$مەککەو شوناس و پیرۆزی$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم شوناسی دینی واتە ناسنامەی دینی، تەواو جیاوازە لە جیهانبینی و ئیمانی دینی. شوناس وەک داینەمۆیەکی کۆمەڵایەتی هەرگیز پیرۆز نییە و نەکردەیە بە پیرۆز تەماشا بکرێت. دەشێ بڵێین سێکیولارترین دونیاییترین بەشی دینە. موقەدەس تەماشاکردنی شوناس وەک ئەوە وایە تۆ ناسنامەکەی خۆت، پاسپۆرتەکەت وەک سوورەتی فاتیحا تەماشا بکەیت. ئەوە بەشێکە لە تۆ ئیدی گەر قەبوڵت بێت یان نا ئەوە قسەیەکی دیکەیە.
مەسەلەی مەککە و قیبلە لە ئیسلامدا و بەگوێرە تەرمینۆلۆژی قورئانی مەسەلەیەکی شوناس و ناسنامەیی دینە، نەک بەشێک بێت لە مۆراڵ و حەقیقەتی دین. میحوەریترین کار کە ئیسلام کردی پێچەوانەی ئەوەی ئۆرشەلیم کە لای یەهوودیەت و کریستیانیەت هەیە، هەڵگرتنی قودسیەت بوو لەسەر شوێن. هیچ شوێێک لە ئیسلامدا موقەدەس نییە گەر خودای لێ نەبێ، هەموو شوێنێکیش موقەدەسە بەمەرجی بوونی خودا لەوشوێنە.
لە ناوەکەیەوە ئۆرشەلیم بەواتای شاری خودا یا شاری ئاشتی دێت ئور=شار، شەلیم یان شەلوم= سەلام: کە ناوێکی خوایە لە تەرینۆلۆژی تەوراتدا بە پیرۆز ناوی هاتووە، واتە شاری ئاشتی
نوێژ کە میحوەریترین ڕوکنی ئیسلامە پێغەمبەر فەرمانی دەکرد کە جگە لەفەرزەکان زۆرینەیان ببرێنە ماڵ و شوێنەکانی کار، تەنانەت دڵێت دوو نوێژیش لە هەمان شوێندا مەکەن. ئەم هاندانانە بۆ پەیوەست نەبوون بە مزگەوت بۆ نوێژکردن و وەک مزگەوتێکی گەورە چاو لە هەموو جیهان کردن خاڵی جیاکەرەوەی ئیسلام و شوناسەکەیەتی لە شوناسی یەهوودیەت و کریستیانەت، پێغەمبەر زیرەکانە خودای لە کڵێسا و مەعبەدەکان دەرهێناو کردییە خودای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا:
وَلِلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ ۚ فَأَيْنَمَا تُوَلُّوا فَثَمَّ وَجْهُ اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ وَاسِعٌ عَلِيمٌ
ئەو ئایەتەشی کە باس لە گۆڕانی ڕووگە و وەرچەرخانی قیبلە لە قودسەوە بۆ مەککە دەکات، دەرخەری ئەو حەزەیە کە پێغەمبەر هەیبووە بۆ ئەوەی موسوڵمانان شوناسێکی تایبەت بەخۆیان جیاواز لەوەی کریستیان و یەهوودییەکان هەبێت کە ڕوویان لە مزگەوتی ئەقسا دەکرد، ئەم لەودڵەوە واداری ئەوەبوو جیاواز لەوان شوناسێکی لەخۆ و بەدەستەکانی خۆ بۆ موسوڵمانان بچنێت. زۆرترین هەوڵەکانی ئەو لەمەدینەدا بۆ سەرڕێخستنی ئەم شوناسە بوو. هەڵەن ئەوانەی دەڵێن لە مەدینە دەوڵەتی درووستکرد، دەوڵەت سیستمێکە دواتر لە ئەمەوی و عەباسییەکاندا بە لاسایی کردنەوەی دامەزراوە مەجوسی و ڕۆمانییەکان دێتە نێو ئیسلام.ئەوەی پێغەمبەر د.خ لە مەدینە ئەنجامیدا تەنیاو تەنیا خەمڵاندنی شوناسێکی ئیسلامی بوو نەک درووستکردنی دەوڵەتی دینی. ئەم شوناسەش دووروو نزیک پەیوەندی بە پیرۆزییەوە نییە، ئایەتەکە دەڵێت: زۆر بە دڵنیاییەوە ئاگادارتین کە سەر بۆ ئاسمان بەرزدەکەیتەوە ڕووی تێدەکەیت و پێت خۆشە کە قیبلەکەت بۆ بگۆڕین بۆ شوێنێک کە دڵت ڕازی بکات و پێت خۆشبێت دیارە لە نیهانبینی دینیدا پێغەمبەر نەیتوانیوە بەگوێرەی پێخۆشبوون و حەزی خۆی بجوڵێتەوە، ئەوا ئێمە ئەم داواکاری و پێخۆشبوونەتمان قەبوڵە و فەرمو ڕوو بکەرە کەعبە وەک ڕووگە:
قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِکَ فِي السَّمَاءِ فَلَنُوَلِّيَنَّکَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا فَوَلِّ وَجْهَکَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ وَحَيْثُ مَا کُنتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَکُمْ شَطْرَهُ
چۆن دەزانین ئەم ئایەتە ئایەتێکی شوناسی دینییە نەوەک ئایەتی ئیمان و جیهانبینی دینی بێت؟ خودا بە دەقیقی لەسوورەتی الحاقەدا ئامۆژگاری ئەوەی پێغەمبەر دەکات گە گەر بێت و شتێک لە ئەساسیات و جیهانبینی دینەکە زیاد یا کەم بکات، قسەیەک هەڵبەستێت ئەوە نەبێت خودا ویستی لەسەر بووە ئەوا ڕاستەوخۆ دەدەین لە لای ڕاستی و بەندی ملی بەندی دڵی یا ڕەگی حەیاتی و دەبچڕێنین:
ولو تقول علینا بعض الاقاویل، لاخذنا منه بالیمین، ثم لقطعنا منه الوتین. [1]