$ئایا ئەوە خودایە داوای حوکمی دینی دەکات؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
$حیجابی زۆرەملێ وەک دەرهاویشتەیەکی دەوڵەتی دینی$
زۆر هەوڵمدا بەرگری بکەم بەڵام نەمتوانی بەر بە پەنجەکانی دەستم بگرم بۆ ئەوەی ئەوەی لەمێشکمدایە لە ڕێگەی کیبۆردی مۆبایلەکەمەوە نەیگوازنەوە بۆ ئەم پۆستە بەڵام مەرگی تراژیدی ژینا ئەمینی گەڕاندمییەوە و پێش تەواوبوونی ئەو وادەیەی لەگەڵ خۆم گرێبەستم تێدا کردبوو گەڕامەوە فەیسبووک. چەند دۆست و خۆشەویستێک ڤیدیۆی کوشتنی ئەو کچە سەقزییەیان بۆ ناردم کە لەکۆماری ئیسلامی ئێران بوویە قوربانی ئاکارەکانی پۆلیسی ئەخلاقی لەو وڵاتەدا، نەمتوانی ئەم چەند دێڕە نەنووسم، ئەم ڕووداوە بیانوویەکی باش بوو بۆ گەڕانەوەم بۆ دونیای فەیسبووک کەبەبۆچونی من و ئەزموونی ئەم سێ هەفتە دووری لێی سەلامەتترین تۆڕی کۆمەڵایەتییە و هاوکات بۆ درێژەدان بەو نووسینانەی کە دەشێن ببنە هەوێنێ لەدایکبوونی ئیسڵاحێکی دینی-کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا شتێکی خراپ نییە. مرۆڤ کەتەماشای ڕووداوێکی لەمشێوەیە دەکات موچڕکە بەلەشیدا دێت کە چۆن هەمان ئەو دینەی کە قەراربوو بژێنێتەوە اذا دعاکم لما یحییکم ئەمڕۆ بۆتە ئەداتێکی لەناوبردن و کوشتن تیرۆری ڕاستەوخۆ. ئەم ڕووداوە دوورونزیک پەیوەندی بە کوردبوونی ئەو کچەوە نییە ئەوەندەی پەیوەندیدارە بە ئیسانبوونی ئەو کچەوە. ئەوانەی دەغدەغەی ئایدیۆلۆژی و قەومییان بۆ ئەم ڕووداوە هەیە هیچ بەڵێ هیچ لەمانا گەردوونییەکەی مرۆڤبوون و ئازادی تێناگەن. گەر تێبگەن بە هیچ جۆرە تەرازوویەکی ئایدیۆلۆژی و نەژادی ئەم ڕووداوە گرنگە ناپێون. بەشێکی ئەم نووسینە درێژەی هەمان ئەو ڕەخنانەیە کە بەندە لەڕابردوودا لە حکومەت و مەنزومەی سیاسیی دینیم گرتووە.
$ئایا دەوڵەت یاحیزبی دینیی شتێکی مومکینە؟$
گەر بە زمانی هاوکێشە کیمیاییەکان قسە بکەین مەنزوومەی حیزب و حکومەتی دینیی مەنزومەیەکی تەواو نالەخۆ و هاوردەیە، لەهەناوی ئایینی ئیسلامە هەڵناقوڵێت، پەرچەکرداری گۆڕانی دیدی موسوڵمانانە بۆ زانست و سیاسەت و ژیان و ئیستعماری ئەوروپی ژینگەی لەبار سازاند تا لەدایک ببێت.
شتێکی ئاشکرایە دامەزراندنی دەوڵەت یا مەنزومەیکەی فاشیی، دیکتاتۆریی و تۆتالیتار و شتێکی مومکینە و مێژوش ئەمەی نیشان داوە. بەڵام دامەزراندنی مەنزومەو دەوڵەتێکی دینیی شتێکە زۆر لەمەحاڵ نزیکە.
ڕەنگە لەڕووی تیۆرییەوە بتوانین نەخشە و پایەکانی لەمێکشی خۆماندا بکێشین، زۆریش نایاب و یۆتۆپیی دەرکەوێت بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع درووستکردنی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە هێندەی مەحاڵ نەکردە و نامومکینە، لە پراکتیکدا ئەم پرسە پارادۆکس و دژیەکە لەگەڵ خۆیدا. سەرەتاییترین پێناسە بۆ دەوڵەت و حکومەت کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردنی کۆمەڵگایە تا نەهێڵێت تاکەکان بەیەکدا بدەن، مافەکان بە یەکسانی بدات، کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی ئەوی دیکە و دەوڵەت هەموان بەیەک ئاست کۆنترۆڵ بکات.
