$مردن$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕوانین لە مەرگ و دیتنی وەک کۆتاییەکی تاڵی ڕێگاکە ڕوانینێکی پۆزێتیڤیستانە و سرووشتگەرایانەی تەمام عەیارە. چونکە بۆ کەسێک کاتێک خوی تەنیا بەم جۆرە لە ژیانکردن و دونیاوە گرتووە، دابڕان لێی و کوژانەوە دەبێتە بێ ماناترین ڕووداوی ژیانەکەی. ئەرستۆ پێی وایە فەلسەفە شتێک نییە لە ڕاهێنانی هونەری مردن زیاتر. لەسەرێکی دیکەشەوە حەکیمانی دونیای ئیسلام باوەڕیان وابووە پێغەمبەران دوو کاری سەرەکییان هەبووە، یەکەمیان قسەکردن بووە سەبارەت بە خودا و دووهەمیان قسەکردن سەباەت بە مەرگ. خودا و مەرگ لەسەرەکیترین ڕەکیزەی پەیامە ئاسمانییەکانن بۆ مرۆڤ.
پاوڵ جۆهانس تیلیچ (1886-1965) یەکێکە لە کاریگەرترین فەیلەسوفانی پرۆتستانتی لۆتەری، خاوەنی بیرۆکەیەکە بەناوی ultimate concern لوتکەی نیگەرانیی مرۆڤ یان نیگەرانیی ناکۆتای مرۆڤ. تیلیچ تەنانەت دین بەو دۆخە پێناسە دەکات کە مرۆڤ دەگەیەنێتە نیگەرانیی ناکۆتا:
The state of being ultimately concerned
لەم تیۆرییەیدا تیلیچ باس لەو نیگەرانییانە دەکات کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، نیگەرانیی لە پەیداکردنی قووتی ڕۆژەکەی، نیگەرانی لە تەواوکردنی خوێندن بڕوانامە، نیگەرانی لەوەی چ بپۆشێت چۆن بپۆشێت، نیگەرانیی لە داهاتووی خۆی منداڵەکانی، خەمخۆری بۆ ئێستا و داهاتووی پیشەیی ..هتد. ئەمانە هەموو دەغدەغە و نیگەرانین، بەڵام هیچ یەکێک لەوانە نیگەرانیی ناکۆتا نین کە گینگڵ بە مرۆڤی دیندار بدەن، وەک ڕەشمارێکی نزیک لە کۆتاییەکانی ژیان ئازار پێچی پێ بدات لەوەی ڕۆژێک دێت دەبێت ئەم بڕوات، ئازارێک هەستی ئەوەی بۆ درووست دەکات ئەم دەبێت بمرێت و بارگە و بنە بپێچێتەوە، گەر مرۆڤ لەم جۆرە نیگەرانییە ناکۆتایە بووبە میوانیی بەردەوام پرسیار لەخۆی دەکات کە ئایا ئامادەی ئەو سەفەرەم؟ بیر لەوە دەکاتەوە پاش مردن خۆشبەختیی هەیە؟ دەبێت من خۆشبەخت بم؟ ئەسڵەن خۆشبەختی بۆ پاش مەرگ مانەیەکی هەیە؟ ئایا ژیانی پاش مردن هەیە؟ گەر هیە چۆنە؟ بەهەمان ئەم هەستانەی ئێرە هەستیان پێدەکەین؟پێناسەکانی خۆشبەخی و بەدبەختی لەو ژیانەدا چۆن دەکرێن؟ تیلیچ پێی وایە ئەم خەمانە لوتکەی خەمێکی ناکۆتان کە بشێت مرۆڤ پێی بگات و ئایینەکانیش هەر بۆ ئەمە هاتوون مرۆڤ بەم خەمە ناکۆتایە بگەیەنن.
