$مامۆستا عەدنان کەریم کەی وازدەهێنێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گوێم بۆ هەردوو تراکەکەی ئەڵبوومی شاری مامۆستا عەدنان کەریم گرت. جگە لەوەی هەستم کرد مامۆستا عەدنان کەریم بە زیرەکی و لێهاتوویی و قوڵی خۆی لە ئەداکردنی مەقام و شارەزاییە زۆرەکەی تێیدا دەیەوێت دەنگە ماندووەکەی بشارێتەوە شتێکی تازەم تێدا بەدی نەکرد. ئەم قسەیە بۆ وەڵامەکەی سالم ڕاستترە. ئەمە جگە لەوەی هەندێ جار قافیەی وەڵامەکەی سالم و وەزنە شیعرییەکەی کێشەی بۆ ئەداکەی درووستدەکرد و یارمەتیی نەدەدا، تەکەلوفی دەکرد، بەڵام کێشە سەرەکییەکە قافییەی شیعرەکە نەبوو بەڕای من.
پێشتریش وتوومە بەڕای من دەنگی مامۆستا عەدنان کەریم ئەمڕۆ ماندوویەتی پێوە دیارە، چەند ساڵێکیش دەبێت ناتوانێت داهێنانێک بکات لەو ئاستەدابێت خۆی و ڕابردووە گەورەکەی خۆی تێپەڕێنێت. بەڕای موتەوازیعانەی من هونەرمەند دەبێت تەنیا بەخۆیان و کارەکانی خۆیان بەراورد بکرێن، نادادییە هونەرمەندێک بە یەکێکی دیکە بەراورد بکەین. لە هەمانکاتدا گوێی خەڵک بەردەوام چاوی لەوەیە هونەرمەند بەردەوام خۆی تێپەڕێنێت، ئەمڕۆی لە دوێنێی زیاتر و لە سبەینێی کەمتر بێت. مامۆستا عەدنان دەمێک ساڵە نەیتوانیوە خۆی تێپەڕێنێت.
من پێم وایە لە پێش دەرچوونی ئەلبومی بادەی گوڵڕەنگەوە دەبوو بەیەکجاریی واز بهێنێت. لە ئێستادا نابێت داواکاریمان زۆر بێت، ئەوەی لەچاوەڕوانیی دەبێت هەمانبێت بۆ ئەو دەنگە گەورەیەی هونەری کوردی نابێت حەزی نۆستالیژیکی تێپەڕێنێت.
چاوەڕوانیی داهێنان کردن لە کاک عەدنان لە بادەی گوڵڕەنگ بەدواوە وەک چاوەڕوانیی ئاوە لەسەرابی بیابان، چاوەڕوانیی گەوەرە لە ئێستادا بارێکی زۆر قورس دەبێت لەسەر شانی ئەو حەزرەتە. ئەو پیاوە تا بادەی گوڵڕەنگ توانی تۆن و تێنۆرێکی جیاوازمان پێ ببەخشێت، گوێمانی بە زۆر ئەدای جیاواز ئاشناکرد.
بەڵام ئەم مێلۆدی کوردییە نابێت لێرەداو لەم خۆجوینەوەیەدا قوفڵی لێبدرێت، نابێت کرێداروی کەسایەتی بێت، ئەم جەستەیە پێویستیی بە خوێنی تازەیە تا تێیدا بگەڕێت. جوینەوەی وێنەی دووبارە و ئاوازی دووبارە و خۆشاردنەوە لە پشت لایەنە تیۆرییەکانی مەقام و ئەداکردندا زۆرجار دەبێتە باعیسی کوشتنی حەزە نۆستالژیکییەکەش بۆ بەرهەمە جوانەکانی ڕابردووی کەسەکە. ئەم شتەپەیوەندی بە تەمەنەوە نییە پەیوەندی بە قودرەتی خەللاقییەت و داهێنانەوە هەیە.من قەناعەتم وایە مامۆستا عەدنان ئیتر ناتوانێت لەمە زیاتری پێ بکرێت. چاوەڕوانیی من و تۆش بۆ حەزێکی تەنانەت ئەگەر وەهمیش نەبووبێت و ڕۆحیش بووبێت بۆ ڕابردوو نابێت حەزی نۆستالژیکی تێپەڕێێت، دەنا نائومێد دەبین. [1]