پێشینان ئەڵێن: (جوولەکە سەد تمەن ئەدا بۆ ئەوەی شەوێک منداڵەکەی لەدەرەوە نەخەوێت) .
کاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کابرایەکی جوولەکە کوڕەکەی ون دەبێت، جاڕچی دەخاتە ناو شار و ڕایدەگەیەنێت، هەرکەسێک کوڕەکەی بۆ وەدۆزێت دە تمەنی مژدانە ئەداتێ، کاتژمێرێکی پێئەچێت و کوڕ پەیدانابێت، مژدانە ئەکات بە بیست تمەن و هەر بەوجۆرە کاتژمێر بە کاتژمێر نرخی دۆزینەوەی کوڕەکەی زیاد ئەکات هەتا شەو دادێت، مزگێنی لە شەودا دەگاتە سەد تمەن .
کابرایەکی تەماحکار کە هەر لە عەسرەوە کوڕەکەی دۆزیبووەوە، کاتێک بینی مژدانە کاتژمێر لە دوای کاتژمێر لە زیادبوونە و ئەمیش خۆی دانابوو بۆ سەروو سەد تمەن.
ئەو شەوە تێپەڕی و بۆ بەیانی خەبەرێک لە جاڕچی نەما ، ناچار کابرای تەماعکار خۆی پەلی کوڕەکەی گرت و بردیەوە بۆ لای باوکی و داوای سەد تمەنەکەی دوێنێی لێکرد،
باوکی کوڕە وتی: ئەو سەد تمەنەم دوێنێ ئەدا کە کوڕەکەم شەوێک لەدەرەوە نەخەوێ، ئێستا کە خەوتووە ئیتر فلسێکیشی پێنادەم .
$خولاسەی کەلام$:
- نرخی شتەکان بە گوێرەی ڕۆژ دەگورێ ، ئەوەی دوێنێ بە پارەبوو ئەمڕۆ بەبەلاشیش کەس نایەوێت ، ئەوەی ئەمڕۆ لای تۆ گرنگە ڕەنگە بەیانی هیچ بەهایەکی نەمێنێ .
- خەڵکی پارێزگاری لە (جام دەکەن بۆ ئەوەی نەشکێ و نەزرنگێ) جام کە شکا و زرنگا ، تازە چ بێدار بی چ خەوتوو.
- کورد ئەڵێ (بە سەد دەرزی گاسنێکی تیا نابێت) سەد شتی بچوک شتێکی گەورەیان تیا نابێت ، ئەوەی بە وردی کۆتکردۆتەوە مەهێڵە بە درشتی لە دەستت بچێت .
[1]
هێمن عەبدولقادر.