$موسوڵمانی کۆنەخواز یان ڕۆشنبیری بێدین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەو ناونیشانەی سەرەوە دۆخی خراپی بەردەوامی خوێندەوار و دیندارانی ئێمە بەیان دەکات کە چەند ڕۆژێکە وەک جوێن لەقاڵبی ڕەخنەدا یەکتری پێ بۆمباردمان دەکەن. ئەو ناونیشانە بەسە بۆ ئەوەی لە قڵیشە گەورەیە تێبگەین کە لەهەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا درووستبووە.
لە دوای هاوردەکردنی چەپ لە جۆرە ئایدۆلۆژییەکەی وبەتایبەتتریش چەپی بە قەولی خۆیان مارکسی- لینینی لەلایەک و ئیسلامی سیاسی لە فۆڕمە ئیخوانی و سەلەفییەکەیدا لەلایەکی دیکەوە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئیدی کۆمەڵگای کوردی بەجارێک دابەش دەبێت بۆ دووبەرەی تەواو دژبەیەکی ڕەش و سپی، ئیسلام و کافر، ڕەسەن و ناڕەسەن. چل ساڵ زیاترە هەر ماوە ناماوەیک وەک ڕەگی گولی دەهلیزەکانی ئەم دابەشبوونە قوڵتر و قوڵتر دەبنەوە و ئێمەش لەگەڵ خۆیان بۆ نادیار تلێر دەکەنەوە، لەقەدەرێکی نادیارەوە دەماندەنە دەست قەدەرێکی نادیای دیکە. چەپی ڕۆشنبیر، کۆنزەرڤاتیڤە دیندارەکە بە کۆنەخواز و دیندارەکە ئوسوڵییەکەش چەپەکە بە حاقید و بێئەخلاق و بێ ئیمان وەسف دەکات. دەبێت بپرسین بزانین ئایا ڕیشەکانی ئەم باسە سەر بەکوێن؟
چل ساڵە بە زمانی حاڵ و بە زمانی قاڵیان ڕۆشنبیریی کورد هەمیشە وایان لە ئێمە گەیاندووە ڕۆشنبیر کەسێکی بێ دین و بێ خودا و بێ پیرۆزییە، زمانی قسەکردنیان زۆر جار زمانێکی زبر و قورس ڕەکیک بووە بۆ ئەوەی کەس لێیان تێنەگات، هەر ئەم زمانە وایکردووە هیچ یەکێک لەو ئامانجانەی لەنووسینەکانیاندا هێمای بۆ دەکەن ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەرزی واقیع و جڤاتەکە نەبێت، بەختیار عەلی لە خوێنەری کوشندەدا بە کیبرەوە دەڵێت ئەوەخوێنەرە دەبێت بەرز ببێتەوە بۆ ئاستی نووسەر نەوەک نووسەر دابەزێت بۆ ئاستی خوێنەر!
ئەم دیاردەیە لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان تا ساڵانی دووهەزار دەگاتە لوتکە. پێشتریش نووسەرانی ڕوانگە بەشێکی گرنگی ئەم پرۆتۆتایپەی ڕۆشنبیریان پێک دەهێنا. بەبڕوای من جەوهەریترین خاڵی ناکۆکی کۆمەڵگا و کەسی ڕۆشنبیر زمانی ئەو نووسینە بووە کە بە ئەنقەست بەکاریان هێناوە. بەکارهێنانی زمانی قورس لە تێکستی فەلسەفیی و فیکرییدا سەرەتاکەی بۆ ئیمانوئێل کانت دەگەڕێتەوە. ئەو لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا زۆر حەقیقەت عەقڵیی بۆ دەرکەوت بەتایبەتی لەمەسەلەی ڕەخنەگرتن لە عەقڵی پەتیی Critique of pure reason ، ناچار زۆر بە خێرایی دەینووسین.چونکە تەمەن بواری حاشیە و شەرحاندنی زۆرێک لە نووسینەکانی نەدەدا، بەشێکیان هەر بە موعەمماو ناڕوونی مانەوە. لەدوای ئەمەوە ئیدی قورس نووسین و بە ئامانجگرتنی ئەوەی خوێنەر لە تێکستی فەلسەفیی و فیکریی حاڵیی نەبێت لەتەواوی دونیا وەک جۆرێک لە مۆدی لێهات.
