د.#سەربەست نەبی#
تا ئێستاش هەموو شۆڕشە عەرەبییەکان لە چاو شۆڕشە ڕاستەقینە مێژووییەکاندا، تەنیا چەند پرۆڤەیەکن، ڕەنگە واتای گشتی ئەم شۆڕشانە لەسەر ئەوە ڕابوەستێن کە چۆن گەلانی عەرەبی ڕابهێنن بۆ ئەوەی لە دژی ستەم ڕاپەڕن، یان چۆن ئازادی وەدەست بخەن و بڕوایان بە ئازادی ئەوانی تریش هەبێت و بە چ شێوازێک لە کۆیلایەتی ڕزگار بن، بەڵام شۆڕشی سووریا هەموو ئەم واتایانە نایگرێتەوە، مرۆڤ سەرسامە لە ئاستی ئەوەی کە نازانرێت ئەم شۆڕشەی سووریا دەیەوێت بگاتەچی، سەرەڕای ئەو قوربانیە زۆروزەبەندەی لە ڕووی مرۆییەوە لێی دەکەوێتەوە، ئەمە بۆ خۆی دەمانخاتە بەردەم ئەو ڕاستیەی کە ڕەوایەتی هەر شۆڕشێکی مێژوویی بە قەبارەی قوربانییەکانی لێی دەکەوێتەوە ناپێورێت، بەڵکوو بە قەبارەی دەسکەوتەکانیەوە دەپێورێت..
شۆڕش لە سووریا وەک شۆڕشێکی مەزن دەستی پێکردو بەڵام گەیشت بە سێرکێکی زەبەلاحی کوشتار و ماڵوێرانی، ئێستا بە دۆزەخێکی کراوە گەیشتووە کە هەموو شەیتانەکانی سەر زەوی و بەچکەکانی جرت و فرتی تێدا دەکەن، ئێستا لە توانای هەموو چەتەو ڕێگرو بەهلەوان وفێڵزانێکدایە تەراتێنی تێدا بکەن و خەسڵەتی قەدیس لە خۆی بنێت وخۆی تێدا بخزێنێت..
لەبەرانبەریشدا سیاسەتمەدارانی کورد پەندیان لە وانەکانی مێژوو و سیاسەت وەرنەگرت، بۆ جارێکی تر سەلماندیانەوە کە ناتوانن ببنە نوێنەرانی ڕاستەقینەی دۆزی نەتەوەییانەی گەلی کورد، غیابی وتارێکی سیاسی هاوبەش ئاماژەیە بۆ شکستهێنانیان لە وەرگرتنی بڕیارێکی نەتەوەییانەی سەربەخۆ، هەروەها دەستەبژێرێکی سیاسی بە توانا شک نابرێت تا سەرکردایەتی دۆزەکە لە سووریا بکات، بەمەش وایکردووە شۆڕشەکە بکەوێتە بەر دەستێوەردانی دەرەکییانەی ئەو هێزە دوژمنکارانەی بۆ ماوەی نیو سەدەیەکە ڕشتنی خوێنی کورد حەڵاڵ دەکەن، شکستەکە هەمووی لەم سێ ساڵەدا سەلمێنرا..
کێشەی کورد بە پلەی یەکەم کێشەی نێوان کورد و کوردە، هاوکات بڕیارو ویستی ناوەندییانەی تێدا بزرە، ئێستا فرەویستێکی تر دەیجووڵێنن و دەستانی شاراوە جڵەوگیری چەند دەستێکی لاوازی دیاری ئێرەو ئەوێیان پێ کردووە..
بۆچی ڕانەهاتوین لەسەر دانپیانان و ڕەخنە لەخۆگرتن، پڕۆژەی سیاسیانەی کورد لە سووریا بە درێژایی مێژوو بێ کاریزمای سیاسی دەستەبژێر کاتەکانی بەڕێکردووە، بکەرانی سیاسی بە درێژایی ئەو مێژووە ئامادەی سازش بوون و بەهانەی زۆریان بۆ قەیرانە درێژخایەنەکەیان هێناوەتەوە، لە کۆتاییدا بڕوای ڕاستەقینەیان بەو پڕۆژەیە نەبووە کە هەوڵی نوێنەرایەتییان بۆ داوە، هاوکوفی ئەمەش کۆمەڵگەی کوردەواری ڕۆڵی پێشەنگانی کۆمەڵایەتی و کەسانی ڕوانگەیی پێشکەوتووی تێدا بزرە، بە شێوازێک ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ئاسۆییدا دەژێین، واتا بێ قوچەکیانەی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە، لەبەر ئەوە کۆمەڵگەیەکی سادەو ساکارەو زۆر بە سانایی دەتوانرێت لە گرێژنەوە لێکهەڵوەشێنرێتەوە، کۆمەڵگەیەکی دوور لە ناوەندگەرایی و دوور لە گردبوونەوە بە دەوری ناووکی ڕەمزی و ماددیدایە، دەچوێنرێت بە دوورگەی ئەرخەبیل کە چەندین دوورگەی لێکهەڵوەشاوەی لە ناو شەپۆلە بە هاژو هووشەکاندا بێت، ئەم کۆمەڵگەیە مێژوو گوزاریشتی لێ دەکات و ناوی دەبات بە بێ ئەوەی خودی مێژووەکە ددانی پیادا بنێت یان ئاوڕێکی لێ بداتەوە، لەوانەیە ئێمە بێ توانا بین لەوەی کاریگەریمان بۆ سەر مێژوو هەبێت بەم شێوازەی ئێستامان..
