$لەیادی دامەزراندنی گۆڕاندا: گۆڕان و جەڕاندنی ئایەتی قورئان$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
یەکێک لەو بیرۆکە هەڵانەی کە گۆڕان کاتی درووستبوونی هەڵیگرتبوو ئەم ئایەتەی قورئان بوو: إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ ئێمە وا لەم ئایەتە تێگەیەنراوین و وایان تێدەگەیاندین کە ئەم ئایەتە محتەوایەکی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتی هەیە و مەبەستێتی بڵێت خودا هیچ گۆڕانکارییەک لە هیچ گەلێکدا ناهێنێتە ئاراوە تا ئەو گەلە خۆیان و نەفسی خۆیان نەگۆڕن، گۆڕانکەری مەبەستیان لە خراپبوون بۆ چاکبوون بوو لەکاتێکدا ئایەتەکە واناڵێت و وانییە. گۆڕان وا مانای ئایەتەکەی دەکرد کوایە تا خەڵک خۆی نەگۆڕێت گۆڕان نابێتە حاکم، سەرەتا خەڵک دەبێ ببنە گۆڕان واتە خۆیان بگۆڕن، بگۆڕێن یا بگۆڕدرێن ئەوسا خواش حکومەتیان بۆ دەگۆڕێت. مانایەکی لیبراڵی- سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆ دەکرد، لەکاتێکدا دووروونزیک ئایەتەکە باسی ئەوە ناکات.
کڵۆڵی لە ڕاڤەکردنی دەقی دینی و تێنەگەیشتن لە تەرمینۆلۆژی قورئان لەلایەن سیاسیی و پیاوانی ئایینییەوە وایکردووە ئایەتەکانی قورئان وەک خۆیان نەگەنە خەڵک و مەشیئەتە ئیلاهییەکە لەبەرژەوەندی ئایدۆلۆژیایەکی بەرژەوەندیخوازی سیاسییدا لە مەنگەنە دەدرێت. عەلی شەریعەتی بە ماستەرمایندی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە دادەندرێت، ئایدیۆلۆژاندنی دەقی دینی.
لەتەرمینۆلۆژی دینی هەموو دینێکدا و بەتایبەتیش لە تەرمینۆلۆژی قورئان و بەتایبەتتریش لەو ئایەتانەی باس لە بەنی ئیسرائیل دەکات ڕاستەوخۆ نیعمەتە خوداییەکان بەستراونەتەوە بە مرۆڤ و چاکبوونییەوە. واتە کاتێک تۆ مرۆڤێکی چاک و تەوبەکاریت خودا نیعمەتی خۆیت بەسەردا دەبارێنێت، بەڵام کاتێک لە ڕێ لادەدەیت و تاوان ئدەکەیت خودا ئەو نیعمەتەت لێوەردەگرێتەوە، تەغییر و گۆڕانی نیعمەت لەقورئاندا گۆڕانە بۆ خراپە نەوەک بۆ چاکە. واتە ئایەتەکە هیچ پەیوەندی بەو مانایەوە نییە کە گۆڕان کاتی خۆی و مامۆستا ئایینییەکان ئەمڕۆ بۆی بەکاردەهێنن وەک ئەوەی قورئان شۆڕشگێڕانە بێت و بڵێت خودا هیچ میلەتێک ناگۆڕێت تا ئەوان خۆیان نەگۆڕن.
خودا لەو ئایەتەدا دەڵێت مەبەستێتی بڵێت خودا هیچ میلەتێک سزا نادات ناگۆڕێت بەمانای ئەوەی سزایان نادات لە دۆخێکی چاکەوە نایانباتە دۆخێکی خراپ هەتا ئەوان خۆیان لە دۆخێکی چاکەوە نەبەنە دۆخێکی خراپ، یان خودا نیعمەت لە هیچ گەلێک ناگرێتەوە تا ئەوان تەوبەکار و چاکەکاربن. ئەم ئایەتەی دیکەی قورئان زۆر چاکەر مانای ئایەتی یەکەم لە گۆڕانی نیعمەت ڕوون دەکاتەوە:
ذَٰلِکَ بِأَنَّ ٱللَّهَ لَمْ يَکُ مُغَيِّرًا نِّعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَىٰ قَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنفُسِهِمْ ۙ وَأَنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ
قورئان پەڕتووکێکی تیۆری لیبراڵ دیموکراسی نییە تا بێت باسی گۆڕان بۆ ئێمە بکات، ئەم ئایەتەی دووەم بەڕوونی باسی چۆنێتی تەغیری نیعمەت دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە مانای ئایەتی یەکەم ئەوە نەبووە کە گۆڕان بۆی بەکار دەهێنا. ئەو گۆڕانەی نێو ئایەتەکە هیچ مەبەستی لە گۆڕانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی خەڵک نییە، بەڵکوو باس لە گۆڕانێکی وجودی دەکات لە مرۆڤدا لە چاکەوە بۆ خراپ و دەبێتە هۆی ئەوەی خودا سزایان بدات. واتە خودا دەیەوێت بڵێت: خودا سزای خۆی نانێرێت لە گرتنەوەی نیعمەتەکانی و گۆڕانکارییان تێدا ناکات تا ئەوەی خەڵک قەرار بدەن نەگۆڕبن و بە گوێرایەڵی ئەو بمێننەوە، گەر هاتوو وانەمانەوە ئەوا نەفی نەفی دەبێتە ئیسبات و خوداش نیعمەتەکەی خۆی دەگرێتەوە تا ئەوەی ئەوان دێنەوە سەر ڕێ. [1]