زوهێر کازم عەبود
لەم ڕۆژانەدا دە ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر لەناوچوونی ڕژێمی دیکتاتۆری و سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێدا، مەزەندەی ئەوە لە ئارادا بوو بە هاتنی ئەم سەردەمە نوێیە هەرچی ستەمکارییە لاببرێت و هەموو برین و ئازارەکانیش ساڕێژ بن و ئەو مەینەتییانەش ڕابگیرێت کە پێشتر بە دەستی ئەنقەست بۆ هاووڵاتییانی ئێراق درووست دەکران..
گریمانەی ئەوەش دەخرایە ڕوو کە میکانیزم و پلانی ئەوتۆ درووست بن بۆ ئەوەی هەرچی زووە مەینەتی ئێراقییەکان کەمبکرێنەوە و ئەو زامە بەسوێیانەی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس بکەری بوون ساڕێژبکرێن..
هەروەها لە چاوەڕوانی ئەوەشدا بووین ئەوانەی لە ناوەندوچەقەکانی یاساداڕشتنەوەدان و ئەوانەش کە جڵەوی دەزگەکانی جێبەجێکار و دادوەری بە دەستەوە دەگرن خاوەن ویژدانێکی زیندووی وا بوونایە کە هەمووانیان ئاسوودە و دڵنیابکردایەتەوە، چونکە خاوەن دەسەڵات لەو چەقانەدا پێویستە ئەمینداری بەرژەوەندییەکانی ئێراقییەکان بن و پارێزەرانی مافەکانیان و وەدیهێنەرانی ئاوات و خەونە ڕەواکانی خەڵکی گشت ئێراق بوونایە، پێویست بوو بەرپرسان لە هەر کەس و لایەنێک بوونایە مێژووی ئێراقی تازە شارەزا بوونایەو ئەو تاوان و نەهامەتییانەی پێشووی وەچەکانی ئێراقیان فەرامۆش نەکردایە..
لێرەوە نامانەوێت ڕەسەنایەتی و سیمای ڕاستەقینە و دێرینەیی کوردە #فەیلییەکان#ی ئێراق بێنینەوە یاد، هەروەها نامانەوێت زەینی ئێراقیی وەبیربخەینەوە لەسەر ئێراقیی بوونی ئەم پێکهاتە زوڵم چەشتووە، ئەو زەینەی مخابن بۆی؛ کە تووشی شەوکوێری بووە، ناشمانەوێت باس لە ڕۆڵی کارای فەیلییەکان بکەین لە بزووتنەوەی سیاسی ئێراقدا چ لە مێژووی تازە و مێژووی کۆنیشیدا، ناشمانەوێت کاروانی شەهیدەکانیان بخەینەوە پێش چاوان، ئەو شەهیدانەی بە شکۆوە لاپەڕەکانی مێژووی ئێراقیان درەوشاندۆتەوە، یان ئەوانەیان کە بەشداربوون لە بوونیادنانی ڕۆشنگەری و هونەر و سیاسەتی ئەم وڵاتەدا..
لەم ڕووەوە زۆر خامەبەدەستی ڕۆشنفیکر لەبارەی مافەکانی ئەو پێکهاتەیەیان نووسیوە، لە دەسپێکی دیباجەی دەستووری ئێراقیشدا ئەو جینۆساید و ستەمە شۆڤینستانەی دەرهەق بە کوردە فەیلییەکان ئەنجام دراون خراونەتە ڕوو، هەر لە بەزۆرکۆچپێکردنیان و داماڵینیان لە ڕەگەزنامەی ئێراقیبوونیان بە هۆی هەندێک فاکتەرەوە کە بە لای خاوەن ویژدانەکانی خەڵکی ئێراقەوە شاراوە نین..
