$ئەمشەو نیوەمان دەمرین!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بڕیار وایە ئەمشەو نیوەی کورد دەستی لەسەر دڵی بێت، چونکە نمرەی پۆلی دوازدە دەدرێتەوە بە خوێندکار. جا یەکێ خۆی بەو قۆناخە پڕ لە ئەژدیهایەدا تێنەپەڕێت نازانێت سترێس و قەلەقییەکەی چۆنە، زوخاوەسکی و خەمۆکیی ئەوساڵە چی بەسەر مرۆڤ دێنن. ئەندازەی ئەم نەخۆشییە سارییەی کورد بە جۆرێکە گەر یەکێک تووشی ببێت و بچێتە پۆلی دوازدە بەهەمان ئەندازەی کەسی تووشهاتوو ئەندامانی دیکەی خێزانەکە تووش دەبن و بەهەمان قۆرتەکانی سترێس و قەلەقی کەسی تووشبوودا ڕێ دەکەن.
لانی کەم لە ئێستادا زیاد لە یەک ملیۆن مرۆڤی کورد سترێس و قەلەقە، نازانێت چی دەکات و چی بکات. تووشی پانیک هاتووە. قەراری پێنادرێت، نانی بۆ ناخورێت، دەمی وشکە و گەر دەستی توالێتیشی هەبووبێت پاش ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە بیری چۆتەوە، دڵی خێراتر لە جاران لێدەدات، گلێنەی چاوەکانیشی وەک مانگی چواردە دەدرەوشێنەوە، شۆک بووە و دەمارەخانەکانی باش زانیارییەکان ناگوازنەوە، چونکە بەسۆزە کۆئەندامەدەماری کارا بووە.
هۆکاری ئەمە چییە؟
بەیەک وشە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئێمە وا فێرکراوین بۆ زانین و فێربوون و هۆشیاری نەخوێنین، خوێندن کراوەتە کەرەستەیەک بۆ پەیداکردنی کار و بژێوی لەم وڵاتەدا. ئەوەی ئەمشەو سەد ناهێنێت دواتر لەفەفرۆشیشی دەست ناکەوێت. داهاتووی کاری مرۆڤ بە خوێندنەوە گرێدراوە. لەبری ئەوەی لە ناوچە پیشەسازییەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، گاورداری و دەواجنەکان بەشوێن هەلی کاردا بگەڕێین دێین لە زانکۆ و پەیمانگاکان سۆراخی بێهودەی دەکەین. یەکەمین گورزی کوشندە ئەمشەو، چەند خولەکێکی دیکە لە ماهیەت و حەیسیەت و کەرامەتی مرۆڤانەی مرۆڤی کورد دەوەشێندرێت. هەندێک بۆ ئەبد دەشکێندرێن. ئەوەی سەد ناهێنێت بۆ ئەبەد ناچیز و بودەڵە و کەم تەماشا دەکرێت. چونکە لە زیهنیەتی خەڵکدا زانکۆ زانکۆ نییە بەو مانایەی شوێنێک بێت بۆ زانین و هۆشیاری نەخێر بەڵکوو کارکۆیە شوێنێ کار. شوێنێکە بۆ پەیداکردنی پارەی مۆڵ و بژێوی. ئەم کارکۆیە شوێنێکە ئێمە دەڕۆین بۆ ئەوەی خۆمان لە کار بدزینەوە تێیدا، لەبری ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە ببینە سیاسی باش، خاوەن کارگە، پەیمانکار، کرێکار یا جوتیار و شوان و گاوان، دەمانەوێت ئەم دامەزراوەیە بمانکاتە بەتاڵەیەکی موقەنەعەی پشت مێز و کورسیی دامەزراوەیەکی شەقوشڕی وەک پلاندانان، تەندرووستی، ئابووری و پەروەردە لە وڵاتێکدا کە هیچیان بوونیان نییە.
لە ڕاستیدا زانکۆ شوێنێک نییە بۆ دۆزینەوەی کار، شوێنێکە بۆ هۆشیار بوونەوە لە ڕێگای پڕۆسەیەکی وەک ئەوەی ناو وێنەکە. شوێنێکە بۆ تێستکردنی خوە باوەکانمان و لێکۆڵینەوەکردن لەسەریان، شوێنێکە بۆ فۆڕمەلەکردنی زانست لە فۆڕمە فەلسەفییەکەیدا نەوەک کەڵەکەکردن و دەرخکردنی زانیاری داتای بێسوود.
