هێمن شاعیرێکی کوردپەروەر
هۆشیار جەمال
سەرەتای خوێندنی له لای مامۆستا سەعید ناکام دەست پێکردووه، ئینجا باوکی ناردوویەتی بۆ شاری مەهاباد و له قوتابخانەی “سەعادەت”دا لەبەر خوێندنی فەڕەمیی داناوه تاکو تەواوکردنی پۆلی چوارەمی بە زیرەکی دەرچووه، کە خوێندن بە زمانی فارسی بووە، ئینجا باوکی له و قوتابخانەیەی دەریهێناوه و بردوویەتیه بەر خوێندنی مەلایەتی له خانەقای شێخ بورهان و چوار ساڵیش له و خانەقایەی خوێندووه و له تەمەنی 17 ساڵیدا دەستی له خوێندن هەڵگرتووه و بووەته لاوێکی خوێندەواری هۆشیار و لە وێژەی کوردی و فارسی شارەزایەکی باشی پەیدا کردووه.
له ساڵی 1941 هێمن بەهرەی شاعیری له لاخوڵقاوه و دەستی بە هۆنینەوەی شیعری کردووه و لەسەرەتادا لاسایی شاعیره مەزنەکانی پێش خۆی کردۆتەوه و ئاگاداری ناوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بووە. له دوایشدا بووته خاوەنی دەنگی تایبەتی خۆی .
هێمن لەگەڵ درووست بوونی کۆمەڵەی “ژ.ک” له 1942دا بووەته ئەندامی ئەو ڕێکخراوه ڕامیارییەی کورد، کاتێکیش که کۆماری دیموکراتی کوردستان به سەرۆکایەتی پێشەوا قازیی محەمەد له 1946 دامەزرا، هێمن شیعری له و بۆنه پیرۆزەدا خوێندەوه و لەگەڵ هەژاری شاعیردا بووه شاعیرێکی خۆشەویستی پێشەوا بوون. که ئەو کۆماره ساوایەی کورد ڕووخێنرا، خۆی لەبەر چاوی سازمانی ئاساییشی شاهەنشاهی ون کرد و کاتێکیش که هەواڵی له سێدارەدانی قازی محەمەد و هەڤاڵانی بیست خۆی گەیانده باشووری کوردستان، لە شاری قەڵادزێ لە مزگەوتێکدا بە نهێنی ژیاوە، تاکو باری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێوربۆیەوه، ئینجا لە ساڵی 1948 کە دەوڵەتی ئێران بڕیاری لێخۆشبوون بۆ عەشیرەتەکان دەردەکات “هێمن” گەڕایەوه گوندەکەی خۆی و ماوەیەکیش له مەهاباد ژیاوە و سەرقاڵی ئەدەب و شیعر بووە تا ساڵی 1965 لە سیاسەت دووربووە.
لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی ڕزگاریخواز له باشووری کوردستان هاته ئەم بەشەی کوردستان و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و لەدوای ڕێککەوتننامە مێژووییەکەی 11ی ئاداری 1970شدا ماوەیەک له بەغدا وەک پەنابەر ژیاوە، لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی گەلانی ئێران له شوباتی 1979دا گەڕایەوه ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڤاری سروەی دەرچوواند تاکو له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا کۆچی دوایی کرد.
$زمانی هێمن$
زمانی هێمن زمانێکی کوردی پەتی جوانە، نە پڕە لە وشەی بێگانە و نە وشەی دەستکردی تێدایە، زمانەکەی زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام هێمن کە خۆی خەڵکی موکریانە، تەعسوبی بەکارنەهێناوە و بە زمانی موکریانی شیعر ناڵێت بە تایبەتی لەم چەند ساڵانەی دواییدا زمانی هێمن نموونەی بەرزی زمانی کوردییە، بێگومان لە پێکهێنانی زمانی پەسەندکراو (ستاندارد) ی کوردیدا کاریگەریی هەبووە.
