$خودا لەکوێی شەریعەت و ڕێسا ئەخلاقییەکاندایە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
غەزالی لە کیمیای سەعادەتدا دەڵێت: پشکی شێری عیبادەت لای خودا داواکردن و گەڕانە بەشوێن ڕزقی حەڵاڵدا، یەکێ لە شاریحەکانی دەڵێت نەوەدلەسەدی عیبادەتەکان داواکردنی ڕزقی حەڵاڵە، ئەو دەیەی دیکە بۆ هەموو عیبادەتەکانی دیکەیە. زۆرجار ویستی مرۆڤ بۆ پەیداکردنی ڕزقی حەڵاڵ لە هەرعیبادەتێکی دیکە گرنگترە. تائێرە قسەکە ئاساییە، بەڵام پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە خودا لە کوێی ڕزقی حەڵاڵدا قەرار دەگرێت. یەکێک لە سیفەتەکانی خودا سیفەتی ڕەزاقییەتی الڕەزاق، ئایا ئێمە چۆن دەتوانین لەم ڕەزاقییەتە تێبگەین. ئایا سیفەتی ڕەزاقیەتی خودا تەنیا بۆ ڕزقی حەڵاڵە؟ ئایا ئەوانەی گۆشتی بەراز دەخۆن، شەراب دەخۆنەوە کە بە پێوەرە دینی وشەریعەتە خوداییەکان حەرامکراوە دەچنە چ قاڵبێکەوە؟ ئایا خودا ڕازقی ئەمانەشە بەهەمان شێوەی ئەو ڕزقە حەڵاڵەی کە دەیداتە پەیڕەوکارانی شەریعەتی دینەکان؟ کەسێک کارێکی نائەخلاقی وەک دزی ئەنجام دەدات بۆ تێرکردنی سکی خۆی و دەوروبەرەکەی چی؟ خودا دەبێتە ڕۆزیدەری؟
با قسەکە گشتگیرتر بکەینەوە، کاتێک کە دەبینین شێرێک ورگی ئاسکێک لە بەردەم بێچووە ساواکەیدا هەڵدەدڕێت و پارچەپارچەی دەکات تەزو دێنێت بە لەشی ئێمەدا، پێمان وایە ئەو شێرە لەوکاتەدا نابێت ئەو کارە بکات لە بەردەم ئەو بێچووەدا و دایکەکەی وا هەپرون هەپرو بکات، بیستووشمانە کە خودا ڕەحمان و ڕەحیمە، کەم کەس هەیە لەو کاتەدا ئەو پرسیارەی بۆ درووستنەبێت کە بۆچی خودا ڕێگا بەوەها کارێک دەدات؟ گەر پێمان بکرێت ناهێڵین ئەو دیمەنە لە بەردەم ئەو بێچووە ئاسکەدا ڕووبدات.
هەڵەکە لە کوێیە؟ خودا لەکوێی ئەم باسانەدایە، چۆن لێیان تێبگەین؟
بەیەک وشە دەتوانین بڵێنین هەڵەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک ئێمە خودا دەهێنینە نێو زیهن و مامەڵە هەستی و هۆڕمۆنییەکانەوە. لە وەها دۆخێکدا خودا وەک بوونێکی دەرەکی مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت نەک وەک بوونێکی ئیحاطەیی. کاتێکیش خودا دەکرێتە بوونێکی زیهنی، ئەوا خۆبەخۆ دووگرووپ لە مونکیران و باوەڕپێهێنەرانی قوت دەبنەوە و شیروتیر لێک دەسوون لەسەر شتێک کە حەقیقەتی ئەو شتە لەئەساسدا جۆرێکی دیکەیە.گەر نموونەکانی سەرەوە بەکاربهێنینەوە دەتوانین بڵێین خودا کاتێک خودایە بە ناونیشانی خودایەکی ڕزقدەر کە بەبێ جیاوازی ڕزقی حەڵاڵ و حەرامیش فەراهەم بکات، ئەوەی هەیە ڕزقە، جا کە شەریعەت دێت پۆلێنبەندییەکی لەنێواندا دەکات بەوەی ئەمەیان حەڵاڵە و ئەوەیان حەرام ئەمە باسێکی دیکەیە وسەر بە باسی خودا نییە. خودا ئەو شێرە دەبینێت کە پەلاماری ئەو ئاسکە دەدات لە بەردەم بێچوەکەیدا، بەڵام وەک ئێمە نایبینێت. یاسا سرووشتی و ئەخلاقی و شەریعەتییەکان وەک ئەوەی بۆ ئێمەن بۆ خودا مەترەح نین، خودا لەوانەدا جێگای نابێتەوە.
