کتێبە نەفرەتلێکراوەکان یان کتێبی تەمەن!
#ئیدریس عەلی#
کتێبە نەفرەتلێکراوەکان کامانەن و کێ نەفرەتی لێ کردوون؟ بۆچی بە درێژایی مێژوو پەڕتووکگەلێک هەبوون کە بیروباوەڕە ئایینی و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لێی ترساون، وەک ئەوەی هێزێکی پڕ چەک و جبەخانە بن و هێرشیان هێنابێت و تخوبی ملهوڕیی ئەوان بخەنە مەترسییەوە، لەشکر و سوپایان لە دژ پەڕتووک و دانەرەکانیان بەکار هێناوە؟ چما پەڕتووک کە لەنێو دووتوێی لاپەڕەکانیدا چەند دێڕ و وشە و ئایدیایەکی هەڵگرتووە، دەتوانێت ترس بخاتە دڵی ستەمکاری و کۆنەخوازی؟ یاخود کۆمەڵگە لەخشتە بەرێت بجۆریکی دی ئاڕاستەی بکات؟ گەر وا نییە، ئەو سیحر و جادووە چییە لە پەڕتووک و لاپەڕەکاندا هەن کە وا پایەکانی دەسەڵات دەلەقێنێت و ئاگر لە پووشی مۆراڵی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی کۆمەڵگە بەردەدات و دۆخی چەقبەستوو دەکاتەوە؟
بێگومان ڕۆڵ و کاریگەر پەڕتووک لە مێژووی کۆن و نوێدا، بارتەقای بزووتنەوە کۆمەڵەیاتییەکان، جێگای مەترسی بووە لەسەر سیستمە سیاسی و ئایینی و دیکتاتۆر و ستەمکارەکان، چونکە لانی کەم پەڕتووک بێمنەتتر و بەکاوەخۆتر دەتوانێت پەردە لە ڕووی ناشرینی و دزێوییەکان، گەندەڵی و ناعەدالەتی، هاوکات بیروباوەڕی کۆنەخوازی کە وەک کۆڵەکەیەکی بنچینەیی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی ستەمکاری و گەندەڵیی حوکمڕانە مشەخۆرەکانی سەر خوێن و گیانی مرۆڤ هەڵداتەوە و جەسوورانە ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکانی قۆناغ و سەردەمی خۆی ببێتەوە، لە دیوێکی دیکەوە، پەڕتووک وەک دەریچەیەک، تیرۆژی ڕووناکی خۆی دەهاوێت بۆ پنتە تاریک و نادیارەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕاستەوخۆ دەرگا داخراوەکانی سەر هزر و ئەندێشە دەکاتەوە، ئەم چەمکانە بێگومان دەبنە هۆکاری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ئەم هۆشیارییەش لە ڕەگەوە عەرشی نادادی و ستەمگەری و یۆتۆپیای ئایدیالی هەڵدەتەکێنێت، بۆیە دەبینین هەمیشە ئەو کۆمەڵگایانەی کە پەڕتووک تیایاندا وەک هەر کاڵایەکی دیکە بەها و نرخی تایبەت بە خۆی هەیە، تاکەکانی نە بە حوکمی کۆنیی هەزاران ساڵە، نە بە ستەمکاری و نادادی ڕازی نابن و ڕەوتی پێشکەتن پتر بەرەو پێشەوە دەبەن.
