$ئاڵا شوناسی کێیە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
دوو قسەی دوور لە عاتیفە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە!
ئەمڕۆ نامەیەکم لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم پێگەیشت تێیدا نووسرابوو ئاڵای کوردستان شوناسە وسومبلی بەرخودانە. بابە یەکەوە ئەم ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕاگرین با لەهەڵە زمانەوانی و خاڵبەندییەکانی ئەم چەند وشە کەمە گەڕێین کە بەرزترین دامەزراوە بە زمانی کوردی دەکات، پرسیارێکی جیدی لەخۆمان بکەین ئایا ئاڵا شوناسی کێیە؟
ئاڵا بەتەنیا پارچە پەڕۆیەک نییە، ئیعتبار و ڕەمزە بۆ شتێک لەخۆی گەورەتر. وەک پارە وایە، بوونەکەی لە ئیعتبارەکەیدایە. گەر ئیعتبار نەما پارە چۆن دەبێتە زبڵ یا لانی هەرە زۆری پارچە کاغەزێکی ئاسایی ئاڵاش بەهەمان جۆر دەبێتە پارچە پەڕۆیەکی ئاسایی.
ئەوەی بۆ من پرسیارە ئەوەیە بۆچی هەموومان باوەڕی یەکسانمان بە پارە هەیە بەڵام بە ئاڵا نا؟ ئەمە گرینگترین پرسیارە کە بکرێت. بە بڕوای بەشی هەرە زۆری مێژوونووسان نوێ پارە گرینگترین هۆکاری گواستنەوەی مرۆڤە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە. تەماشای یەکەم مرۆڤ بکەن چۆن حاسڵاتی ساڵێکی ڕەبەقی خۆی لە گەنم و مێوژ دەگۆڕێتەوە بە پارچە کانزایەکی بێ ڕۆح و گیان، ئەمە چ ئیمان و باوەڕێکە بەو چیرۆکەی پارە هۆنیویەتییەوە خودایا!. ئەوەی وایکردووە پارە هەبێت ئیعتیبارە ئەوەشی ئەو ئیعتبارەی هێشتۆتەوە ئەو چیرۆکە بەهێزەیە کە لە پشتییەوە وەستاوە.
بەهۆی ئەوەی مەیمونێک وەک ئینسان ئیدراکی نییە و توانای هۆنینەوەی چیرۆکی بۆ دیاردەکانی دەوروبەری نییە لەنێوان سەد دۆلارییەک و مۆزێکدا مۆزەکە هەڵدەبژێرێت. مەسەلەی ئاڵاش هەمان چیرۆکە. بۆ ئەوەی هەموومان بە ئەندازەی یەکسان ڕێزیلی بگرین و بە هیی خۆمانی بزانین، گرنگە ئەو چیرۆکەی لە پشت ئاڵاوە هەیە چیرۆکێکی موزەیەف و خڵەتێنەری سیاسیی و شاعیرانی دەربار و هەلپەرەست نەبێت بەڵکوو حیکایەتی هەموومان بێت بەبێ جیاوازی، باس لە هەموومان بکات. کاری دەوڵەت و حوکمڕانی ڕەشید تێرکردن و دابینکردنی ئارامییە، نەک هۆنینەوەی چیرۆک و ئیعتیبار بۆ دیاردەکان. کاتێک گەل تێر بوو و ئارامیی هەبوو ئەوا خۆی دەتوانێت بەبێ تەممەلوک و تەککەلوف باشترین و زەمەنبڕترین جۆری هونەر و شیعر و چیرۆک بۆ دیاردەکان بهۆنێتەوە، لەوانەش ئاڵا.
