$ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە$
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات بە سەرۆکایەتیی بەڕێز برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و بە یاوەریى بەڕێز ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاساییشی وزە.
ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى ئێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی وڵاتە یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە.
هەرێمی کوردستان لە بەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتیش #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە.
داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکەن. ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین.
هاوکات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامى چارەسەری کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیى #ئێراق# و حکوومەتی هەرێمی #کوردستان# دەکەین. وێڕاى سەختییەکانى ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری ئێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین. [1]
سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان
#18-01-2023#