خوا هەم خودای کوفرە هەم ئیمان، خودای ژەهرە و هەمیش دەرمان، بەهەمان ئەو بڕەی کە خودای ئاوگێڕی سیقایەتی حاجی و خورمافرۆش و هەنجیر فرۆشە خودای شەراب و ساقی و مەیفرۆشیشە. کەس ناتوانێ ئیدیعای ئەوە بکات کە سێبەری ئەوە لەسەر زەوی. ئەوەی بەناوی ئەوەوە لەژێر کڵاوڕۆژنەی شەریعەتەوە بە ئەسپایی پێمان دەڵێت من سێبەری ئەوم، شتێکی نەکردووە زیاتر لەوەی کە مونکیرێک دێت و دەڵێت من ئینکاری ئەو دەکەم. دەقیق ئەوەی بیرکردنەوەی دینی و لەنێویشیدا بیرکردنەوە سەلەفییەکە دەیکات ئەمڕۆ ئەم جۆرەیە لە ئیدیعا.
ڕەفتارەکانی خودا لە گەردووندا مەرج نییە وەک ئەوە بن شەریعەت و فیقه و ئەخلاق و تەنانەت یاسا سرووشتییەکانیش داوایان دەکات. خودا بۆیە خودایە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ یەکێک لەوانە. کوشندەترین هەڵە و خراپترین جۆری شیرکی گەورە ئەوەیە کە ئێمە خودا وەک مرۆڤ، وەک خۆمان ببینین، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە ئەحکامە شەرعیی و قانونیی و ئەخلاقییەکانی خۆمان وەک ئەوەی بۆ خۆمانمان قەبوڵە بۆ ئەویشمان قەبوڵبێت و مەزەندەی خودایەتی خودا بەو ئەحکامە شەرعی ئەخلاقیانە بپێوین.
لەقوئاندا باسەکانی خودا بەشی زۆریان گەر نەڵێم هەموویان باسگەلێکی شهوودین نەوەک وجودی. باسەکە باسی خودایەکی موحیط و فراوانە کە دەوری هەموو شتێکی داوە و ئەو ئیحاطەیەشی بە شهود لە مرۆڤ دەگەیەنێت نەوەک بە وجود و بوونێکی دەرەکی وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِکُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا، لە هیچ شوێنێکی قورئاندا باسی بوون و نەبوونی خودا مەتڕەح نییە، چونکە کاتێک باسەکە دەبێتە مەسەلەی بوون و نەبوون ئیدی تۆ دێیت خودا لە شهوودەوە دەگوازیتەوە بۆ وجود و وجودەکەش دەکەیتە وجودێکی زەینی، کە کردیشتە ئەم جۆرە لە وجود دەبێت مامەڵەی زیهنی لەتەکدا بکەیت، کە مامەڵەی زیهنیشت کرد دەبێت ڕازیبیت و قایل بیت بە قەزاوەتە زیهنییەکان بەوەی هەندێک بڵێن هەیە و هەندێک بڵێن نییە. هەم مولحیدت بۆ درووست بێت هەم باوەڕدارنەوەک ئیماندار پێی. چونکە ئیمان زیاتر سەر بەدونیا شهودییەکەیە نەوەک دونیا وجودییەکە. [1]