ناونیشانی بابەت: سەردەمی پارچە شوێنەوارەکەی بەردەڕەش ئاشکرا کرا
نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا پارچەشوێنەوارێکی کۆن لەناو زەوییەکی کشتوکاڵی لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی #بەردەڕەش# دۆزرایەوە، دوای لێکوڵینەوەیەکی ورد لەلایەن شوێنەوارناسێکەوە سەردەمەکەی ئاشکرا کرا.
لەم بارەیەوە، عومەر حسێن شەریف، کە ماستەری لە شوێنەوارناسی هەیە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: لە 31/7/2022 بەردێکی شوێنەواری لەناو زەوییەکی کشتوکاڵی کە بە گردی چیاماشان ناسراوە لە گوندی گربدەوی سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش دۆزرایەوە، دوای ئەو ماوەیە بەپێی پسپۆڕییەکەی خۆم دەستم بە لێکوڵینەوە کرد لەسەر نووسراوەکەی سەر بەردەکە و بۆمان دەرکەوت کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی #ئاشووری# نوێ.
وتیشی: نووسراوەکەی سەر شوێنەوارەکە بە خەتی بزماری و بە زمانی ئاشووری نووسراوە و باس لەوە دەکات ئەو بەردە بۆ شوورای بارەگای پەرستگای پاشای خوداوەندی ئاشوورییەکان، خوداوەندی یەکسانیی ڕۆژهەڵات بەکار هاتووە.
ئەو شوێنەوارناسە ڕایشیگەیاند: بەداخەوە لە کاتی گواستنەوەی بەردەکە بە شێوەیەکی زانستی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و بەشێکی نووسینەکانی شکاون و نەمانتوانی لێکوڵینەوەی لەسەر بکەین.
وتیشی: بەپێی وتەی خەڵکی گوندەکە لە ساڵی نەوەدەکان هەر لەو شوێنە بەردێکی دیکەش دۆزراوەتەوە و ئەو پارچەشوێنەوارەش لەگەڵ بەردەکانی گوندی گرێگا لە شارۆچکەی بەردەڕەش بۆ یەک مێژوو و سەردەم دەگەڕێنەوە.
سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش دەوڵەمەندە لە واری شوێنەواریدا، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا کنەوپشکنین وەکوو پێویست لەسەر شوێنەوارەکان نەکراوە و بە گوتەی شوێنەوارناسان، نزیکەی 500 شوێنی شوێنەواری لە سنوورەکە هەن و بەهۆی نەبوونی بەشی شوێنەواری لەو قەزایە پشتگۆی خراون و شوێنەوارناسانی سنوورەکە داوا لە #حکوومەتی هەرێمی کوردستان# دەکەن، فەرمانگەی بەشی شوێنەوار و کەلەپوور لە قەزاکەیان بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەم کەرتە بدرێت.[1]