$شیعری هێمن$
لە منداڵییەوە شیعری وتووە، ئەو دەوروبەرەی تێیدا ژیاوە دۆستی شیعر بووە و کاری لێ کردووە. بەهرەی خۆڕسک لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر بووە، شیعری بۆ خۆی نووسیوە، لە ساڵی 1942 یەکەمین شیعری “ئەمن کوردم” لە کۆواری “نیشتمان”ی کۆمەڵەی “ژ.ک” بڵاوکراوەتەوە.
ماوەی منداڵی لە گوند بردۆتە سەر و عەیامێکیش لە مەهاباد (سابڵاغ) ژیاوە، ئەم شارۆچکەیەش لە گوندەوە نزیکتر بووە نەوەکو لە شاری گەورە. لەبەرئەوە فەرهەنگی زمانی کوردی دەشت و دەر و ناوچە کشتوکاڵییەکان لە لای هێمن دەوڵەمەندتر و بەهێزتر بووە لە فەرهەنگی زمانی ناو شار. ئەم دیاردەیە لە هەموو بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا لە شیعر و پەخشان ڕەنگیان داوەتەوە. ئەگەر ئەمە لە شیعردا کەڵکی بووبێ لە پەخشاندا بە گشتی ئەوە نەبووە .
$شیعری لە ڕووی ڕوخسارەوە$
شیعری بەحری عەرووزی لە دیوانی هێمندا کەم نییە، بەڵام ئەو بەحرانەی لە کێشی شیعریدا بەکاری هێناون زۆر نین. سێ بەحری بەکارهێناوە هەزەج و ڕەمەل و خەفیف. وەکوو دیارە ئەم بەحرانە لە کێشە سووک و ڕەوانەکانی عەرووزن و لە کێشی سیلابی خۆماڵییەوە نزیکن.
$شیعری لە ڕووی ناوەرۆکەوە$
هێمن لەو ڕۆژەوە خۆی ناسیوە هەستی بە جوانی سرووشت و ژن کردووە. لە پاشاندا خۆشەویستی نیشتمان گەیشتۆتە پلەی ئەو دڵدارییە. هەرسێ جەوهەری ژن و سرووشت و کوردایەتی لە بەرهەمیدا دیارە. زۆرجار تێکەڵی کردوون و هەندێ جاریش شیعری تایبەتی بۆ داناون. بەم جۆرە هێمن دەچێتە ناو بازنەی ئەو شاعیرانەی ژیانی ئادەمیزاد بە هەموو لایەنەکانیەوە لە بەرهەمیاندا ڕەنگیان داوەتەوە، جا ئەم لایەنانە گرنگتر و گرنگترینیان نییە، بەڵام ئەوە هەیە ئەو لایەنانەی کاریان لە شیعری هێمن کردووە لەگەڵ سەردەمی ژیانیدا ڕێک دەکەون، بەتایبەتی لایەنی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری. بەم ڕەنگە بە هەناسەیەکی هونەری توانیویەتی شیعری بکا بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ چاندنی سۆزی نیشتمانپەروەری لە ناو دڵ و دەروونی هەموو کوردێکدا.
هێمن سیاسەتی کردووە، چۆتە ناو ڕێکخراوی سیاسی نهێنییەوە، بەڵام بەوەی باش بووە شیعری نەکردووە بە پڕوپاگەندە بۆ حیزب. خۆ ئەگەر لە بنجدا حیزبایەتی نەکردایە باشتر بوو، چونکە هێمن شاعیر و نیشتمانپەروەر بوو، لە سیاسەتدا لەو هۆشیارانە نەبوو ببێ بە ئەندام لە دەستەی هەرە باڵای ڕێکخراوی سیاسی.