لە لایەکی ترەوە گەورەترین بەڵگە لەسەر ئەوەی هزری سیاسی ئۆپۆزسیۆن جیاوازی نییە لەگەڵ هزری سیاسی ڕژێمی سووریا، ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا خواستی نییە گۆڕانێکی دیموکراتی لەو وڵاتە بێنێتە پێشەوە، تەنیا هەموو هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ڕوخاندنی سەری ڕژێمەکە بە پاڵپشتی فاکتەری تایەفەگەرییانەوە، تا ئێستاش ئۆپۆزسیۆن بە هیچ شێوازێ لە شێوازەکان ڕەخنەی ئاڕاستەی ئیدیۆلۆژیای بەعس نەکردووە، بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبەرانبەر ڕەفتارەکانی بەعسییەکاندا، ئەم بێدەنگ بوونەشی وەک ئەوەیە ناڕاستەوخۆ ڕێگەخۆش بکات بۆ بەعسییەکان خۆیان بێتاوان نیشان بدەن لەو تاوانکارییانەی دەیکەن و هەمووی بهێننەوە بەسەر سەری ڕژێمەکەدا تا حزبی بەعس وەک شەریکە تاوانکارێکی ڕژێم نەخەنەڕوو، لەسەر ئاستی کوردیشدا تا ئەم کاتەش وشەیەکی خێرمان لە ڕەمزەکانی ئۆپۆزسیۆن نەبیستووە ئومێدو ئارامییەک ببەخشێت، هەمووان لە پێشبڕکێدان بۆ وروژاندنی کورد بە هەڵوێستی دوژمنکارانەو ڕاگەیانراوە سەقەتەکانی کە گوزارشتە لە زەینیەتە پڕ لە کینەو ڕق و تەنگەچیلە ڕەگەزپەرستانەکانیان، هەموو ئۆپۆزسیۆن کە باسەکە بێتە سەر مافەکانی کورد دەکەونە وڕێنەکردن و هاوارو شاتە شات، کینەو گومان و پەڕگیربوون بریتییە لە گەوهەرو سیمای ڕاستەقینەی هەموویان لەبەرانبەر باسکردنی هەبوونی کورددا، زەحمەتە بە قسەی بریقەداری یەکسانی و دیموکراتیەت و هاووڵاتیبوون قایل بکرێن، ماسکە ژەنگرتووەکانی سیمایان بە سانایی لێ هەڵدەماڵرێت، وەک لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی ڕاستەقینەیان ئاشکرا بوو، چۆن ئەم ڕاستیە ڕاڤە دەکرێت ئیتر ئەمەیە حەقیقەتی ئۆپۆزسیۆنی سووریایی و واقیعی ئێستاکێی ئەم ئۆپۆزسیۆنە..
شتێکی تر کە حەقیقەتی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بخاتە ڕوو بریتییە لە پەرچەکردارەکانی بەرانبەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی، کە سادەترین مافە بۆ گرووپێکی مرۆڤایەتی کە ناسنامەیەکی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە، بەڵام کاردانەوەی فاشستانەی فۆبیا ئاسا بە ڕووخساری هەموو ئۆپۆزسیۆنگەرانی سووریاوەیە، لە سەپانەکانیانەوە تا سەردارەکانیان، بێ ئەوەی هەوڵێکیان لێ شین بێتەوە بۆ لاکرنەوە لە مافەکانی ئەوانیترو بۆ لێبوردەیی، ژەنگی ڕەگەزپەرستانەی قەناعەتپێکەر کە وەک کاغەزێک پێچراوە لە چەمکەکانی ئەم نیشتمانە بۆ هەمووانەو دەوڵەت مەدەنیانەیە تەنیا بۆ چاووڕاوەو لەژێرەوە ناعەقڵانیبوون و فیزولە خۆبایی سیاسی و لووتبەرزی خۆسەپێن هەمووان لە یەک جەستەی مەتین کۆدەکاتەوە کە تژییە بە هەستی دوژمنایەتی، تەنانەت خانەدانەکانیان بە شێوازێک خەڵکی سادە هان دەدەن دژ بە هەڵوێستی کوردان بوەستنەوە، هاندانەکانیان پڕیەتی لە هەڵچوونی سیاسیانەی هەڵبەستراوو ئەوانیشیان هێناوەتە سەر هات و هاوار لە بازاڕی هەینیدا دەیفرۆشنەوە، پاش ئەوەی لە ویقارو خەسڵەتی جوامێرانە خۆیان داشۆریوە کە بە درێژایی سەدەکانی پێشوو شانازییان بەو خەسڵەتانەی خۆیانەوە دەکرد، ئەمەش ئێمە دەخاتە سەر گومانکردن لە نیەتەکانیان، بە بەڵگەی ئەوەی هیچ کام لەم خانەدانانەش ئەگەر بۆ تۆزقاڵێکیش بوو بێت توڕەیی خۆیان دەرنەبڕیوە بەرانبەر ئەو میرنشینە تیرۆریزمیانەی کە وەک قارچک هەڵتۆقیون لە ناو قووڵایی سووریادا تەراتێنی خوێنڕشتنیانە، ئەمە هەمووی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنیا خاڵێکی هاوبەشی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم بریتی بێت لە دوژمنایەتی کورد و چەوسانەوەی گەلی کورد..