تیلیچ پێیوایە بەڵێ ڕاستە دین دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە سەرڕێخستنی ئەخلاق و تێڕوانینی ئەخلاقی لە کۆمەڵگادا بەڵام کورتکردنەوەی دین بۆ چەند مەفهومێکی ئەخلاقی لای تیلیچ کورتکردنەوەیکی بێمانا و ناپێویستیشە، دەشێت مرۆڤێک هەبێت و هەڵگری ئەو مەفهومە ئەخلاقیانە بێت و بێدینیش بێت. تیلیچ پێی وایە کەسی دیندار کەسێکە تا کۆتایی دەبێت بیربکاتەوە و بگات بەوەی ئەو ناوی لێدەنێت لوتکەی خەمی ناکۆتا، بە پێچەوانەوە تیلیچ دەڵێت کەسێک کە ناگات بە خەمی ناکۆتا ناشێ پێی بوترێت کەسی دیندار، مەحوی نەوەک دینداریی، گومان لە مەردایەتی کەسی بێخەمی لەمجۆرە دەکات:
عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە وا تێ دەگات مەردە
کە چی وەک خان و خانم دائیما دڵخۆش و بێ دەردە
بە پیری مەرگەوە فرسەخ بە فرسەخ ڕۆیون مەردان
ئەوی باکی لە مردن بێ دیارە بڵح و نامەردە
گەر ئەو تیۆریایە تیلیچ وەک پێشەکییەک وەربگرین دەشێت بڵێن چونکە کەسی دیندار لە نیگەرانیی ناکۆتا یا لەخەمی ناکۆتادا دەژییت، خۆبەخۆ دەبێت بەبەشێک لە ناکۆتا، پێی وانییە ڕۆژێک لەڕۆژان سفر ببێتەوەو نەمێنێت. نیگەرانییە کورت و کەمخایەنەکان توینێتی ئەم ناشکێنن. مرۆڤێک کە ئیدیعای دینداریی دەکات و هەموو خەمەکانی لە بەدەستهێنانی ماڵ و سامانێکی سنووردار و بڕوانامەیەک و کورسییەکدا کورتدەکاتەوە، هەموو دینەکەی دەکاتە بەردەباسێک بۆ ئەژێندایەکی سیاسی، ئایدۆلۆژی، زانستی، یا ئەخلاقی ناتوانێت تەفسیرێکی درووستی بۆ مەرگ و مردن و ناکۆتا هەبێت، گەر هەشیبێت زیاتر خۆی لە چێژێکی مەرگدۆستیی و نیگەرانییەکی ڕەش دا دەبینێتەوە، مردن بۆ ئەم لە ئازار و سزای گۆڕ و عەدالەتی کردەوەکانی و عەش یا عەیش و نۆشێکی تەواو سێکیولەر و مادد زیاتر نابێت، ئەم مردنە ئەوەیان نییە کە لەناو هەناوی خەمە ناکۆتاکەی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە.. بەقەولی مارک توەین ترسی لە مردن هەیە چونکە لە ئەساسەوە ترسی لە ژیانە بێخەمەکەی هەبووە و تەواو ئەو ژیانە نەژیاوە.
هەموو ئەو چێژانەی دیندارەکانی ئەمڕۆ بۆ ژیان و مردن هەیانە هاوشێوەی خەمەکانیان چێژی کورت و کەمخایەنن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئە چێژە کورتخایەنانەی کە لە ئالوودەبوون بە خواردنەوە ڕۆحییەکان یان ماددە هۆشبەرەکان مرۆڤ دەستیدەکەوێت، ئەوەی ئیدیعای دەکەن و وەک چێژی ڕۆحیی وێنای دەکەن لە وەهمێکی ڕەش و چێژێکی کاتیی زیاتر نییە، چونکە لە بنەڕەتەوە نەبەستراونەتەوە بە ناکۆتاوە تاوەکو چیژەکانیشیان ناکۆتابێت. ئەم جۆرە لە ژیان نابێتە ژیانی دیندارانە، چونە نەبەستراوەتەوە بە ناکۆتاوە، دیکارت هەمیشە دەیگوت دەمەوێت ناکۆتا بدۆزمەوە تا خۆمڕادەستی ئەو بکەم، ئیدی لە شادی کاتیی و خەمی کاتیی ڕزگار ببم. ناکۆتایەک توانای هەبێت فانییەکی وەک ئەم بباتە نێو خۆیەوە و بیگەیەنێت بە ناکۆتا. هەروەک ئەو دڵۆپە ئاوەی دەڕژێتە دەریاو دەبێتە بەشێک لێی. بەقەولی نالی:
عیشقت لە دڵ و دیدەیی پڕ ئەشک و ئەلەمدا
گونجایش و تەسکینی نییە زۆرە لەکەمدا
کە باسی ناکۆتا دەکرێت مرۆڤ دەبێتە سێ جۆر: مرۆڤێک کە بێخەبەرە لە ناکۆتا و خۆی پێوە خەریک ناکات، مرۆڤێک کە لەڕووی زیهنیی و تیۆرییەوە هاوشێوەی فەیلەسوفان پەی بە ناکۆتا دەبات، مرۆڤێک کە لەنێو ناکۆتادا ژیان دەکات هەر لێرە تێیدا دەژییت، ئەم هۆکارە وادەکات مردن بۆ ئەم بە قەولی ئەحمەدی موفتیزادە گواستنەوەیەکی زۆر سانای ئەم ژوور بۆ ئەو ژوور بێت:
نەنکێنی: ڕێگاکەم دوورە
مردن، ئاخرین سنوورە
بۆوەی عەقڵی سوارە، سوورە
هەروەک لەم ژوور بۆ ئەو ژوورە [1]