لە ماوەی پێشوودا دوو پەڕتووکی ئێجگار ناوازە و پڕ لە زانیاریی یەک نووسەر کە (عەلی حسێن) ە، لە لایەن دوو وەرگێڕی ئێجگار لێهاتوو و شارەزا (سەباح ئیسماعیل و ئازاد بەرزنجی) بە چاپی دوو ناوەندی ڕووناکبیریی وەک (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و ناوەندی غەزەلنووس) بە ناوەکانی (لە حزووری پەڕتووکدا و پەڕتووکە نەفرەتلێکراوەکان) کەوتنە نێو پەڕتووکخانەی کوردییەوە، یەکێکیان (لە حزووری پەڕتووکدا) چیرۆکی ئەو پەڕتووکە مەزنانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ڕۆڵیان هەیە لە بوونیادنانی ڕۆشنبیرییەکی فرەڕەهەند و فراواندا، ئەوی دیکەیان (پەڕتووکە نەفرەتلێکراوەکان) ە، کە ئاشنامان دەکات بە مێژووی نەفرەتی دەسەڵاتدارە ئایینی و مێشکداخراو و دیکتاتۆرەکان لە پەڕتووک و دانەرەکانیان، ئەم پەڕتووکە پێمان دەڵێت ڕۆژگارێک کیشوەری ئەوروپا و خۆراوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەکەوە لانکەی شارستانییەت و زانست و داهێنانی هونەری بوون، لە لایەکی دیکەشەوە زادگەی وەحشییەتگەری و قەتڵ و خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی بوون بۆ کوشتنی هزر و هۆشمەندی.
پەڕتووکە نەفرەتلێکراوەکان کە کاک (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی بێئەنداز و جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە جۆری ئەو پەڕتووکانەیە کە لەسەر سێ ئاست تینوێتی خوێنەر دەشکێنن: ئاستی یەکەم ئەوەیە کە هۆکاری نەفرەتلێکردنەکەمان پێ دەڵێت... ئاستی دووەم کۆمەڵێک نووسەر و بیرمەند و ڕۆشنبیری گەورەی دونیامان پێ دەناسێنیت و ئاشنامان دەکات بە پێگەی ئەدەبی و فیکری و ئاستی داهێنانیان... سێیەمیش ئەوەیە لەو دوو ڕێگەیەی پێشووەوە مێشکی خوێنەر پڕ دەکات لە زانیاری و مەعریفەی جۆراوجۆر، بێگومان ناکرێت شێواز و تەکنیکی نووسینی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەوانە عەرەبەش (عەلی حسێن) بە هۆکارێکی بنچینەیی جوانی و پڕ چێژی و گرنگی پەڕتووکەکە نەزانین کە هەوڵی داوە بە شێوەی چیرۆکئامێز حیکایەتی پەڕتووکە نەفرەتلێکراوەکان و نووسەر و بیرمەندەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، بە تایبەت کە زمانی نووسینی، زیاتر لە زمانی ڕۆژنامەوانی، واتە سادە لە ڕووکەشدا، بەڵام قووڵ و فرە ڕەهەند لە ناواخن و مانادایە... هاوکات ئەوەی دووبارە ڕۆحی جوانی و جاویدانیی وەبەر ئەم پەڕتووکە پڕ بایەخەدا کردووەتەوە، زمانی ورگێرانی کوردییەکەی ئازاد بەرزنجییە، بێگومان ئەم جۆرە پەڕتووکانە بە هەموو وەرگێڕێک وەرناگێڕدرێت، بەڵکوو وەرگێڕێک لە عۆدەی دێت، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان بێت و پەڕتووکناس و گەڕیدەیەکی بێئامانی نێو دونیای پەڕتووکان بێت.
من دەست لە شەرحکردنی ئەم پەڕتووکە هەڵدەگرم و ناخوازم وردودرشتی نێوەرۆکی بابەتەکانی بەرهەڵدا بکەم، لێدەگەڕێم نووسەر و خوێنەری کورد خۆیان، لە ڕێی خوێندنەوەی خۆیانەوە بەر زانیارییە تایبەتییەکانی پەڕتووکەکە بکەون، دڵنیام ئەم پەڕتووکە گەر لە لایەکەوە بۆ چێژ بێت، لە سەد لاوە بۆ زانیاری وەرگرتن و شۆڕبوونەوەیە بە ڕۆژگارێکی دێرین و نوێدا، ئاشنابوونیانە بەو دەسەڵاتە ستەمگەرانەی کە بە ناوی خودا و ماف و نەتەوە و نیشتمان و پیرۆزییەکانەوە، نەفرەت لەو فەیلەسووف، نووسەر، بیرمەند و ئەندێشەمەندنە بکەن، کە لە مێشکی هەر تاکێکی ئەم گێتییەدا مۆمێکیان بۆ هەمیشە هەڵکردووە.[1]