هێمن جگە لە شیعری لیریکی، چیرۆکی شیعری (پۆپێمی) فۆلکلۆر ئامێزی هەیە، واتە بەیتی ئەدەبی میللی. بەشێک لە بەرهەمە هەرە گرنگەکانی چیرۆکی شیعری ئەمانەن:
1- ناڵەی جودایی؛ لە زیاتر لە سەد دێڕە شیعر پێکهاتووە، لە ساڵی 1974 لەو کاتەی لە بەغدا بووە هۆنیویەتییەوە، شێوازێکی سیمبۆلییانەی بەکارهێناوە ڕەنگدانەوەی دڵ و دەروونی شێواویەتی لە ئەنجامی تێکچوونی نێوان دەسەڵاتی بەغدا و شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان و دەستپێکردنەوەی شەڕ. لەو شیعرەدا موناجات لەگەڵ مەیگێڕ دەکا، بۆ ئەوەی سەرخۆشی بکا تا بتوانێ ئەوەی لە دڵی دایە هەڵیڕێژێ.
2- ئێوارەی پاییز؛ قەسیدەیێکی درێژە لە 36 چوارین پێکهاتووە ( (156نیوە دێڕ شیعر. ئەمەش لە ساڵی 1974 لە بەغدا نووسراوەتەوە ئیلهامی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کوردستانی ئێراقدا وەرگرتووە. هێمن لەم شیعرەدا ڕەشبینە، ڕۆژگار ناو دەروونی هەڵتەکاندووە لە حەژمەت ئەوەی لەژێر ئازاری دوژمنان دەتلێتەوە. پاییز لەلای شاعیر بووە بە بەڵگەی لەناوچوون. لەم شیعرەدا هێمن وێنەی زۆر پیشانی خوێنەر دەدا، وەکو: کوندەبوو، بێوەژن، برا کوژراو، خوشک هەتک کراو…هتد. سرووشتیش هەمووی هەورە تریشقە و بوومەلەرزە و هەرەس هێنانە، ژنانیش ئەوەی ماون پیشەیان واوەیلا و سنگ کوتانە، لە قوڕ دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیکەن بە سەریاندا.
3- سووڕی دەوران؛ چیرۆکێکی شیعری درێژە لە زیاتر لە (300) دێڕە شیعر پێک هاتووە، لە ساڵی 1978 نووسراوەتەوە. سەرچاوەی ئەم کارە ئەدەبییە لە بەیتی فۆلکلۆری میللیدا هاتووە. ڕووداوی ساکارە، هێمنیش فۆلکلۆریانە دایڕشتووە، کوڕێکی ڕەنجبەر و کچی میر پەیمانی دڵداری لەگەڵ یەکتریدا دەبەستن و دەکوژرێن. شاعیر ڕووداوی تازەی بۆ بەسەرهاتەکە درووست کردووە. هەوڵیداوە دڵداری ئەم دوو کەسە بخاتە قاڵبی سۆفیزمەوە و بە بەسەرهاتەکەی شێخی سەنعانی گرێ بدا. لەم شیعرەدا دەیەوێ بڵێ “دڵداری بەهێزترە”، مەسەلەی دەوڵەمەندی و هەژاری ڕەت کردۆتەوە، بە هەموو جۆرێ ئەم بابەتەی هێمن دەچێتە ناو ئەدەبی میللیی نووسراوە.
$پەخشان لای هێمن$
گیانی شاعیری لە هێمندا خۆڕسکە، لەگەڵ ئەویشدا کوردی زان و پەخشان نووسێکی دیارە. شێوازی تایبەتی خۆی هەیە. زیاتر لە وتارە هونەری و ڕۆمانتیکییەکانیدا دەردەکەوێ، دەستێکی باڵای لەمەدا هەیە چونکە فەرهەنگی وشە و زاراوە لەلای دەوڵەمەندە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ئەدەب و هونەر و ژیانی گوندایەتی و کشتوکاڵەوە هەیە. لە فەرهەنگی وشە و زاراوەی زانستییە پراکتیکییەکاندا کزە، چونکە مەشقی ئەو جۆرە خوێندەوارییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبووە. ڕۆژێ لە ڕۆژان و تا ئێستاش پەڕتووکێکی کوردی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەخوێنراوە. بەگشتی بەرهەمی هێمن لە پەخشاندا لەم وێنانەی خوارەوە دەکەونە بەرچاو:
1- وتاری هونەری: نووسینی لەم بابەتەی هێمن بەرزە، کوردییەکەی پەتی و ڕەوانە، چونکە پێویستی بە وشە و زاراوەی زانستییە پراکتیکییەکانەوە نییە، دەکرێ ئەم جۆرە نووسینەی شاعیر لە پەخشاندا بە شێوازی شیعری بزانرێ، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا ئەوە باو بوو لە پێشەکی هەموو شیعرێکدا پارچە پەخشانێکی کورتیان دەنووسی.
