$پرسیاری دین چییە؟ یا دین چی نییە؟ کامیان ڕاستە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
دین چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. لە مامۆستایەکی مینبەرەوە بۆ مامۆستایەکی زانکۆ، لە شەرعناسێکەوە بۆ سیکۆلارێک، لە پڕۆفیسۆرێکەوە بۆ مەلامەعاز ڕۆژانە گوێی ئێمە بەو پرسیارە پڕ دەکەن کە ئایا دین چییە؟
هەموومان دەزانین دین چییە و ناشزانین چییە. بەبۆچوونی من ئەم پرسیارە لەمڕۆدا چیدی جەدوای نەماوە، ناتوانێت جوڵە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بۆ ئەوەی شێوازی ژیانەکەمان بگۆڕین دەبێت شێوازی پرسیارکردنەکانمان بۆ دین بگۆڕین.
هەتا پرسیارەکە بەم جۆرە بێت دین چییە؟ هیچمان دەستناکەوێت. بە شکەستە نەفسییەکەوە من دەڵێم دەبێت پرسیارەکە بەم جۆرە بکەین:دین چی نییە؟
کاتێک دین دەبێتە کلتور و بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگا و هەر لە لەدایکبوونی تاکێکەوە بۆ ناوگۆڕەکە لەگەڵیدایە ئیدی پرسیارکردن لە بوونی شتێک کە بەشێکە لێت خەڵەتێنەرە و چەواشەکارانەیە. دەقیق وەک پرسیاری ئەو ماسییەی لێ دێت کە دەپرسێت ئاو چییە؟ ماسی دەبێت بپرسێت ئاو چی نییە بۆ ئەوە بتوانێت باشتر لە ئاو تێبگات و بەرخوردێکی باشتر لەگەڵ ژیانی ناو ئاودا بکات.
ئەو شتانەی دەتوانین لەوەڵامی پرسیاری دین چی نییە؟ دا بیانژمێرین زۆرن، بەڵام دیارترینیان بۆ قۆناخێک کە ئیمانی دینی تێیدا لەق بووە وەک ئەم قۆناخەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی و کومەڵگاکانی لەجۆری ئەوانەی ئێمە ئەوەیە کە بێ سڵەمینەوە و ترسان بڵێین دین سیاسەت، دەوڵەتداری، ئیدارە، سیستمی بانکی، پزیشکی، فیزیا، دەروونناسی و کۆمەڵناسی...هتد نییە. ئەمان دەشێت لینکێک یان زیاتر لە شوێنێکدا بە ئایینەوە گرێیان بدات و خاڵی هاوبەشیان بۆ درووستبکات، بەڵام هەرگیز ئەمان ئایین نین و ئایینیش ئەمان نییە.
زانستە ئەزموونی و مرۆییەکان زانسگەلێکی ڕێکخراون بۆ دیوێکی ژیانی مرۆڤ، زیاتر ئۆبژێکتیڤین ، خاتری کەسیان تێدا ڕەچاو ناکرێت، خۆیان چۆنن بەوجۆرە دەنوێنن، بێ ئامانج و بێ جیهانبینی و بێ پەیامن، هەرچی دین و ئیمانی دینی هەیە پەیوەندییان بە دیوێکی دیکەی مرۆڤەوە هەیە، کەسی و سەبژێکتیڤیین، کەس تێیاندا سەنتەرە، گەر لایەنێکی ئۆبژێکتیڤی و ناکەسیشیان هەبێت لە مەقاسیدیدا دەچێتەوە خزمەت لایەنە سەبژێکتیڤییە کەس سەنتەرەکە، ئامانجدار و خاوەن جیهانبینی و پەیامدارن.
کرۆکی دین ئیمانی دینییە، کە شتێکی تەواو کەسیی و خودسەنتەرە، هەرچی شوناسی دینی و حەقیقەتی دینی هەیە دەبێت لەخزمەت ئەم ئیمانەدا خۆی بەیان بکات و لەدەوری بگەڕێت. هەرکاتێک لەبری ئیمانی دینی زیندووڕاگرتنی دین پەیوەست کرا بە شوناسێکی دینییەوە ، باسە تێورییەکانی وەک عەقیدە، فیقه، بەلاغە، قەواعیدی زمان، علومەکانی حەدیس و قورئان، حیزبایەتی، سیاسەت و چالاکی کۆمەڵایەتی دینی کە زیاتر سەربەشوناسی دینین کرانە سەنتەری بیرکردنەوە ئەوا نەعش و بیری هەستانەوەی دینی ئەوەندەی دیکە لە مەخسەدە ئیلاهیی و ئامانجدارەکەی دوور دەکەوێتەوە و دەچەقێت. نەک لەو دنیا هەر لێرە دۆزەخێک بۆ مەنسوبانی و شوێنکەوتوانی داخ دەکات، لە زیاترین باردا کۆمەڵگایەکی ڕوکەشیی مونافیق پەروەر بەرهەم دێنێت.
ئیمانی دینی دیوێکی دیکەی ئومێدە بۆ ژیان، بە لەق بوونی ئەم ئیمانە ئومێدیش جێ پێی لەق دەبێت، ئەگەرچی موسوڵمانانی دینێک لەوپەڕی بەهێزی سیاسیی و ئیداری و شوناسیشدا بن، بە لەق بوونی ئومێدیان بۆ ژیان و ژیانکردن ئیمانیشیان لەق دەبێت. بۆ ئەوەی ئەم ئیمانە لەق نەبێت دەبێت شێوازی پرسیار کردنەکانمان بگۆڕین. بارە زیادەکانی سەرشانی دین داگرین تا لەژێریدا نەپسێ بەسەرماندا بڕوخێت. لەبر ئەوەی بڵێین دین چییە؟ باشتر وایە بڵێین دین چی نییە؟ [1]