$ژیان لەنێوان مەشروعیەتی سەرکردە و مەشروتیەتی خەڵکدا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
$کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە ڕیفراندۆم$
ئەمڕۆ سیستمە ئایدۆلۆژییەکانی وەک دەوڵەتی دینی/نەژادی چیدی سیستمی ژیانکردن نەماون، هونەریان پێ نییە بۆ ژیان، بەتەواوی ئیفلاسیان کردووە، نە شیمانەی درووستبوونیان هەیە نە هەلومەرج و پێداویستی درووستبوونیشیان وەک ڕابردووە. هەمیشە ئەم سیستمانە زیاتر لەسەر بنەمای مەرجەعیەت و کەسی یەکەم درووستدەبن نەوەک وەکالەت و کارپێسپێردراوی و وەرگرتنی ئەمانەتێکی کاتی. کەسی مەرجەع خۆی دێت ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم شیاوە بۆ ئەم ئەرکە، نەوەک خەڵک و جەماوەر بێن و بەشیاویان بزانن. دەقیق وەک ئەو خیلافەتەی لای سوننەکان و ئەو ویلایەتەی لای شیعەکان و ئەو قائیدە زەرورەیەی لای قەومییەکان و ئەو کاریزما پلۆریتارییەی لای چەپەکان هەیە.
ئەم جۆرە دیدانە لەهەناویاندا هەرچەندە ئیدیعای چەپبوون و بێدینیش بکەن بەڵام هەر نەزعەیەکی مێتافیزیکی و خۆ بەخودا زانینیان تێدایە. زیاتر پشت بە مەشروعیەتی خودایی و بان مرۆیی دەبەستن نەوەک مەشروتیەتی مرۆیی، ژێردەستەکانیان دەبنە قوربانی مەشروعیەت و ئەوەشی باس لە مەشروتیەت بکات دەبێتە بێ دین و بۆرژوا و خائینی نیشتمانی. ئەمانە هەموو کارەکانیان بە جۆرێکە دەیانەوێت هیدایەتمان بدەن بۆ ڕێگەی ڕاست، مافی مەزڵومان بسەنن، نیشتمانێکی یۆتۆپی بۆ نەژادەکەمان درووستبکەن لەسەر ئەساسی بە ئەهریمەن کردنی دەرەوەی مێشکە بچوکەکەی خۆیان، ڕازی و ئامادەمان ناکەن بۆ ژیانکردن، پێش پێدانی ماف داوای واجباتمان لێدەکەن بەرانبەر دین و ئایدۆلۆژیا و نیشتمان، کەمترینی ئەم واجباتانەش بەخشینی خوێن و کات و ژیانی خۆمانە بەو تێرمانە، ناسینەوەیان زۆرئاسانە، ئەمانە مەرگدۆستن نەوەک ژیاندۆست، جوانترین وشە لایان وشەی شەهیدی و خۆ بەقوربانیکردنە بۆ ئەو تێرمانە، خۆشترین ئاوازیش بۆیان هەمان ئەو ئاوازەیە لە چەکێکەوە دەردەچێت، هەرگیز باس لە ژیان ناکەن، هەمیشە چاویان لەمەرگ و شەمائیلەکانی بڕیوە، شانامە بۆ مەرگ دەنووسنەوە.
بەیەک وشە ئەمانە ئەرکسەنتەرن نەوەک مافسەنتەر، دیارە لەدونیای نوێشدا ئەرک چەندە جێی دەبێتەوە. [1]