2- وتاری زانستی: کۆمەڵێک وتاری لە بابەت مێژووی ئەدەبی و کوردی و ڕەخنەی ئەدەبییەوە هەیە. نرخی ئەم وتارانە زیاتر لەوە دایە زانیاری بە کەڵکیان تێدایە لە بارەی مێژووی ژیانی شاعیران و مێژووی نووسینی هەندێ لە شیعرەکانیان و ڕووداوی نێوەندی ئەدەبی و لە ڕۆهەڵاتی کوردستان. بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر ڕەخنە و دەربڕینی بیروڕا بەرانبەر بە شاعیر و خوێندەوار و ڕۆشنبیران بەرنامەیەکی زانستیی دیاریکراو لای هێمن نییە، هەروەها هەندێ لە بریار و بۆچوونەکانی سۆزی کەسێتی بەسەر بیری زانستیدا زاڵ دەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا نرخی خۆیان هەیە وەک سەرچاوەیەک بۆ نووسینەوەی ڕۆشنبیری کوردی.
3- وتاری گشتی: لەم وتارانەیدا هێمن دەست لە سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی و گوزەرانی خەڵکی و نایەکسانی لە کۆمەڵدا دەدا. ئەمانە بێگومان زانیارییان تێدایە و بە سەرچاوە دەژمێررێن بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام خۆیان وەکوو بەرهەمێکی ئەدەبی داهێنراو نانوێنن. یەکێتیی بابەتییان تێدا نییە، گەلێ جار هەردوو بابەتەکەی پێشوو “وتاری هونەری” و “وتاری زانستی” تێکەڵ بە یەکتری دەکا و لە پاشانا بابەتی لاوەکی دێنێتە ناوەوە. ئەم هەموو مەسەلانە بە یەکتری دەبەستێتەوە، وەک بەرهەمێکی سەربەخۆی مەبەس دیاریکراو.
$هێمن و کوردایەتی$
1-یەکەمین شیعری هێمن بە ناوی (کوردم ئەمن).
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە یه نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی کێو و دره خت و شاخ و تاشه بەردم ئەمن
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ڕەق هەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەرهه ڕدم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و که له بجه باکم نییە
لەت لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن
هێمن ئەم شیعرەی لە گوندی شیلاناوێ لە ساڵی 1942 وتووە و لە کۆواری “نیشتمان” بڵاوکراوەتەوە. لووتکەی بیروباوەڕی کوردایەتییە، باوەڕی بە شۆڕش هەیە، خۆی ئامادە کردووە بۆ خەبات، هیچ هێزێک ناتوانێ لەم بیروباوەڕەی بکا. لە ڕووی هونەرییەوە شیعرێکی بەرزە. جارێکی دیکەش ئەم شیعرە ئەو تیۆرییە هەڵەیە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێ شاعیر وەک زانا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دانانی شیعر توانای زۆر دەبێ، بە پێچەوانەی ئەمە ڕاستە، هەموو شیعرێک بەرز بێ بە کامڵی لە دایک دەبێ. لە سەردەمی لاوێتی شاعیر بێ یا ڕۆژگاری پیری.