دەوڵەت و هێزە ماددی مەعنەوییەکەی دەتوانێت بە زۆر و زەبر زۆر شت بسەپێنێت، باج بسەنێت، کۆمەڵێک جوڵە قەدەغە بکات، یاسا جێبەجێ بکات چونکە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەمە درووستبووە. بەڵام شتێک کە ناتوانێت بیکات ئەوەیە کە ناتوانێت ئیمان بەزۆر لەدڵی کەسدا بچەسپێنێت.چونکی لەبنەڕەتەوە بۆ ئەمە درووست نەبووە. ئیمان لە جنسی عیشقە، شتێکە لەناووە هەڵدەقوڵێت ولەدەرەوە نیشانەو ئاسارەکەی دەبیندرێت، بەزۆر نەکردەیە لە دڵێکدا بچەسپێت یان بچەسپێندرێت. دینەکانیش لەبنەڕەتەوە نەهاتوون ئیدارەی ژیانی ڕۆژانەی سیاسیی و ئابوور خەڵک بدەن، ئەوا هاتوون پەیامێکی ئیمانیی و ئیلاهی بەگوێی ئینساندا بچرپێنن، ئاسمان و زەوی پێکەوە ئاشتبکەنەوە. بەهۆی یەکتاپەرەستییەوە مانا بدەنە دیاردە سرووشتییەکان، ڕاستە هەندێ ڕێوشێنی ئیدارەدانی ڕۆژانەی خەڵک تێیاندا هەیە ئینکاریی ناکرێن، بەڵام لە بنەڕەتەوە هەروەک چۆن قورئان وئینجیل و تەورات پەڕتووکی مێژوو و جوگرافیا و فیزیا نین، بەهەمان شێوە پەڕتووکی سیاسەت و ئابووریی و یاساش نین. دەشێت هەندێ ئاماژەیان بۆ سرووشت و زانستەکانی وەک فیزیا و جوگرافیا تێدا بێت بەڵام هەر هێندەی فیزیا و جوگرافیا لەبارەی سیسەت و یاسا و ئابووریشەوە دەڵێن.
$بۆچی ناتوانین دەوڵەتی دینی درووستبکەین؟$
هۆکارەکانی مەحاڵبوونی دەوڵەتی دینی زۆرن، کورتترین و نزیکترین هۆکارەکان دەشێ لە سێخاڵدا کورت بکەینەوە:
یەکەم/ ئیمان کە سەرەکیترین پایەی دینە بە هێز و زەبروزۆر لە دڵدا ناچەسپێت، سەرەکیتریین پایەی هەر دەوڵەتێکیش هێزە.
دووەم/ ئایینەکەن لەهەناویاندا و بە تایبەتیش ئیسلام باوەڕیان بە بەجێهێنانی واجبات هەیە، زیاتر ئەرکسەنتەرن، لە دونیای نوێشدا مرۆڤ بیرکردنەوەکانی گۆڕاون و زیاتر بەشوێن مافەکانیەوەیەتی وەک لە ئەرکەکانی. گەر لە ڕابردوودا دامەزراندنی دەوڵەتێکی دینی مومکین بوبێ تەنیا لەبەر ئەوە بووە تاکەکانی کۆمەڵگا ئەرکسەنتەر و بەجێهێنەرێکی باشی ئەرکەکانیان بوون، بەڵام ئەمڕۆ کە مرۆڤ لە هەموو چرکەیەدا بەشوێن مافەوەیە درووستکردنی حیزبی دیننی و حکومەتی دینیی نزیکە لە مەحاڵ. تەنیا لە تیۆرییدا دەشێ بڕوامان پێی هەبێت.
سێیەم/ئەمڕۆ شتێک نەماوە بەناوی دونیای ئیسلام، ئەوەی هەیە جوگرفیایەک هەیە موسوڵمانان تێیدا زۆرینەن و جوگرافیایەکیش هەیە کە کەمینەن تێیدا. ئایا دەیانەوێت چۆن لەم دوو جوگرافیا جیاوازەدا تەلی سازەکەی خۆیان کۆکبکەن لەگەڵ سیستمە جیهانییەکەدا بیگونجێنن؟
$چارەسەر چییە؟$
دەشێت سکۆلاریزمی سیاسیی وەک مامناوەندترین چارەسەر چاوی لێبکرێت. سیکۆلاریزمی سیاسیی واتە جیاکردنەوەی دامەزراوەی دینی لە دامەزراوە حکومەتی و دەوڵەتییەکان نەوەک جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و کایە ژیارییەکان. بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت ڕوانینێکی یەکسان و عادیلانەی بەرانبەر هەموو ئایین و مەزهەب و گرووپە باوەڕییە جیاوازەکان هەبێت، سیکۆلاریزمی سیاسیی دەشێ وەک چارەسەرێک میانەگیر لێی بڕواندرێت. هەرچەندە سیکۆلاریزمی سیاسیی بەتوندی دەستوەردانی پیاوانی ئایینیی لە دامەزراوە سیاسییەکان ڕەتدەکاتەوە بەڵام لە هیچ جێگایەک ڕۆڵی ئایین نادیدە ناگرێت بۆژیانی سیاسیی.
