهان دەدەن، بۆ ئەوەی بەشداری لەم جووڵانەوەیە بکەن، بۆیە لەم کاتەدا کۆمەڵێ لە گەنجانی جوو لە کوردستان بەرەو وڵاتی ئیسرائیل یان فەڵەستین بەڕێ دەکەون، هاوکات لەگەڵ عەڕەبە موسڵمانەکانی فەڵەستین بۆ ئەوەی لەم شەڕە سەرکەوتوو بن، هەوڵ دەدەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی عەرەبی و وڵاتە دراوسێیەکانیان و داوای پشتگیریی سەربازی دەکەن، بۆیە هەستی ئایینی و نەتەوەیی عەرەبە موسڵمانەکانی ناوچەکانی تر دەجووڵێ و دەکەونە دژایەتیکردنی خەڵکی جووی نیشتەجێ لە وڵاتەکانیان، کە کوردانی جوو لە کوردستانیش دوور نەبوون لە دژایەتی و ئەو کێشانەی سەریان هەڵدا.
لە سەرەتاوە بابەتەکە لە ناوچەکانی کوردستان زۆر دیار یان جدی نەبوو، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی چەندین وتار لە لایەن پیاوانی ئایینی لە بەغدا، ئەم بابەتەکە لە لایەن کۆمەڵێ خەڵکی توندڕەوەوە پەرەی سەند و بەرەبەرە هاتە ناو خەڵکی ئاسایی، بۆیە لەو کاتەدا ژیان بۆ کوردە جووەکان زۆر ئەستەم بوو، بەو ڕادەیە کە کۆمەڵێکیان بۆ پاراستنی گیان و موڵکیان دەستیان کرد بە گۆڕینی ناو و پێناسەی نیشتمانییان، لە ناوی یەهوودییەوە بۆ ناوی موسڵمان و ئایینی ئیسلامیان کرد بە ئایینی فەڕمی لەسەر پێناسەکانیان.
جووەکان زۆربەیان حەزیان بە مانەوە دەکرد لە کوردستان، بەڵام بەهۆی هەندێک پلانی ڕێکخراوی ڕابەرانی زایۆنیزم بەپێی هەندێک سەرچاوە و بەهۆی وەرگرتنەوەی وڵاتینامەکەیان ناچار کران کوردستان جێ بهێڵن و وێنە و یادەوەریی بەتەمەنەکان باسی دڵتەنگی و گریان و تازیەباریی ئەوکاتی موسڵمانانی کورد دەکات بۆ بەناچار بەجێهێشتنی کوردستان.
لەو کاتەدا هەندێکی تر لە جووە کوردەکان کوردستانیان جێ هێشت و بەرەو ئیسرائیل ڕۆیشتن، ئەم کارەش لە سەرەتاوە کەمێک ئاسان بوو، بەڵام دوای ماوەیەک بۆ بێهێزکردنەوەی زایۆنیزم و جووڵانەوەکە، دەسەڵاتدارانی وڵاتە موسڵمانەکان هەستان بە دانانی کۆمەڵێ یاسا و ڕێگا بۆ ئەو جووانەی دەیانەوێت ئێراق و کوردستان بەجێ بهێڵێن، وەک ئەوەی نابێ پارە یان زێڕ لەگەڵ خۆیان ببەن، یان دەبێ ڕەگەزنامەکەیان بگەڕێننەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی.
ئەم ڕووداوانە هەتا ساڵی 1948 بەردەوام بوون، لە سەردەمی مەلیک (#فەیسەڵی دووەم#) بە بڕیاری کەوتنی ڕەگەزنامەی ئێراقی، کە لە لایەن (ساڵح جەبر) وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەی ئێراق جێبەجێ کرا، جووەکان ڕەگەزنامەی ئێراقییان لێ وەردەگرێتەوە و بەرەو ئیسرائیل کۆچیان پێ دەکەن.
سەرەڕای دەرکردنی فەرمانەکەی ساڵی 1948 و ناردنەوەی بەشێکی زۆر لە جووەکانی کوردستان بۆ ئیسرائیل، بەشێک لە جووە کوردەکان بە کۆچ ڕازی نەبوون، بۆیە پێشتر بڕیاری گۆڕینی ناو و ئایینیان لە ڕەگەزنامەکانیان دابوو و هەندێکیان ڕازی بوون بە هاوسەرگیریی منداڵەکانیان بە خەڵکی موسڵمان، کە ئەمە زیاتر لەپێناو پاراستنی گیانی منداڵەکانیان بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جووەکان هەوڵیان دەدا لەناو چوارچێوەی خێزانیی خۆیان ئایینەکەیان بیپارێزن و جێبەجێی بکەن.
بەپێی شەرعی ئایینی جوو، ئایین لە دایکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، واتا لە ڕێگای خوێنی دایکە، کە ئەم ئایینە دەگوازرێتەوە و نەوە دوای نەوە بە جوو لەدایک دەبن، بۆیە لەدوای هاوسەرگیریی کچانی جوو لەگەڵ پیاوانی موسڵمان، ئەم منداڵانەی لەدایک دەبن، جوون، بۆیە لەدوای ساڵی 1948ەوە ئەو جووانەی لە کوردستان مابوون، نەک لەناو نەچوون و لەگەڵ ئایینەکانی تر نەتوانەوە، بەڵکوو نەوەی نوێیان لێ پەیدا بوو، بۆیە هێشتا لەدوای تێپەڕینی چەندین ساڵ لەو بابەتە مێژووییە، بەشێک لە خەڵکی جوو لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ماونەتەوە و لەگەڵ خەڵکی تر پێکەوە ژیان بەسەر دەبەن.[1]