زانکۆ شوێنی هەموومان نییە، ئەوە دەبێت کاربێت هەموومان کۆکاتەوە نەوەک زانکۆ. زانکۆکانی ئێمە نەوەک هەرشوێنی زانست نیین وەک مەعریفە، بەڵکوو زۆر کەمتریشن لەوەی وەک بوونێکی مرۆیی لە هۆشیاری و ئیختیاری مرۆڤیش بڕوانن. زانکۆ لێرە شوێنێکە بۆ کوبوونەوەی تۆپەڵە زانیاری داتای بێ ڕەبت و تاقینەکراوە. شوێنێکە بۆ کۆپیکردن و لاساییکردنەوە و درەخکردنی تاقیکردنەوەی زانکۆکانی دیکە. زانکۆ لە فۆڕمە فەلسەفییەکەیدا نەهاتۆتە کوردستان، بەڵکوو بینا و باڵەخانە دراوەتە دەم باڵەخانە بۆ شۆو بزنس. لە ڕوو ئیبستمۆلۆژیا مەعریفییەکەشیەوە لەو حوجرانەی سەد ساڵ پێش ئێستاش کورتتر دێنێت، چونکە ناتوانێت بچوکترین شیکاریی بۆ کەمترین بڕی داتا زانیاری بکات.
سیاسییەکان ئەمڕۆ کارێکیان کردووە زانکۆ وەک شوێنی کار ببینرێت بەڵام بواری سیاسەت نا. لەکاتێکدا سیاسەت گەرمترین و کاریگەرترین مەیدانی درووستکردن و ڕەخساندنی هەلی کارە. لە سادەترین پێناسەیدا سیاسەت واتە ڕێکخستنی ژیانی ئیداری و ئابووری خەڵک. سیاسەت واتە کار. بەڵام ئەوان دێن سیاسەت واداری تاق و تۆقێک دەکەن کە گوایە ئەوان لەڕووی مەبدەئی ئەخلاقی شتێکی وەک شۆڕشەوە بۆ میلەتەکەیان کردووە و بە حوکمی ئەو شەرعیەتە شۆڕشگێڕێتییەوە کە هەیانە دەبێت تاپۆی ڕەشی خۆیان بێت، بەڵام شتێکی نا پیشەیی وەک زانکۆ دەکەنە مەیدانی کار.
ساڵی پار وەزیری خوێندنی باڵا لەبنی هەمانەکەی دا بەتوانجەوە وتی زانکۆکانی ئێمە ناتوانن نیوتن و ئانیشتاین ئینتاج بکەن. لەڕاستیدا قسەکەی وەزیر هەم ورد بوو هەم داننان بوو بە شکستێکی حەتمی حوکمڕانی سی ساڵەی کوردی لە باڵاترین ئاستیدا.
زانکۆ لای ئێمە تا ئێستا نەیتوانیوە داتاکانمان لەژێر چادرو ڕەشماڵی خێڵەوە بگوازێتەوە بۆ تاقیگەو لابۆرەکان. زانکۆ فەشەلی هێناوە لەوەی داتا بکاتە زانیاری، زانیاری بۆ زانست و زانستیش بۆ هۆشیاری بگوازێتەوە، تا حیکمەتی ژیان سەڕێ بکەوێت. ئەوەی هەیە ئەم تۆپەڵە داتایانە و کۆمەڵێک زانیاری هاوردەکراوە لە مەلزەمەیەکی ناشیریندا دەدرێتە دەست خوێندکار، شەش ساڵ دەیهێنێت و دەیبات وەک ڕەگی گولی لێینابێتەوە تا ئەزبەر و دەرخی نەکات نایەڵێت دەرچێت.
ئێمە لە مەترسیدارترین قۆناخی ژیانی مرۆڤایەتیدا ژیاندەکەین و ئەوەش تفاقەکەمانە! بیست ساڵی داهاتوو نازانین لە چ جۆرە دونیایەکدا دەژیین، بەڵام بەدڵنیایی دەزانین ئەو دونیایە زۆر جیاوازە لەوەی ئێستا. بەشی زۆری مرۆڤ کارەکانیان لەدەست دەدەن بەهۆی خۆنەگونجاندنیان لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی دونیای نوێ، فەیلەسوفان و چاودێرانی ستراتیژیی پێیان وایە تەنیا ماتماتیک و زانستە ئەزموونییەکانی وەک بایەلۆژیی و کیمیا بەس نین بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤی ساڵی 2050 لە هەژاری و بێکاریی و بێهوودەیی، بەڵکوو دەبێت توانای گۆڕان و خۆگونجاندنی ڕادیکاڵیان هەبێت و بتوانن لەنیوەی دووەمی تەمەنیاندا شێوازی کارکردنیان بگۆڕن. ئالگۆریتم و یاسا لۆگاریتمییەکانی ژیری دەستکرد ئەمڕۆ زۆر پیشەیان ئینقراز پێکردووە، لەداهاتوودا زیاتریش دەبن. نعۆم چۆمسکی پێی وایە هەندێ وڵات بەتەواویی قوت دەدرێن و دانیشتووانەکانی دەکرێنە کۆیلەی هەندێ زلهێزی دیکە کە توانای شیکاریی داتای زۆریان هەیە. جیاوازییەکە ئەوەیە نووسەران و ڕۆشنبیران پێش ڕوودانیان کارەساتەکان دەبینن و بە گوێیان دەکرێت، لێرە شاربەدەر و وڵاتبەدەر و تەخوین دەکرێن. [1]