لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی #مەلا بەختیار#، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە ڕێکاری پەیڕەوی لە دژی مەلا بەختیار بگرێتە بەر.
لە دواین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاردراوە ڕێکاری پەیڕەوی لە دژی مەلا بەختیار بگیرێتەبەر بەهۆی ئەوەی ناوبراو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە دژی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لێدوانیداوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێی وایە مەلا بەختیار چەندین جار لێدوانی لە دژی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوە، بە قسەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لێدوانەکانی مەلا بەختیار پێشێلکردنی زۆر خاڵی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییە و بەپێی ئەو ڕێکارانەی لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا هاتوون مامەڵە لەگەڵ مەلا بەختیار دەکرێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی گرتنەبەری ڕێکاری پەیڕەوی لە دژی مەلا بەختیار، پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگییەوە هەیە کە سێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی تۆمەتبار دەکات بە کارکردن بۆ ڕژێمی بەعس و هەروەها هەر یەک لە #بافڵ تاڵەبانی# و #قوباد تاڵەبانی# و #لاهور شێخ جەنگی# تۆمەتبار دەکات بە بردنی یازدە ملیۆن دۆلار لە داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی #باشماخ#. [1]