$حسێن وەک قوربانی نێوان شیعە و سوننە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
(غیر المغضوب علیهم ولا الضالین)
شتێک هەیە دەبێت ڕوون بێت، موئامەرەی بەنی ئومەیە تا ئەمڕۆش لەسەر خانەوادەی پێغەمبەر و ویلایەتەکەیان بەردەوامە. ئەم موئامەرەیە لە حسێنەوە دەستپێناکات، بەڵکوو ڕیشەیەکی کۆنتری هەیە. لە جەنگی سەفیندا کاتێک معاویە دەستی بەسەر بیرە ئاوەکاندا گرت ئاوی لە عەلی و سوپاکەی گرتەوە و تینووی کردن، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی کە عەلی بیرەکانی وەرگرتەوە ئاوی لە سوپاکەی معاویە نەبڕی. یەزیدیش هەمان کاری کرد ئاوی لەسەر 51 ژن و منداڵ و ساوای لەو بیابانە لەسەر بنەماڵەکەی پێغەمبەر بڕی. غەزالی دەڵێت ڕۆژی کوشتنی حسێن ڕۆژی توڕەیی خودایە بۆ سەر زەوی.
ئەمڕۆ حسێن و خانەوادەی پێغەمبەر لە دوسەرەوە لێیان دەدرێت. سەرێکی سەلەفیی وەهابی و سەرێکی شیعەی ڕافیزی. ئەم چەقۆ دووسەرە ناهێڵێت ئەو زوڵمە ببینین کە لە مێژوودا لە خۆشەویستترین کەسی پێغەمبەری دینێک کراوە.
سەرە وەهابییەکە پێی وایە یەزید سەحابییە، کارێکی چاکی کردووە، گەر بە زوبانیش نەیڵێت دڵی بە سەربڕین و تینوکردنی 51 ژن و منداڵ داناچڵەکێت، خیلافەتە چڕنوکگرەکەی معاویە ملک عضوض بە شەرعی دەبینێت، ڕقەکەیان ئەوەندە ئەستوورە تەنانەت ئەو فەرموودانەی کە ڕاوییەکانیان عەلی و حەسەن و حسێنە لە پەڕتووکە موعتەبەرەکانی ئەماندا ناگەنە پەنجا حەدیس، لەکاتێکدا 3870 حەدیس لە کەسێکی وەک ئەبوهورەیرەوە ڕیوایەت دەکرێت کە دەکاتە 2.78% ی هەموو حەدیسەکانی پێغەمبەر. لەکاتێکدا پێغەمبەر بە ئەبوهورەیرەی گوتووە زر غبا تزدد حبا کەمتر وەرە با خۆشەویستیمان بۆیەک زیاد بکات و تینووی یەکتر بین، بەڵام هەرگیز شتێکی وای بە حەسەن و حسێن نەگووتووە هەرگیز تینویەتی لێیان نەشکاوە.
سەرە شیعەکەش تەواوی هێزی شیعری و بەیانی و عاتیفەیی و میوزیکی و لەخۆدانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ لەکارخستنی ژیری و ئاڕاستەکردنی ئەو خوێنە و مەزڵومیەتەکەی بۆ ئەژێندای جەهەننمی مەبەستدار، بێ خەبەر لەوەی هیچ شارستانییەت و ئەژێندایەک بەبێ ژیری سەرناگرێت. و لە باشترین دۆخدا ئێران و موقتەدایەک درووستدەکات.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە خوێنی حسێن لەنێوان زۆرزانی و ساختەچێتی سونیزمی وەهابی و عاتیفەی مەبەستداری ناعەقڵانی شیعیزمدا دەبێتەوە بە قوربانی، ئەم دووبەرەیە بوونەتە مەزهەری تەجەللی ئایەتی غیر المغضوب علیهم ولا الضالین بۆ نوێژخوێنانی ئەمڕۆ. ئەم ڕووداوە دەبێت لە چوارچێوە مێژووییەکەیدا تەماش بکرێت، نەگوازرێتەوە بۆ ئێستا، ئەوەی لە ئێستادا موسوڵمانی بێ ئایدۆلۆژیا و پێویستی پێیەتی لەم حیکایەتە مێژووییە ئەوەیە:
یەکەم/مل نەدات بۆ زوڵم و ستەمی زاڵم هەرچەندە زاڵمەکە بەهێز بێت.
دووەم/ هیچ شتێک وای لێنەکات لایەنی مەزڵوم بەردات و بچێتە بەرە زاڵمەکەوە، بە بێ چاوەڕوانی ئەوەی ئنجامەکەی چی دەبێت.
سێیەم/خوێندنەوەی ڕووداوی مێژوویی لە سیاقی مێژوویی خۆیدا، نەپێوانی مەنی مێژوویەکی هەزار ساڵە بە گەزی ئەمڕۆ. [1]