ئاڵای هەرێمی کوردستان هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک بێت ئەمڕۆ بووە بە دیفاکتۆ وەک ئاڵای کورد نەک نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە تەماشا دەکرێت، بەڵام ئەوەی سەیرە پێچەوانەی گەلانی دونیا لێرە کاربەدەستان زیاتر بە هیی خۆیانی دەزانن لە خەڵک. بۆ ئەوەی ئاڵا ڕزگاری ببێت لەوەی بەتەنیا پارچە پەڕۆیەک بێت، دەبێت سەرەتا لەدەستی سیاسییی و بازرگان و کەسانی ئایدیۆلۆژیست ڕزگار بکرێت و بکرێتەوە بەهیی خەڵک، هەتا چیرۆکی پشت ئاڵا لە چیرۆکی فەرمانڕەوا و خێزانە دەوڵەمەند و ئەرەستۆکراتەکانەوە نەبێتەوە بە چیرۆکی خەڵک ئاڵا نابێتە موڵکی هەموان. ئاڵا دەبێت سیمبۆلێک بێت بۆ گێڕانەوەی حیکایەتی هەموومان نەوەک تەنیا حیکایەتی دەستەبژێری سیاسیی و بازرگانەکان بێت.
هەرکاتێک حوکمڕانێک یان سیاسییەک لەبری دابینکردنی قووتی ڕۆژانە و پەروەردە و تەندرووستیی باسی بەها و گرنگیی ئاڵای کردو و شیعر و شانامەی بەباڵادا هۆنییەوە، ئەوە بزانە دەیەوێت پینەی ئەو کون شەبەقانەی پێبکات کە لە ڕەشماڵی حوکمڕانییەکەیدا درووستبووە و عەیبەکانی خۆی پێدەشارێتەوە. هەرکاتێک حکومەتێک، دەوڵەتێک، حیزبێک، ڕێکخراوێک یا هەر مەنزومەیەکی سیاسیی و ئیداریی هات و ویستی فێری دینداریی، خۆشەویستی ئاڵا، ڕەوشتی جوان، ئەخلاق، سینەما، فەلسەفاندن، هونەر، میوزیک، شیعر و نیشتماندۆستیی و بەها مەعنەوییەکانمان بکات ڕاست بزانە ئەو مەنزومەیە ساختەچیی و نابەرپرسیار و خڵەتێنەرە، دەیەوێت لە بەرپرسیارێتی سەرەکیی خۆی ڕابکات، گەندەڵیی و بۆشاییە تەکنیکیی و سیاسیی و کارگێڕییەکانی خۆی بەو مێسجە هونەریی عاتیفیی و ڕۆحیی و فەلسەفییانە پڕدەکاتەوە کە لەڕاستییدا کاری ئەو نییە. گەر ئەو خەڵکەکەی خۆی لە بوارەکانی دادپەروەری و ژیاری و ئەمنی و یاساییەوە تێر کرد ئەوان دواتر خۆیان بەبێ تەکەلوف هەموو ئەوانە درووستدەکەن.
کاری دەوڵەت و بەدیاریکراویش مەنزومە حوکمڕانییە کاتی ڕاگوزەرەکەی بەرهەمهێنانی شیعر و شانامە و شاعیر و فیلم و میوزیک و تاکی نیشتمانپەروەر و ئیماندار و فەیلەسوف نییە، کاری دەوڵەت ڕێکخستنی ژیان و گارەنتیکردنی قوتی ئەو ژیانەیە بۆ هاووڵاتییەکانی. گەر دەوڵەتێک ئیدیعای جگە ئەوەی کرد ئەوە بزانە دەیەوێت ببێتە دەوڵەتێکی تاکڕەوی تۆتالیتاری شەخس سەنتەر و عەیبەکانی خۆی پێ دەشارێتەوە.
