#لەتیف ڕەشید# سەرۆک کۆماری ئێراق لەبارەی ناکۆکیەکانی نێوان پارتى و یەکێتی لەچاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان، هەموو هەنگاوێکمان ناوە، بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان پارتى و یەکێتیش نەک ئێستا، پێش ئەوەی بچمە #بەغدا#ش هەوڵمداوە و ئێستاش #19-1-2023# لە هەوڵى چارەسەرداین.
وتیشی: پێم وایە ئەمانەى کە هەن کێشەی گەورەنین لەنێوان پارتى و یەکێتیدا، زۆرجار سۆشیاڵ میدیاکان یارمەتیی نادەن و کێشەکان فراوانتردەکەن و تاڕادەیەکی زۆر کێشەکان تۆخدەکەنەوە لەنێوان هەردوولادا.
ڕاشیگەیاند، بە بۆچونی من ئەم کێشانە تێنەگەیشتنە لە هەندێک کاروباری حکومی و حزبی، پەیوەندیەکی بەردەوام و باشم لەگەڵ هەردوولادا هەیە و خەڵکی تریش هەیەتی و هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێم کە هاتە بەغدا گفتوگۆی ئەم بابەتەمان کردووە بۆ ئاسایبوونەوەی دۆخەکە، هیوادارین بەمزوانە هەردولا بگەنە ئەنجامێکی باش.
سەرۆک کۆماری ئێراق ئەوەشى وت: ئێمە تا بەهێزبین لە هەرێم و تا پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکانمان بەهێزبێت، زیاتر بەهێزتردەبین لەڕووی بودجە و لەڕووی جێبەجێکردنی بڕیارەکانیتر و لە هەموو ڕوویەکەوە، هیوادارم ئەم پەیامەم بگاتە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە پێویستمان نەک هەر بەیەکێتیی، بەڵکوو پێویستمان بە یەکێتییەکی بەهێزیش هەیە بۆ ئەوەی لە بەغدا یەک ئامانج و یەک پڕۆگرام کۆمان بکاتەوە بۆ خزمەتی کورد. [1]