چەندین تێزو لێکۆڵینەوە لە لایەن مامۆستایانی زانکۆیی و ئەکادیمیستە زانستخوازەکانەوە نووسراون لەسەر هەموو ئەو ستەمانەی کە ئەوساو تا ئێستاش ئەم پێکهاتەیە بە دەستییەوە گیرۆدەن، نا دادپەروەری و ناجوامێرییە گەر بێت و دۆزی ڕەوای ئەم کەسانە فەرامۆش بکرێت کە جادەیان تەخت کردووە بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆریەت، تەنیا ئەوانیشن کە تا ئەمڕۆش تەرمی کەسوکاریان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا پێ نەدۆزراوەتەوە، ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ ڕژێمی نوێ سیاسەتی خۆ لە گێلیدان لە هەمبەریان بەکار بهێنێت و گوێچکەکانی خۆی بئاخنێت تا گوێبیستی مەینەتی و دۆزی ڕەوایان نەبێت کە پڕبایەخترین دۆزێکە بۆ ئەم زەمانە و پێویستی بە لێتوێژینەوەی زیاترە..
کێشەی مانەوەی کوردە فەیلییەکان لەناو ئۆردوگاکانی جاهروم و ئازنای ئێراندا بە جڵەوکراوی نەک تەنیا جێی نیگەرانییە، بەڵکوو ویژدانیش دەهەژێنێت، ئەوانە نە ڕەگەزنامەی ئێراقییان پێ ڕەوا دیترا، نە ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەیش، واتە بە هەڵواسراوی و لە بێ مافیدا باروگوزەرانیان لێشێوێنراوە، لە پاش گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەش نە حکومەتە ئێراقییە یەک لە دوا یەکەکان و نە ئەنجوومەنی نوێنەران و نە حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق و نە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دۆزەکەی بۆ چارەسەر نەکردوون و ماوەی چارەکە سەدەیەکە بە ئاوارەیی و دەربەدەری و دوور لە زێدی خۆیان هێڵراونەتەوە و ماوەی ئەم دە ساڵەی دواییش هەر فەرامۆش کراون..
هەر کەسێک بیەوێت نەهامەتییەکانی کوردە فەیلییەکان بە چاوی خۆی ببینێت پێویستە بچێتە ناو مافە مرۆیییەکانیانەوە کە چۆن ڕژێمی سەدام لەوتاندوونی و تا ئەمڕۆش لە شوێنەوارەکانی ئەو لەوتاندنەی مافەکانیان دەناڵێنن و کەس ئاوڕێکی بۆ نەداونەتەوە، ئەهلی سیاسەت و بەرپرسان بە ململانێ سیاسیی و شەڕە کورسیی پۆست و دەسەڵاتەوە خەریکن کە لە خێر و بێری چاڵە نەوتەکانەوە گەنجینەی لەسەر کەڵەکە دەکەن و برا کوردە فەیلییەکانیشیان زستانان خەون بە تەنەکە نەوتێکەوە دەبینن، هیوا دەخوازن بەو ئامڕازانەی کە ناهەقیی لادەبات لەسەریان و سەرلەنوێ دەیانگێڕێتەوە بۆ زێدی لەدایکبوون و سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە ڕژێمی سەدام لێی زەوت کردبوون، لە کاتێکدا باری بێ ڕەگەزنامەیی تاوانێکە یاسای نێودەوڵەتی حەرامی کردووە کەچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گوێی خۆیان لە ئاست کوردە فەیلییەکان قەپات کردووە..
مەینەتیی کوردە فەیلییەکان بەردەوامە، چاوەڕێن خاوەن ویژدان زیندووانی ئێراق ئەوانەیان کە بۆ بوونیادنانی ئێراقی نوێ لە خەمدان لێیان وەدەنگ بێن، شەرمەزارییە لەم زەمەنەدا پێکهاتەیەکی گەورەی وەک کوردی فەیلی تا ئێستاش گەمارۆدراوی ئۆردوگاکان بن و سێبەری یاسا ستەمکارەکەی ڕژێمی بەعس کە لە هیچ و خۆڕایی سزای شۆڤێنستی بەسەردا سەپاندوون بەسەریانەوە مابێت، پێویستە قەرەبووی ئەو قوربانیانەیان بکرێتەوە، قەرەبووی ئەو ساڵانەش کە خانەوادەکانیان بێ ماڵ و حاڵ کراون و لە مافی ڕەوای ژیان و کار و نیشتەجێ و پیشەو موڵکەکانیان داماڵراون..
