$چۆن تێبگەین؟ لەچی تێبگەین؟ چارەسەر چییە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەر چارەسەرێک بۆ هەرکێشەیەک لە فیکرەوە سەرچاوە نەگرێ کاتی و ماکیاژە.
پایەکانی دەوڵەت و حکومەت و ڕێکخراو و ڕەوتە دینی و قەومییەکان لەسەر ئەساسێکی ئێکسپایەری وەک ئەرک و واجبات بوونیاد دەنرێت، لەکاتێکدا دونیاکە دەمێک ساڵە لە دونیای ئەرکەوە گواستوێتییەوە بۆ دونیای ماف. بیناکردن لەسەر واجبات لە زەمەنێک کە ماف تێیدا ڕوکن و سەنتەرە بیناکردنێکی ناوبۆش و لاواز و بەرگەنەگرە. بە هۆشیاربوونەوەیەکی کەمی لایەنگران و هەواداران و هوتافکێشەکانت، دۆخە بەسەر خۆتدا قڵپ دەبێتەوە و هەر ئەوانەی دوێنێ خۆیان بەکوشت دەدا بۆت خودی ئەوانەش گۆڕەکەت بۆ هەڵدەکەنن.
کۆماری ئیسلامی ئێران، سعودیەی عەرەبی، سوودان و دەیان دەوڵەتی قەومی وەک سووریا، ئێراقی بەعسییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە دەوڵەتی دینی یان دەوڵەتی لە قەومی خراپترین جۆری بیدعەی دەوڵەتداری بوون لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا.
ئێمەتا ئێستاش نازانین دەوڵەتە دینییەکان بەو فیقهە کرچوکاڵ و بێڕۆحەی کە ئیدامەی دەوڵەتدارییەکەیانی پێدەدەن چییان دەوێ؟ ئایا ئەوان دەیانەوێت خەڵکەکەی ژێر دەستیان ئیماندار و عاشق و بە ویژدان بن؟ دەی مەسەلەکانی ئیمان و ویژدان کێشەی بوونیادی-وجودی مرۆڤن، بە ئەمر و نەهییەکانی دەوڵەتی دینی درووست نابن. گەر تەسەڵوت و ئیقتیدار و زاڵبوونیشیان دەوێت و دەیانەوێت ببنە سێبەری خودا بێگومان شەریعەت و فیقهە ئەرکسەنتەرەکەی دین باشترین ژینگە و بواریان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لەچاوتروکانێکدا ئاگر لە وڵات بەربدەن دواتریش هەر لەچاوتروکانێکدا خۆیان ئەو ئاگرە بکوژێننەوە. تەماشای جوڵەکانی ئەمڕۆ و دوێنێی موقتەدا سەدر بکە.
ئەم قسەیە بۆ دەوڵەتە ناسیۆنالیست و نەتەوەچییەکانیش هەر ڕاستە. گەر خۆشەویستی نیشتمان و خۆ بەختکردن بۆی قسەکەیە، پێویستمان بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە تا ئەم هەستە بڕوێنێت، چونکە مەسەلەی خۆشەویستی مەسەلەیەکی وجودییە، لەناوەوڕا چەکەرەدەکات و درووستدەبێت، نەک لەدەرەوە بەسەرە ناوەوەی مرۆڤدا بچەسپێندرێت. بەڵام گەر بۆ تەسەڵوت و زاڵبوون بێت، ئەوە مەسەلە ئایدیۆلۆژییە نەتەوەییەکانی وەک نیشتمانپەروەری باشترین ژینگە و کەشی لەبار دەخوڵقێنن بۆ کەراندنئیستیحمار و جەڕاندنی هۆشیاری جەماوەر بۆ ویستی تاکەکەس. شەڕی ناوخۆی کورد لەڕابردوودا لەسەر ئەم ئەساسە دەکرا و شەرعیەتی پێدەدرا. ئەفڵاتون دژی ئەرستۆکراتە ئەسیناییەکان دەیگوت: هەر سەرکردەیەک وتی بڕۆن خۆتان بۆ شار بدەن بە کوشت، ئەوە لە واقیعدا دەڵێت بڕۆن خۆتان بۆ من بدەن بە کوشت.