ئەم دیاردەیە لەگەڵ هاتنی مۆدێرنیتە سەرەتا لە تورکیاو پاشانیش بۆ ئێران و دواتر بۆ وڵاتانی عەرەبی و لای ئێمە دەگوازرێتەوە. تا ئەم دواییانەش خوێنەوار و قەڵەمبەدەستانی نێو کۆمەڵگای تورکەکان نازم حیکمەت و فارسەکانیش سادقی هیدایەتیان پێ ڕۆشنبیر بوو، چونکە هەردووکیان بێ دین و ئایثیست بوون و زمانی نووسینەکانیان هەمان ئەو زمانە بوو کە دەبوو ڕۆشنبیر پێ بنووسێت.ئەم تایپە لە ڕۆشنبیر ڕیشەی ئەم قەزاوەتەیان دەگێڕایەوە بۆ ڤۆڵتێر. لای ئەوان ڤۆڵتێر مەرجەعی ڕۆشنبیربوون بوو، لە واقیعشداهەر وایە. چونکە چەمکی ڕۆشنبیر چەمکێکی پاش ڕۆشنگەریی enlightment ە و ڤۆڵتێریش وەک ئارکیتایپی ڕۆشنبیری دژە کریستیانیەت سەرکردایەتی ئەو تەوژمەی دەکرد ئیدی ئەمان بیلزەرورەو بیلقوە پێیان وابوو ڕۆشنبیر دەبێت دژە دین و دژەخودا و دژە موقەدەس بێت، تا ئەوەی یەکێکی وەک بەختیار عەلی لە شوێنێکدا لە دواهەمین هەناری دونیادا بڵێتئەو شوێنەی موقەدەسی لێیە خوێنی لێیە. بەبۆچوونی بەندە زادەی ئەم قسەیەی بەختیار عەلی نووسراوە بەناوبانگەکەی ڤۆڵتێرە: تێکشکاندنی پووچ، پووچ مەبەستی لە کریستیانەتە:Crush the infamous.
تەعریف کردنی چەمکی ڕۆشنبیر لەڕووی مەعریفیی ئێبستمۆلۆژییەوە هەروەک تەعریف کردنی هونەر و جوانی و ئەخلاق کارێکی نەکردەو مەحاڵە، دەشێ دەیان پێناسەی جیاواز هەڵبگرێت. بەڵام مەحاڵیی تەعریف نەکردنەکەی ناکاتە تێنەگەیشتن لێی، هەروەک چۆن ئێمە دەتوانین بێ تەعریفێکی گشتگیر لە جوانیی و ئەخلاق و هونەر تێبگەین و بییانناسینەوە هەر بەو شێوەیەش دەشێ ڕۆشنبیر بناسینەوە.
لە سادەترین پێناسەیدا ڕۆشنبیر کەسێکی بەدەرک و بەهەست و خاوەن مەسئولیەتو پەیامە، پاش ئەوەی ناڕێکیی و نەخۆشییەک لەکۆمەڵگادا هەست پێدەکات و دەرکی دەکات، هەوڵ دەدات چارەسەرێک بۆ ئەو ناڕێکیی ونەخۆشییە لەڕەچەتەیەکی گونجاودا بنووسێت. خۆی کەسێکی بە ئاگایە لەکێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیی و هتد.. ەکانی کۆمەڵگا، هەوڵدەدات ئەو ئاگاییە بەتەنیا لای خۆی نەهێڵێتەوە و دوبارە وەک پەیامبەرێک ئاگاهییەکەی خۆی وەزیفەدار دەکاتەوە بۆ کۆی کۆمەڵگا.
لێرەوە لەباشترین دۆخدا ڕۆشنبیرانی کورد پێناسەکەی خۆیان بەسەر خۆیاندا قڵپ دەبێتەوە، کۆمەڵگا تا ئەم ساتەش ئەوانی وەک دژەدین و دژە خوداو دژە پیرۆزیی قەبوڵ نییە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی ڕۆژهەڵاتدا بەحوکمی ئەوەی کۆمەڵگاکان زیاتر مەیلی دینییان هەیە بەشێکی زۆری کێشەکانیش دەشێ ڕیشەی دینییان هەبێت، هەر بۆیە باشترین کەسێک لەم کۆمەڵگایانەدا بتوانێت ئیسڵاح بکات و زۆرترین گوێگریی هەبێت ڕۆشنبیرانی دینین کە بەداخەوە ئێمە تائاستی نەبوو خاوەندارێتیان لێناکەین و نین. بە تەبیعەت کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات تا ئەم ساتە دژی بێدینی و فیکری بێدینین، ڕۆشنبیرانی بێدین گەر ڕاستیش بڵێن و دەستنیشانی هەڵەکەش بکەن دیسانەوە کۆمەڵگاکە هەر ڕقی لێیانەو بە غەرەز و پێشداوەرییە دینییەکەوە لێیان دەڕوانێت و بە گوێیان ناکات.
