#حەسەن جودی# نووسەرو چاودێری سیاسى باس لە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرانبەر بە کورد دەکات و دەڵێت باشووری کوردستان وەک قەڵایەکە، ڕژێمی فاشیستی تورک دەیەوێت ئەو قەڵایە لە ناوەوە بگرێت، بۆ ئەمەش گەنجان دەکاتە ئامانج.
دوای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێگەشتووە کە ناتوانێت بە شەڕی گەرم دەست بەسەر خاکی باشووری #کوردستان#دا بگرێت و ناسنامەی کورد بسڕێتەوە، پەنای بردووەتە بەر شەڕی تایبەت و هەوڵدەدات لە ڕێگەی جەنگی دەروونیەوە هەستی نیشتمان پەروەری لای گەنجانی کورد بسڕێتەوە و بێ کاریگەریان بکات، لە دژی وڵاتی خۆیان ئاڕاستەیان بکات، دەربارەی ئەو جەنگە دەروونییە و ڕێگەکانی پاراستنی گەنجان لەو جەنگە، حەسەن جودی نووسەر و چاودێری سیاسی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
حەسەن جودی لە قسەکانیدا بەمجۆرە باسی لە مەترسییەکانى سەر باشووری کوردستان کردو وتی: (دەوڵەتی تورکیای فاشیست و حکومەتەکەی هەوڵێکی زۆریان داوە لە باشووری کوردستان تۆڕی سیخوڕی درووستبکەن و مادەی هۆشبەر بڵاو بکەنەوە، بەپلان هانی گەنجان دەدەن وڵات بەجێ بهێڵن، ئەمانەش کۆمەڵێک کەرەستەن، کە تورکیا شەڕی تایبەتی بەرانبەر بە کورد پێدەکات) .
ئاماژەى بەوەشکرد، کۆمەڵگەی باشوور کۆمەڵگەیەکی بەشکۆیە و خاوەن کەرامەتی خۆیەتی، بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەم شکۆیە تێک بشکێنێت، یەکێک لە هەوڵەکانیشی بە سیخوڕیی کردنە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە بە بەرنامە و بەمەبەست بێکارکراون، ئەوان بە ئامانج دەگرن و دەیانکەنە نێچیری خۆیان.
دەربارەی ئەو پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک حەسەن جودی باسی لەوە کرد، کە باشووری کوردستان وەک قەڵایەکە، ڕژێمی فاشیستی تورک دەیەوێت ئەو قەڵایە کە ناوەوە بگرێت، هەوڵدەدات لە ڕێگەی بێ کاریگەریکردن، بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، کۆچپێکردن، جنس، ئالودە کردن بە کۆمەڵێک بابەتی دیکە و بەسیخوڕ کردنی گەنجەکانەوە ئەوە بکات، بۆیە دەبێت گەنجی کورد لەبەرانبەربەو شەڕە تایبەتە بە ئاگا بێت.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو ئەگەر گەنج و ژن دەستەمۆ بکەن، کۆی کۆمەڵگە لەناو دەچێت، بۆیە دەبێت گەنج هۆشیار بێت و خۆی بەڕێکخستن بکات، خۆی پەروەردە بکات، ڕاستییەکانی شەڕی تایبەت و داگیرکاری بزانێت، خۆی بناسێت کە ڕۆڵەی چ میللەتێک و کۆمەڵگایەکە.
لەسەر چۆنییەتی ڕێگریکردن لەم شەڕە تایبەتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئەو نووسەرە پێیوایە کە بە چالاکی نواندن و بە خۆڕێکخستن کردن بە هۆشیارکردنەوە دەتوانێت ڕێگری لێبکرێت، دەبێت گەنج پابەند بوون بە ڕۆحی وڵات پارێزی، هەستکردن بە بەرپرسیاری هەبێت و خۆی بێ ئومێد نەکات، بە باوەڕەوە لە تێکۆشانی ئازادی بڕوانێت و بەشداریی تێدا بکات.
لەکۆتایی قسەکانیشیدا حەسەن جودی هێمای بۆ ئەوە کرد، کە پێویستە گەنجان لە ڕێی تێکۆشانی ئازادیی، تێکۆشانی گەنجان، کلتوری، ڕێکخستنی سیاسی، ژینگەیی، کاربکەن و جێگەی خۆیان بگرن. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=460045&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی چاوپێکەوتنی حەسەن جودی لەگەڵ ماڵپەری ڕۆژنیوزدا=KTML_Link_External_End=