لەو بڕوایەداین هەموو خاوەن ویژدانێکی زیندوو چیتر مانەوەی کوردی فەیلی لەناو ئۆردوگاکانی ئێراندا پێ قبوڵ ناکرێت، هەر نیشتمانپەروەرێک بە پێی توانا و ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی هەوڵ بدات باروگوزەرانی مرۆیی و یاسایی ئەو پێکهاتەیە ڕێکبخاتەوە چونکە شوورەییە وەچەکانیشیان هەر گیرۆدەی غوربەت و قۆڵبەستی و باری بێ ڕەگەزنامەیی بن و لە وڵاتێکی دراوسێ فڕێدرابن بە بێ ئەوەی ئەو وڵاتە لە ماوەی ئەو چارەکە سەدەیەدا کە دووچاری زوڵملێکردن بوونەتەوە مافی هەمیشەیی پەنابەریی پێ بەخشیبن، چیتر چاوەڕوانی بەسە..
زەمەنێک تێپەڕی پێویست وا بوو حکومەتی ئێراقی نوێ لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییەکانیدا کوردە فەیلییەکانی لە مافەکاندا یەکسان بکردایەتەوە بە تاکەکانی دیکەی ئەم کۆمەڵگەیە، بە شوێن گۆڕە بە کۆمەڵەکانیانەوە بووایە، وەک چۆن لە دەقی دەستوورداو لە مادەی 132دا هاتووە کە بە یاسا قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانمەندبوون بە تاوانەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری دیاریکراوە و پێویستیشە، کوردە فەیلییەکان بە ئومێدی ئەوەوە دەژین یاسایەک دەربچوێنرێت بۆ ڕێکخستنەوەی ژیانیان و زەمینەسازان بۆ گەڕانەوەیان و گێڕانەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بە بێ ئاڵۆزکاریی ڕۆتیناتی وشک و برینگ..
لا کردنەوە لە نەهامەتییەکانی کوردی فەیلی لە ئۆردوگاکانی ئێراندا ئەمڕۆ داخوازییەکی نیشتمانییە و بە ڕێژەی دڵسۆزی نواندن لە بەرانبەر دۆزە ڕەواکانی گەلی ئێراق پیرۆزە، پێوانەی ڕاستەقینەیی دڵسۆزی نواندنە بەرانبەر پێکهاتەیەکی زوڵم لێکراوی ئەم وڵاتە، پێویستە هەر کەسێک بە پێی بەرپرسیارییەتی مرۆیی خۆی ئەو دڵسۆزییە مرۆیییە تۆمار بکات..
گەرچی دادگای باڵای تاوانەکان لە ئێراق سزای هەندێک لە باڵادەستانەی ڕژێمی پێشووی دا کە دەستیان هەبووە لە کوشتن و دەرکردن و دەربەدەرکردنی ئەو پێکهاتەیەدا، بەڵام چەندین مافی دیکە هەن کە پێویست بە یاسا ڕێکبخرێن، داوا لە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین لە ئاستیدا یەکدەنگ بن، بە تایبەتیی باشترە کە لە دوایەمین قۆناغی مانەوەیان لەو ئەنجوومەنەدا لاپەڕەیەکی پرشنگدارو نیشتمانیی تۆمار بکەن بە وەستانیان شانبەشانی گێڕانەوەی مافەکانی نەوەکانی کوردی فەیلی، داوا لە ئەندامانی پەڕڵەمانی کوردستانیش دەکەین هەڵوێستی نیشتمانی خۆیان هەبێت لە ئاست ئەو پێکهاتەیەی زۆریان بەم وڵاتە بەخشی و نە سیاسەت و نە دادپەروەری تا ئێستاش مافە لەوتاوەکانیانی نەگێڕاوەتەوە، تا ئێستاش قەرەبووی زیانە زۆر و زەبەنەکانی خێزانە فەیلییەکان نەکراوەتەوە، کوردی فەیلی بە چاوی پڕ ئەشکەوە تەماشای موڵک و ماڵیان دەکەن کە تا ئێستاش بە دەست کەسانی دیکەوە داگیرکراوە و پێیان نادەنەوە، دە ساڵە تێر بەڵێن بوون بێ ئەوەی تێر ماف بکرێن..[1]