سیکۆلاریزمی سیاسیی دژی حکومەتی دینییە چونکە لەمڕۆدا حکومەتی دینیی تا ئەندازەی مەحاڵ شتێکی نەکردەیە. حکومەتی دینیی لەسەر ئەساسی نوێنەرایەتییکردنی خودا درووستدەبێت نەوەک نوێنەرایەتیکردنی خەڵک، خودا سەنتەرە نەوەک خەڵک سەنتەر، مشوری هیدایەتی خەڵک دەخوات نەوەک پێداویستیی و ڕەزایەتیان، ئەرک و واجباتی لەخەڵک دەوێت نەوەک مافیان بدات، واتە لەدەوری شتێک دەسوڕێتەوە کە پێی دەوترێت ئەرک نەوەک ماف.
درووستبوونی حکومەتی دینیی یەکێکە لە گەورەترین و خراپترین ئەو بیدعەتانەی لەپاش دونیای کریستیانیەت دونیای ئیسلامیشی گرتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەم بیدعە مردارەوەبووە ئیستیعمارو کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی بوون.
کاری پیاوانی ئایینی ژیانکردنە لەگەڵ خەڵک نەوەک دیاریکردن و ئاڕاستەکردنی شێوازی ژیانی خەڵک کن عند الناس فردا منهم، کن مع الحق بلا خلق و کن مع الخلق بلا نفس.
ئارەزووی تۆ نابێت ببێتە شێوازی ژیانکردنی خەڵک. پیاوی ئایینی پزیشکی لایەنی ڕۆحیی خەڵکە نەوەک حاکم بێت بەسەر ژیان و ژیارەکەیانەوە. گەر هاتوو پیاوێکی ئایینیی ڕۆیشتە حکومەتیشەوە دەبێت بە نەفەسی پیاوێکی ئایینیی حاکمییەت نەکات، چونە ئەو نەفەسە نەفەسێکی موقەدەسە و هەرگیز خۆی بەهەڵە نابینێت.
گەر هاتوو دڵێکیش بۆ ئیمانی خەڵکێک ژانی کرد ئەوا دەبێت بزانێت ئیمان لە جنسی عیشقە ولە ئازادی ڕەهادا گەشەدەکات نەوەک لە ژینگەیەکی سیخناخ بە ئاگر و ئاسن و لێدان و پۆلیسی ئەخلاقی. ئەوەی جوانە ئیمانێکی ئازادانەیە نەوەک ڕادەستییەتێکی بەزۆر و دۆنکیشۆتیی.
لە سیکۆلاریزمی سیاسییدا تاک خاترجەمە لەوەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی خۆیان لە ژیانە تایبەتە دیندارانەکەی وئەوەی باوەڕی پێی هەیە هەڵناقورتێنن. سیکۆلاریزمی سیاسیی بەتەواوی جیاوازە لە سیکۆلاریزمی فەلسەفیی، کۆکردنەوەی ئەمەیان لەگەڵ ئایین کەمێک نەکردەترە چونکە ئەمیان تا دواسنوورەکانی لائیکییەت لائیسیتێ کاری بە بیرکدنەوەی مرۆڤ هەیە.
لە سیکۆلاریزمی سیاسییدا ماف و ئازادییەکانی تاک سەنتەرن لە سیکۆلاریزمی فەلسەفیدا بیرکردنەوەی تاک.
ئەم قسانە ناکەنە پاساوی قسەی ئەو ڕۆشنبیر بە حیساب ڕۆشنگەرانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەم لەعەلمانییەت دەدەن لەسەر حیسبای دژایەتی کردنی دین. ئەماە ئەمڕۆ نموونەیەکی زۆر مەترسیداری عەلمانییەتن لائیکیەتن، وادەزانن عەلمانیەت بەواتای دەستهەڵگرتن لە دین و دیانەت دێت لە هەموو کایەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ژیارییدا. ئەمە جەهلێکی مورّەکەب زیاتر نییە. سیکۆلاریزمی سیاسیی واتە بێلایەنبوونی دەوڵەت لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەوە. [1]