جارێک ئاردۆگان لە کۆبوونەوەی G20 ئەو ئاڵایەی تورکیای هەڵگرتەوە و ماچێکی کرد و خستییە گیرفانییەوە کە بۆ سەرۆکی هەر وڵاتێک دانرابوو بۆ ئەوەی شوێنەکەی خۆی بە ئاڵاکەیدا بناسێتەوە و لەسەری بۆستن. ئەم کارەی ئاردۆگان لە تورکیا وەک گەورەترین دەستکەوتی نیشتمانیی لە میدیا سێبەرەکانی دەوڵەتەوە بانگەشەی بۆ دەکرا و بانگەشەی ئەوەیاندەکرد بەم کارە ئیدی هیچ کێشەیەک لە وڵاتدا نەماوە وگەر بیشمرن لە برسان کێشە نییە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی سەرۆکەکەیان نەیهێشتووە ئاڵاکەیان لە زەویدا بمێنێتەوە و نەیهێشتووە کەس پێی پێدا بنێت، بەردەوام ئەم کارە دەدرایەوە بە نێوچاوانی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیوندا کاتێک بیانگوتایە گەندەڵیی هەیە و ئابووری وڵات بەرەو هەڵدێر دەڕوات بەم هەڵوێستەی پۆپیولیستیانەی ئاردۆگان دەمکوتیان دەکردن . ئەمڕۆ هەمان ئەو خەڵکە لەهەمان ئەو کاناڵانەوە وەک منداڵ دەگرین و هاوار دەکەن ناتوانن سەموون بکڕن، سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن یەک دوای یەک لەژێر ئەو ئاڵایەدا تەسفییە دەکرێن، حوم دەدرێن و زیندانەکانیان لێ پڕ دەکرێت، ئەوەی ونە باسی ئاڵایە و کەس وەک جاران نانوشتێتەوە بۆی.
ئێمە لە بەردەم دوو مەنزوومەی تەواو جیاوازداین، مەنزومەیەکی دیموکات و خزمەتگوزاری لیبراڵی مرۆڤ سەنتەر، لەبەرانبەرییەوە مەنزومەیەکی نابەرپرسی تاکڕەوی دیکتاتۆری سەرکردە سەنتەر خۆی قوت کردۆتەوە. بەفیکر دەبێت هەوڵ بدەین یەکێکیان هەڵبژێرین، لەوەی یەکەمدا وڵات دەبێتە وڵاتێکی وەک مرۆڤسەنتەری بێوەیی وەک ئەوەی لە لۆکسمبۆرگ هەیە، لەوەی دووەمدا ئەوە درووستدەبێت کە ئەمڕۆ لە تورکیادا هەیە.
هەشتا ساڵە گەلانی تورکیا لەژێر ناونیشانی قودسیەتی دەوڵەت و پیرۆزیی دامو دەستگاکاندا دەهەڕەتێندرێن و لەژێر جەنجەڕی ژیانێکی سەختدا دەجەڕێندرێن. دەمێک لە مەنگەنەی فاشیزمی پانتورکیی کەمالیستیی و دەمێکی دیکە لە مەنگەنەی ئایدیۆلۆژیی ئوسوڵیی ئاردۆگانیی دەدرێن بە بێ ئەوەی بتوانن هەناسەیەک بدەن. نەزیفێکی سیاسیی و ئینسانیی لەو وڵاتەدا سەد ساڵە سەر ڕێ کەوتووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان کەسێکی عاقڵیان تێدا هەڵناکەوێت لەسەر ئاستی فیکریی نەقدی ئەم دۆخە بکات بۆ ئەوەی مەنزومەی دەوڵەتیی لە مەنزومەیەکی شێوە نەتەوەیی یا دینییەوە بگۆڕێت بۆ مەنزومەیەکی خزمەتگوزار.
ئەوەی گرنگە بۆ ئاڵا ئیعتیبارە، ئیعتباریش ئەو دەمە درووستدەبێت کە خەڵک ئاڵا بە پیرۆز و سیمبۆل بزانن نەوەک سیاسیی و حوکمڕان و مەنزومە ئایدۆلۆژییە ڕاگوزەر و کاتییەکان، خەڵکیش دیارە بە زکهەڵگوشین و نانەزکی زۆر فریای تەقدیس و تەمەجیدی ئاڵا ناکەون. بۆ ئەوەی ئاڵایەک نەنەوێت گرنگە هی خەڵک بێت نەک هی پارت و لایەنێکی حوکمڕان بە پێچەوانەوە مەحکومە بە نەوین. [1]