2- لە شیعرێکدا بە ناوی (تۆم هەر لە بیرە) لە ساڵی 1944 لە گوندەکەی خۆیان وتوویەتی:
لە شاییدا لە وەختی ھەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
بە شەو تاکوو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو
بە ڕۆژ تاکوو دووبارە دێتەوە شەو
لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
زەمانێکی کە دەچمە سەیری گوڵزار
لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار
تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
لە کوێستانێ دەمی ڕاو و شکارێ
لە مەزرایە ، کە خۆم ھەڵکرد لە کارێ
لە جێژوانێ کە دەکوشم مەمکی یارێ
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم
لە سەنگەردا بەرەو ڕووی دوژمنانم
بە خاکی تۆ دمی ئاویلکەدانم
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم ھەر لە بیرە
لەم شیعرەدا هێمن دەیەوێ بڵێ تەنیا نیشتمانی خۆش ناوێ وەک هەوەسێک ناوە ناوە سەری لێ دەدا، بەڵکوو هەمیشە لە بیریەتی لە هەموو دەمێکدا، لە هەموو هەڵسوکەوتێکدا، لە شین لە شایی، لە خۆشی و ناخۆشی، بە شەو و بە ڕۆژ، لە سەیرانا، لە دەسبازی لەگەڵ یارا. بێگومان لەناو سەنگەریشدا هەر لە بیریەتی چونکە لەوێ بۆ نیشتمان دەجەنگێ.
3- لە شیعری (ڕەق هەڵاتم) لە ساڵی 1968 وتوویەتی:
من لە داخی خزمی خوێڕی و ئاشنای ئەحمەق هەڵاتم
من لە ترسی زاق و زووقی ئەمنیەی چاوزەق هەڵاتم
کوا بە خۆشی خۆم بەجێ دێڵم وڵاتی خۆشەویستم
من لە ترسی زللە و باتووم و دار و شەق هەڵاتم
هەر بەرپێیان و بەکۆمە کۆمە گەیمە ئەم وڵاتە
ڕەنگە پێت وابێ بەسواری مایەنی گوێ لەق هەڵاتم
(نۆکەری بێگانە ناکەم) هاتە جێ فەرمایشی خۆم
وا لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵاتم
هێمن ئەم شیعرەی لە باشووری کوردستان وتووە، لەو کاتەی لە دەست تیرۆری شای ئێران پەنای بۆ “شۆڕشی ئەیلوول” برد بوو لە ناوچەی حاجی ئۆمەران وەک پەنابەرێک میوانی شۆڕش بوو. باس لە ئاوارەیی خۆی دەکا، هەڵاتنی لەو دیوی کوردستانەوە بۆ ئەمدیو، لە ترسی خزمی خراپ و تیرۆری دەسەڵاتی ئێران بوو. بەپێ سنووری دەسکردی بڕیوە تا خۆی ڕزگار کردووە. لێرەدا ئاماژە هەیە بۆ شیعرێکی خۆی کە دەڵێ ” نۆکەری بێگانە ناکەم تا لەسەر هەردم ئەمن” بەم کارەی وەکوو خۆی دەریبڕیوە ئەو بەڵێنەی داویەتی بەهەر نرخێک بێ لەسەری دەڕوا.
4- لە شیعرێکیدا بەناوی (ڕقی پیرۆز) لە ساڵی 1974 لە بەغدا نووسیویەتی دەڵێ:
دەمگرێ ئەما لە گرتوخانە ڕق ئەستوور ترم
لێم دەدا ئەما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم
دەمکوژێ من خۆم بە گژجەلادەکەم دادێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە ناتوێمەوە ناتوێمەوە
ئەم شیعرە ئەستووری بیروباوەڕی کوردایەتی هێمنە، هێز نییە لە گێتیدا لە کوردایەتی بکا.