ئەو فیقهەی ئەمڕۆ لە باشووری ئێراقدا حوکم دەکات و مەرجەعییەتەکان شەڕی پۆست و پارەی مۆڵی نەتوت و فەرهوودی پێ دەکەن، هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێ بکە و مەکەی سیاسی/کۆمەڵایەتی نەبێت. دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە دین و ئیمانی دینییەوە نییە. سەربە دونیای ئەرک و واجباتە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دونیای مافەکاندا نایەتەوە، ناتوانێت نە لەخەمی خەڵک و نە لە خەمی شەقامەکەشی بگات. بە درووستبوونی کەمترین هۆشیاری سیاسی/کۆمەڵایەتی وەک داشەکانی دۆمینە ئەمانیش یەک دوا یەک هەرەس دێنن. ڕۆشنبیری دینی لەم بوارەدا گرنگترین ئەرک دەکەوێتە سەرشانی لە هۆشیارکردنەوە و ئاڕاستەکدنی خەڵکەکەیدا.
دەوڵەتی دینی/نەتەوەیی ئەمڕۆ نە شیمانەی درووستبوونی هەیە نە هەلومەرج و پێداویستی درووستبوونیشی هەیە. چونە ئەم دەوڵەتانە زیاتر لەسەر بنەمای مەرجەعیەت و کەسی یەکەم درووستدەبن نەوەک وەکالەت و کارپێسپێردراوی.کەسی مەرجەع خۆی دێت ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم شیاوە بۆ ئەم ئەرکە، نەوەک خەڵک و جەماوەر بێن و بەشیاویان بزانن. دەقیق وەک ئەو خیلافەتەی لای سوننەکان و ئەو ویلایەتەی لای شیعەکان هەیە. لای نەتەوەییەکانیش سەرکردەی یەکمی بێڕکابەر و کاریزمای یەکەم هەیە. ئەم جۆرە دیدانە زیاتر پشت بە مەشروعیەتی خودایی و بان مرۆیی دەبەستن نەوەک مەشروتیەتی مرۆیی. دەیانەوێت هیدایەتمان بدەن بۆ ڕێگەی ڕاست نەوەک ڕازیمان بکەن لە ژیان، ئەرکسەنتەرن نەوەک مافسەنتەر.
پەیامی دینی/نەتەویی ئەمڕۆ نابێت پەیامێکی سیاسیی بێت. ئێمە دەبێت وردەوردە بگوازینەوە بۆ دونیای نوێ. دەبێت چاومان لە پەیامە ئەخلاقی و مەعنەوییەکانی دین بێت نەوەک چاوەڕوانیمان بۆ پەیامە سیاسییەکانی هەبێت. دەوڵەتی مەدەنی و سیکۆلاریزمی سیاسی لێرەدا دەبێتە فەرز و واجبێک بۆ ژیان، جیاکردنەوەی بوونیادە دەوڵەتییەکان لە بوونیادە دینییەکان. ئەمە زۆر جیاوازە لەو بۆچوونە موتەتەریفەی لائێسیتە کە دەیەوێت دین و ژیان لێکجیاکاتەوە. پیاوانی ئایینی نابێت وەک ئەوەی پیاوی ئایینین بەشداری سیاسییان هەبێت، ئەوان دەبێت وەک مرۆڤ و لەدەرەوەی ئەرکە ئایینییەکەیان سیاسەت بکەن. لەناو سیاسەت و کۆمەڵگادا بن نەوەک بەسەر سیاسەت و کۆمەڵگاوە حاکم بن بەقەولی ئیمامی عەلی: کن عند الناس فردا من الناس- یەکێ کبن لە خەڵک نە یەکێک بن بەسەریانەوە وەک پیاوانی دینیش دەبێت کاریان کارێکی پزیشکیانە بێت لەگەڵ ڕۆح و دەروون و ئیمانی خەڵک نەوەک پۆلیس بن بۆ ژیانی دەرەکی و ئابووری و سیاسەتیان.
$ئەنجام$
بە گوێرەی تێرمینۆلۆژی دینی مەرجی سەرەکی سەعادەتی ئەبەدی مرۆڤ ئیمانەکەیەتی، کەسی بێ سیاسەت و بێ دەستوور و بێ ئابووری دەشێت بچێتە بەهەشت، بەڵام کەسی بێ ئیمان نا، گەر دڵمان بۆ دین و ئیمان خەڵک دەسوتێت دەبێ هەوڵبدەین فەزای ئازادیان بۆ فەراهەم بکەین، چونکە ئیمان تەنیا و تەنیا لەفەزای خاوەن ئیختیار و ئازاددا گەشە و نەشونما دەکات. [1]