لەلایەکی دیکەوە تەماشا بکەن لە چ کۆمەڵگایەکی سەر ئەم ئەستێرەیەدا هەیە هەفتانە زیاد لە نیوەی دانیشتووانی پێگەیشتووی شارێک بڕۆنە کۆڕێک و گوێ بۆ ڕۆشنبیرێک بگرن تا لە ماف و ئەرک و پێودانگەکانی دیکەی ژیانیان بەئاگایان بهێنێتەوە؟ دەی لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا هەفتانەو ڕۆژانی هەینی بە بێ ڕیکلام زیاد لە نیوەی دانیشتووانی پێگەیشتوو و عاقڵی هەموو شارێک دەڕۆن بە بێدەنگیی و بە هەموو هەستێکیانەوە گوێ بۆ واعیز و ئیمام و خەتیبێک دەگرن و زیاد لە نیوەشیان بەگوێیان دەکەن.
گەر سێ یەکی ئەو واعیز و خەتیبانە ڕۆشنبیر بوونایە یا بە هەستێکی ڕۆشنبیرانەو بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان بکردایە و یارییان بە عەقڵی حەشامات و نوخبە نەکردایە و لە دەرلنگی پانتۆڵی کورت و هێشتنەوە یان تاشینی ڕیشەوە کۆمەڵگایان بگواستایەتەوە بۆ ئاستی بەجێهێنانی ئەرک و داواکردنی مافەکانی ئێستا ئێمە لە کوێ دەبووین؟ تەسەوری واعیزێک، مەلایەک یا خەتیبێک بکەن ئەرکەکەی خۆی لەمەسئولیەتەوە جێبەجێ بکا و هەزار کەس گوێی بۆ بگرن و بە گوێشی بکەن، دونیا دەبێت چ شامی شەریفێک، کامە سیاسیی گرگن دەتوانێ مافی بخوات؟ هیچ کۆڕێک نییە لەم دونیایە بەجارێک سەدان هەزار کەس قڕوقپ دانیشن و گوێ لە کەسێک بگرن و دواتر بە دەستەجەمعی بەگوێشیبکەن
ڕیشەی ئەم فەشەلە بە قەولی مەرحوم دکتۆر ئیقباڵی لاهوری بۆ ڕوکەشگەرایی دینی و گرنگی نەدان بە ڕاز و نیازی ئیمانی و دینی دەگەڕێتەوە:
منائرکم علت من کل حی
ومسجدکم من العباد خالی
وججلە الآذان بکل حی
ولکن این صوت من بلال؟
بەداخەوە کورد هەم بێدینەکەی هەم دیندارەکەی، هەم ڕۆشنبیر و هەم عەوامەکەی وەک سیاسییەکەی خەڵەفاوە و و دوورە لە ڕۆحی ڕاستەقینەی کۆمەڵگاکەی.
ڕۆشنبیر کەسێکی قەڵەم تیژە، ئەوناڕێکی دەبینێت ودەیڵت و بەشوێن چارەسەریشەوەیە بۆ ڕیشەی کێشەکان، نەک ماکیاجکردنیان. لە سیستمە لیبراڵەکاندا ڕۆشنبیر بوون پرەستیج و هونەرە، بەڵام لە سیستمە داخراو و تۆتالیتارەکاندا کەسی ڕۆشنبیر دەربەدەر و ماڵوێران و خاکبەسەرە.
بە بۆچوونی بەندە لە هەرشتێک زیاتر پێویستیمان بە ڕۆشنبیری بێلایەن و بێ پێشداوەری هەیە. ڕۆشنبیر کەسێکە بەتەواوی ئاگاهییەوە چاودێری کۆمەڵگا دەکات و دەردەکانی دەستنیشان دەکات وچارەسەریشیان بۆ دادەنێت. بەڵام زۆر جار هەر ئەم ئاگاهییەیە دەربەدەر و ماڵوێرانی دەکات.
کۆمەڵگای ئێمە لە ئاوو هەوا زیاتڕ ئەمڕۆ پێویستیی بە قەڵەمێکی تیژی خاترنەگری وەک کەسایەتی ڕۆشنبیر هەیە. ئەوهەموو شەڕ و لێکترازانە کۆمەڵایەتییە تەنیا کەسێکی وەک بیرفراوانی بێلایەن دەتوانێت هارمۆنیەت و لێکتێگەیشتن و ژیانی تێدا درووستبکاتەوە. [1]