$چۆن لە تاشینی سمێڵێک تێبگەین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
سەرەتا لەڕوانگەی کەسی زوڵملێکراوە وە نەوەک لە ڕوانگەی شوناسە دینییەکەوە دەبێت ئەم کارە مەحکوم و ڕیسوا و شەرمەزار بکەین. کەسی بکەر بەم کارەی دەیەوێت پێمان بڵێت بەوجۆرەی کە دەیەوێت مافی ئەوەی وەرگرتووە لەگەڵ مرۆڤێکی دیکەدا هەڵسوکەوت بکات، کەسێتییەکەی بفلیقێنێتەوە و هەتکی مەشاعیریشی بکات. خەریکە مەزڵومییەتی کەسی سەرو سمێڵ تاشراو دەکرێتە قوربانیی تەقدیسی ئەو شوناسە دینییەی کە دەیەوێت خۆی لە ژیانی مرۆڤێک بە گەورەتر و قەڵەوتر بزانێت و لێیەوە خەریکی هەڵگیرساندنی شەڕێکی بێ جەدوا و بێ پێشینەی مەزهەبین. سیاسییە گرگنەکانیش ڕۆژیانە، بەردەوام ئەنەرژی لەو ئاگرە وەردەگرنەوە کە خۆیان دنەی دەدەن و بەنزینی پێدا دەکەن. دەنا پێش ئەم سەرتاشینە سمێڵێک و سەرێکی دیکە لە هەولێر و سلێمانی تاشران و ئەمەی بۆنەکرا.
کاتێک بوار نادرێتە ڕەخنە و ڕەخنەکاریی شوناسی دینی، ئیدی دەبێت مەیدانەکە بۆ دووبەرەی موقەدەسچی و سوکایەتیکەر چۆڵ بکەین. بە گوێرەی بوونە مرۆییەکەی ڕەخنەکردنی دین و بەتایبەتیش شوناسەکەی لە موباحترینی ئەو کارانەیە کە دەبێت مرۆڤ وەک قوت و زادی ئەو دینە یا ئەو شوناسە تەماشای بکات. ڕەخنەگرتن ئەو تاڵەمووی نێوان تەقدیس و سوکایەتییە کە پێکەوەژیان و هارمۆنی نێوان دینەکان مەیسەر دەکات.
گەر بێتو ئیماندارانی هەر ئایینێک بتوانن پەنجەیەکی تەندرووست لەگەڵ ڕەخنە و بەتایبەتیش ڕەخنەی شوناسی دینی نەرم بکەن، ئەو دەمە بوارێک بۆ موقەدەسچییەکانی دونیاییترین شوناسی دینی و سوکایەتی پێکەرانی ئاسمانیترین ئیمانی دینی نامێنێتەوە، ئەمانە هەردوو تەرەفەکە داهۆڵی دەستی و سیاسییەکانن، لەڕێگای تەقدیس و سووکایەتییەوە خۆشترین کەشی ڕاووڕوتیان بۆ دەسازێنن.
شوناسی دینی لای هەموو و دینێکی ئەم ئێراقە بە جۆرێک تەقدیس و توندکراوەتەوە، بە جۆرێک لەخەیاڵدانی مەنسوبانیدا ڕەگی داکوتاوە، تەنانەت بیرکردنەوە لە ڕەخنەکردنیشی مەحاڵ دێتە پێش چاو.
تاشینی سمێڵی کاکەییەک بەبۆچوونی من دەبێت لەو ڕوانگەیەوە بە خراپ و قێزەون بزاندرێت کە هەتکی کەرامەتی مرۆڤێکی تێدا کراوە، گەر وەک شوناسێکی موقەدەس چاوی لێکرا ئەوا بوارێک بۆ ڕەخنەکردنی نامێنێتەوە. مرۆڤسەنتەری لە شوناس سەنتەری زۆر گرنگترە. ترسناکترین ڕستەیەک کە گوێم لێبوو لەمەسەلەی کاکەییەکاندا ئەوەبوو هەم شێخی کاکەییەکان و هەمیش پارلەمانتارێکی سەر بەوان دەیانگوت خۆزگە بکوژرایە و بەقولی خۆیان سوێڵی نەتاشرایە. ئەم قسەیە گەر کەسی زوڵملێکراو خۆی بیکات زۆر ئاسایی دێتە پێش چاو، ئەسڵەن وەک فەزیلەتیش دەبیندرێت، بەڵام کاتێک کەسێکی دیکە لەجێگای تۆ دێت لەسەر شوناسێکی دینی کەم ئیعتبارتر لە ژیانەکەی خۆت بڕیارێکی لەو شێوەیەت بۆ دەدات، ئەوا من پێم وایە لە قوڵاییدا دەیەوێت شوناسێکی دینی ناموقەدەسی دیاریکراو موقەدەس بکات و بوارێک نەهێڵێتەوە بۆ ڕەخنەکردن و لێیەوە پەیامە دۆگماکەی شوناسی دینی دەگەیەنێت نەوەک ئیمانی دینی. کە مەجالی ڕەخنەشت نەهێشتەوە ئیدی خۆبەخۆ تەقدیس و سوکایەتی ئامادەی هاتنە نێو کەشە ئامادەکراوەکە دەبن. دیارە کە شوناسیش تەقدیس کرا، ئیدی چاوەڕوانیکردنی ڕژاندنی خوێن لەسەر سەرەتاییترن ڕوانگەی ئەو شوناسە دەبێتە ئاساییترین بیرکردنەوە.
چ موسوڵمانان، چ ئێزیدی و چ کاکەیی دەبێت زۆر بەوردی ئاگاداری قسەی ئەو سیاسییانە بن کە پێیان وایە پێکەوە ژیانێکی تەمام عەیار لە کوردستان و ئێراقدا هەیە، لەکاتێکدا کەمترین بوار بۆ ڕەخنەکردنی شوناسی هیچ یەکێک لەو دینانە لەگۆڕێ نییە. ئەوەی ژیانی پێکەوەیی مەیسەر کردووە ئەمڕۆ بێدەنگی و متبوونی دەستەجەمعی و بێ دەلالەتی خەڵکە بۆ کۆی ژیان، دەنا لەداهاتوودا ئەربابانی ئەدیان بە هاوکاری سیاسییە فرسەتتەڵەبەکان چۆنیان بوێت تێکی دەدەن و شتێک نامێنێتەوە بەناوی هارمۆنییەتی پێکەوەژیانی دینەکان. [1]