$دەچین بۆ بەهەشت یان دەمانبەن؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەر قەرارە باوەڕمان بە بەهەشتێک هەبێت ئەوا نابێت لێرە بۆی بگەڕێین، بەهەشت نە لێرەیە نە لێرەش شیمانەی درووستبوونی هەیە، کەرەستەکانی ئێرە کەرەستەی بەهەشتی نین، بە قوڕی نەمان و تاوان و لەبیرچوونەوە شێلراون، ئێرە بوونێکی ئالودەیە بە نەخۆشی و ناخۆشی و گوناه، قوڕی یەکەمین گوناە هەمان ئەو قوڕەیە کە ئادەمی پێشێلرا و بۆ ئێمە درێژ بوویەوە، هەرچەندە کریستیانیەکان پێیان وایە لەخاچدرانی عیسا بۆ سڕینەوەی ئەو گوناهە بوو کە ئادەم کردی بەڵام ئەمە هیچ لە ویستی ئێمە بۆ گوناهکردن کەمناکاتەوە. لە تێرمینۆلۆژی دینییشدا گرنگترین خاسیەتی بەهەشت ئەوەیە ناخۆشی و تاوان و قسەی بەرز و نزمی تێدا نابێت، هەمیشەیی و بێ خەوشە. ئەوەشی پێدەگوترێت پردی سیرات گەر حەقیقەتێکی هەبێت هیچ ئاماژەیەک لەقورئاندا بۆ بوونی ئەم پردە نییە ئەوە دونیا و ژیانەکەی دونیا هەمان ئەو پردی سیراتەن، کە مرۆڤ بەسەریدا بۆ بەهەشت لێیەوە دەپەڕێتەوە. دەبێ لێرە بۆ سیرات بگەڕێین نەک لەوێ. ئەوەی تێیدا مایەوە و نەیتوانی بپەڕێتەوە ئەوا لەنێۆ دۆزەخدا ماوەتەوە. ئەوەشی تێیدا نەمایەوە، هەوڵی نەدا بیکاتە بەهەشت، وەک ماڵی هەمیشەیی لێی نەڕوانی کن فی الدنیا کانک غریب او عابر السبیل، خوایەتی نەکرد بەسەر ماف و ئازادییە کەسییەکانی ئەوانی دیکەوە اختذو احبارهم و ڕهبانهم اربابا من دون الله، دەستگاکانی نەهی لەمونکەر و ئەمر بەمەعروفی نەکرد بە جەللاد بەسەر خەڵکەوە، ڕاگوزەرانە وەک غەریبێک لە خۆی و ئەهلەکەی ڕوانی، وەک ئەوەی خۆی هەیە قەبوڵیکرد نەک وەک ئەوەی ئایدۆلۆژیاکەی دەیەوێت، ئەوا بە خێرایی ڕووناکی سیرات تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئەوبەری.
ئەوانەی پێیان وایە لە ڕێگای نەهی لەمونکەرە شەخسییەکان، سنووردارکردنی ئازادییە کەسییەکان، چاونوقاندن لە ناعەدالەتی و زوڵمی زاڵمان و فول لێدان بۆ ماچی دوهەرزەکارەوە دەتوانن دونیایەکی پەمەییمان بۆ درووستکەن کە تێیدا مەڕ و گورگ پێکەوە ئاو بخۆنەوە، ئەوانەی مافی گشتی نادیدەدەگرن بەڵام لەسەر مافە کەسییەکان فوو بە شەیپوری هەڵگیرساندنی جەنگی خەیبەردا دەکەن و پێیان وایە بە ئازادبوونی تاک دین دەکەوێتە مەترسییەوە دەبێت بزانن جگە لە هێنانە خوارەوە و قانگدانی دۆزەخێک زیاتریان پێ ناکرێت. گەر بە شێوەیەکی ڕاگوزەریش لەڕێگای عاتیفە و ئاگر و ئاسنەوە شتێکی وایان سەررێ خست، لە درێژ مەودادا هەر مەحکوم دەبن بە نەمان، تەماشای ئێران بکەن.
ئەزموونی مرۆڤانەی مرۆڤ نیشانی داوە ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بکەنە بەهەشت، خراپەکاری لە دونیادا نەهێڵن، پێیان وایە زۆری تاوانی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری ڕوودانی ڕووداوی سرووشتی و غەزەبی خوا بۆیە لە ڕێگەی دەستگا سەرکوتکەرەکانیانەوە دەکەونە قەڵاچۆکردنی تاوانە زاهیریی و کەسییەکان، دەبێت بزانن بەم کارانەیان دۆزەخێکی داختر لەو دۆزەخەی کە ئێستا تێیدان بۆ مرۆڤایەتی داخ دەکەن. ئەوەی هەوڵی دابەزاندنی بەهەشێتک بۆ دونیا دەدات پێ بزانێت یا نەزانێت دۆزەخێکی خراپتر لەوەی هەیە دەخوڵقێنێت. [1]