ئەمریکا وادەیەکی چوار مانگی بۆ حکومەتی ئێراق داناوە، تا ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی وڵاتەکەی جێبەجێبکات.
ئەو شاندەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کاروباری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەردانی #بەغدا#یان کردووە، بەشێکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراق تایبەتبووە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار و ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی ئێراق.
لەمیانی گفتوگۆکان، شاندەکەی ئەمریکا جەختیانکردووەتەوە، کە دەبێت حکومەتی ئێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ئێراق بنێرێتە پەڕڵەمان و پڕۆژەکەش لە پەڕڵەمان پەسەند بکرێت.
شاندەکە جەختیان کردووەتەوە، کە جگە لەوە دەبێت ئێراق پابەندبێت بە ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا، بۆ ڕێگری لە بردنە دەرەوەی دۆلار لە ئێراقەوە بۆ وڵاتانی تر، بەتایبەتی ئێران و سووریا.
شاندەکە جەختیانکردووەتەوە، کە ئەگەر ئێراق ئەو ڕێکارانە جێبەجێبکات، ئەوە لە ماوەی چوار مانگ بانکی ناوەندی کۆت و بەندەکانی سەر بانکی ناوەندی ئێراق هەڵدەگرێت و پارەی پێویست دەخاتە سەر ئەژمارەکەی، بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار ئاسایی بێتەوە. [1]