$کەر لەکوێ کەوتووە و کونە لە کوێ دڕاوە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
دەگوترێت زانکۆی سەڵاحەدین یەکپۆشی دەکاتە مەرج و زانکۆی هەڵەبجەش لە نیازی وەها کارێکدایە. سەیرە پڕ پرسیارترین و ئازادترین و مەعریفیترین دەزگاکانی وەک زانکۆ و پەیمانگاکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ یەکپۆشی کە ئادابێکی کۆمیونیستیانەی فاشیلی چل ساڵ پێش ئێستایە، گوایە لێیەوە هەڵاوێردی چینایەتی پێ ناهێڵن و جیاوازی زەنگین و هەژاری پێ کەمدەکەنەوە، بەڵام گرنگترین دەزگا نیشتمانی و خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە، تەندرووستی، شارەوانی وئاوەدانکردنەوە کەدەبێت سۆسیالیستی بن لە وڵاتێکی نەوتی و ژێرخان دەوڵەمەنددا، دەکرێنە دەزگای و دامەزراوەی لیبراڵی و کاپیتالیستی لەبەرژەوەندی هەندێ کەسی مشەخۆردا. هەندێ جار کاپیتالێزمیش تەجاوز دەکەن و تا ئەندازەی کلیپتۆکراسی دەڕۆن.
وا دیارە مامۆستایانی زانکۆ لە ئێستادا دەردی وەزیری خوێندنی باڵا وتی لەبری درووستکردنی نیوتن و لاپلاس، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر موچە و دواکەوتنی چڕ کردۆتەوە. دەنا ماقولە بڕیارێکی ئێکسپایەری مێژوویی وەها تێدەپەڕێت بەسەریاندا.گەر ڕەخنەو دیدی ڕەخنەی حاکم بوایە بەسەر زانکۆدا ئەم مانیعولجەمعەی زانکۆی سۆسیالیستی ڕەخنەکوژ و پەروەردە و نەخۆشخانەی کاپیتالیستی لەکوێ ئاسان سەڕێ نەدەکەوت.
وادیارە لەبری کرانەوە و ئازادی، سەربەخۆیی ماددی و مەعنەوی، ێشخستینی جیهانبینی ڕەخنەگرتن، بڕینی دەستی حیزب و حیزبییەکان لە زانکۆ، لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونی بڕوانامەی هەندێک، نیشانەی پرسیار و گومان درووستکردن، حەرامکردنی حەرامەکان و ئەربابی فەتواکانی حەڵاڵ و حەرام لە حەرەمی زانکۆدا، زانکۆش وەک هەندێ مەلای سەلەفی تەنیا تەنوورەی کورت و سترێج کاوبۆ دەبینێت.
ئەمە دۆخی بیرکردنەوەی زیرەکترین دامەزراوەی مەعریفی بێ لەم وڵاتەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک، دەردی مەلا مەعاز دەڵێت قوڕ بەسەر تەمەڵەکان ئیشەڵا! [1]