5- لە شیعری (مەحکەمەی ئیستیقلال) لە ساڵی 1943 هۆنیویەتییەوە بە ناوی یادی لە سێدارەدانی شێخ عەبدولقادری نەهری لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیای خوێنڕێژ:
دوێ شەوێ گریام هەتا ڕۆژ پێت بڵێم بۆچی برا
مەحکەمەی مەنحووسی ئیستیقلال وەبیرم هاتەوە
ڕێزەیان بەستبوو لە پێش چاوی منا گشتی هەموو
ئەم شەهیدانەی کە خنکاون بەسەد ئاواتەوە
پاک بە کفنێکی لە خوێنا شەتڵ و لێوێکی بەبار
پاک بە ڕەنگێک و قیافێکی پەڕیوو و ماتەوە
هاتە گوێم لێکڕا دەیان گوت: ئێمە کوژراین بێ خەتا
میللەتی کورد تا بەکەنگێ تۆڵەمان ناکاتەوە
من لەسەر لووتکەی بڵندی کێو لە حەق داوا
دەکەم تۆش بپاڕێوە جەنابی شێخ لەسەر ڕووی تاتەوە
بەڵکوو ڕوحمێکی بکا پێمان خوداوەندی ڕەحیم
چیدیکە ژێر دەس نەبین دیسان وەسەرمانخاتەوە
هێمن و زۆربەی شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری کوردستان لە هەر پارچەیەکی کوردستان بووبن هەمیشە کوردیان بە یەک میللەت داناوە و کوردستانە پارچە کراوەکەیان بەیەک نیشتمان ژماردووە. کارێکی ئاساییە شاعیری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شەهیدانی باکووری کوردستان بلاوێنێتەوە و هیچی بۆ نەمێنێتەوە ئەوە نەبێ لە خودا بپاڕێتەوە تۆڵەی ئەم کوردە لێقەوماو و ماف خوراوە بکاتەوە.
هێمن شاعیرێکی بە دیمەنی سەدەی بیستەمە، شاعیر و نووسەر و کوردپەروەر بوو. بۆ ئەم ئامانجە بوو بە سیاسی، بەڵام بە ڕاستی نەدەبوو سیاسەت بکا، چونکە بۆ ئەم کارە ئامادە نەبوو، دەبوو تەنیا خەباتی شۆڕشگێڕی بەشیعر و پەخشان بێ. ئەگەر سیاسەتی ڕۆژانە هیچی لێ قازانج نەکردبێ، خۆشی هیچی لە سیاسەت قازانج نەکرد. لە ژیانیدا ئەوەی قازانجی خۆی و نەتەوەی بوو دیوانی شیعر و نووسینە پەخشانییەکانی دیکەی بوون. لە شیعردا بە توانا بوو، بەحری عەرووزی و کێشی سیلابی خۆماڵی و یەکێتیی قافیە و مەسنەوی بەکارهێناوە. لەو کاتەی شیعری بۆ زۆرترین خەڵکی کوردی نووسیوە، هەر لەو کاتەدا لاسایی قوتابخانەی کلاسیکی کوردستانی باشووری کردووە، واتە بۆ چینی ڕۆشنبیری ناو کۆمەڵی نووسیوە، هێمن شیعری بۆ دڵ و بیری خۆی هۆنیوەتەوە، ڕەنگدانەوەی ناو دەروونی هەموو کەسێک بووە، چونکە ئادەمیزاد لە هەموو ڕۆژگارێکدا بەبێ دڵ و دڵداری هەڵناکا. لە کۆمەڵی کوردەواریشدا زۆربەی خەڵک بەبێ بیرکردنەوە لە چارەنووسی کورد ناژی لە پەخشاندا دەوری گرنگی هەیە، تابلۆ ڕۆمانتیکییەکانی نموونەی وتاری هونەری کوردین. بە زمانێکی ئاسان و خاوێنی کوردی پەتی نووسراون. سەرچاوەی بە کەڵکن بۆ مشتوماڵ کردنی بیری لاوی کورد، هەروەها بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردیدا.[1]
$سەرچاوەکان$
1- دیوانی هێمن موکریانی ، نووسیار: وریا حەبیب ، بڵاوکار: پەخشانگای ئازادی – سلێمانی ، چاپی یەکەم، ساڵی 2008.
2- دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی2006.