مانەوەی کورد وەک هێزێکی سەربەخۆی سیاسی باشترە لە هەموو شتەکان بەڵام چۆن ئەمەش ئەنجام دەدرێت، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بە چوونەپاڵیان بۆ لای ئیئتیلاف وەک خیانەتێک وایە بۆ هەموو ڕێبازە سیاسییەکان کە پێشتر ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندبوو..
پێشتر وترابوو کە دۆزی کورد وەک وردە پارەی ئاسن وایە بەسەر مێزی قومارچییە گەورەکانەوە، ئێستاش ئەمە سەلمێنرا کاتێ هەندێک لە سیاسەتمەدارانی کورد چوونە سەر مێزی ئەوانەی هەموو شێوازێکی هەبوونی کورد لە خۆراوای کوردستان ڕەت دەکەنەوە، ئەمە دەستبەسەراگرتنی بڕیاری نەتەوەیی کوردە لە سووریاو ڕادەستکردنیەتی بۆ لای دەستەیەک ڕەگەزپەرستی پەڕگیری ئیسلامیی، ئەمە نە بە خۆڕایی کراوە نە بە نیەت سافییەوە، بەڵکوو سازشی ژێراو ژێری نهێنی لە پشتەوەیە، کەمترین زیانێک لێی بکەوێتەوە گێڕانەوەی دۆزی کوردە بۆ پاش دیمەنەکان و پاش بایەخپێدانەکان، ڕەنگە بیخاتە کونجی لەبیرچوونەوە یان ئەجیندەی بچکۆلە بخاتە بەر چاو تا دۆزەکەی کورد بێ بەها بکات، هەروەها قوماربازییەکی خراپە بە بڕیاری نەتەوەیی و ئیرادەی گەلی کوردەوە لەلایەن سیاسەتمەدارە کورتبینە بچکۆلەکانەوە کە دەرئەنجامی ڕەفتارەکانی خۆیان بە هەند وەرنەگرتووە، ئەمەش دیارترین پەڕگیر لە کۆنگرەی جنیف 2 دەهێنێتە سەر ئەوەی بە ناوی دۆزی کوردەوە بدوێت..
بەرچاوترین ئامانج لە دەستەی ئۆپۆزسیۆنەکانەوە ئەوەیە ددانبە نوێنەرایەتی سەربەخۆدا نانێن، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی لە دۆزی کورددا مۆمیا بکەن، بە چاوێکی پەراوێزکارانەوە لێی بڕوانن، تا لەو پەراوێزەدا سەنگێکی نێودەوڵەتی بەخۆوە نەگرێت، ئەمە ئەو ئامانجەیە کە جەمسەرە هەرێمایەتیەکان هەوڵی لەگەڵ دەدەن و هەندێ سیاسەتمەداریان بۆ کردۆتە مقاش، سەرەکیترین پرسیار کە پێویستی بە وەڵام بێت ئەوەیە کە ئایا دۆزی کورد بەستراوەتەوە بەم ڕژێمەوە کە وا بزانین بە لەناوچوونی ڕژێم ئیتر چارەسەرێکی دادوەرانەی دۆزەکە دێتە پێش، یان بەستراوەتەوە بە ڕەگوڕەچەڵەکی مێژوویی و سیاسی شێواوی پشتەوەی دامەزرانی دەوڵەتی سووریا لە بنەڕەتدا، ئایا تراژیدیای کورد بە تەواوبوونی ڕژێم کۆتایی دێت، ئەمە جێگەی گومانە..
ئۆپۆزسیۆنی ئێستا پێی ناکرێت کورد ڕازی بکات بەوەی گۆڕانێکی ڕاستەقینە دێنێتە پێشەوەو لەپێناوی ئازادی و یەکسانیدا ستەم ناهێڵێت، تا کەس نەبێتە هاوڕای ئەو چارەسەرە بنجییەی دۆزی کورد لە سووریای پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام کوردیش لە سووریا هێندە ساویلکە نین قوربانییەکی زۆر بدەن لەپێناوی گۆڕینی دیکتاتۆرێک بە کەسانێکی لە دیکتاتۆر تاوانبارتر..[1]