#مەسرور بارزانی#، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە کێشەکان لەگەڵ #بەغدا# لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.
مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئامۆس هۆکستین، هەماهەنگیکاری تایبەتی سەرۆکایەتیى ئەمەریکا بۆ ژێرخانى جیهانى و ئاساییشى وزە ئەنجامدا و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێمیش، لە پەیوەندییەکەدا سەرۆک وەزیران باسی لە دوایین سەردانی خۆی کرد بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی ئێراق کرد.
مەسرور بارزانی، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکردەوە.
لەبارەی هەوڵەکانی ئامادەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بەپێی دەستووری ئێراق، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەردەچێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کەرتی وزەی خۆی. [1]